کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەفغانستان سەرهێشەیەکی گەورەترە لەوەی ئێران ئاشکرای دەکا

02:09 - 1 رەزبەر 2721

ئەو ڕۆژەی تاڵیبان کابولی گرتەوە، سەرکۆماری تازەی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی دڵخۆشی خۆی لە هەمبەر "شکستی سەربازی و کشانەوەی" وڵاتە یەکگرتووەکان دەربڕی. بەڵام ئەگەرچی ڕەنگبێ ئێران بەوە دڵخۆش بێ کە هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە سنووری باکووری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە دەڕۆن، دووبارە دامەزرانەوەی ئیماڕەتی ئیسلامیی ئەفغانستان ئالنگارییەکی نوێیە کە بڕیاردەرانی تاران لە باسکردنی ئاشکرای ئەو ئالنگارییە بەگومان بوون. ئەگەرچی ئێران لەو ساڵانەی دواییدا پشگیریی تاڵیبانیان کردووە، بەڵام سیناریۆکانی جێگای نیگەرانیی تاران ئەوانەن: تاڵیبان دژی ئێڕان یان کەمینەی شیعەی ئەفغانستان بوستنەوە و هەروەها مۆتەکەی جیهادیزمی سوننی بەرەو خۆرئاوا تەشەنە بکا. لە کۆتاییەکانی نەوەدەکانی زایینی، ئێران و تاڵیبان دوژمنانی سوێندخواردووی یەکتر بوون. کاتێک تاڵیبان کە زۆرینەیان پەشتونن، لە قۆناخە کۆتاییەکانی شەڕی نێوخۆیی ئەفغانستاندا، کە کێشەیەکی ئەتنیکی و هەروەها ئایینی بوو، دەسەڵاتیان گرتە دەست، نەتەنیا دژبەرانیان بەڵکوو کەمینەکانیش، وەک شیعەکانی هەزارەیان تێک‌شکاند؛ ئێران دەستی نا نێو دەستی وڵاتە یەکگرتووەکان، ڕوسیە و هیندوستان بۆ پشتیوانی لە هاوپەیمانیی باکوور دژی تاڵیبان. لە ١٩٩٨، ئێران و ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان، دوای کوژرانی چەند دیپڵۆماتی ئێرانی و هەواڵنێرێک لە مەزاری شەریف، نزیک بوو تووشی شەڕ لەگەڵ یەکتر بن. بەرپرسی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندیی نیزام دەنگی ئەرێنیی بە هەڵایساندنی شەڕ دابوو، بەڵام خامنەیی دەنگی پێچەوانەی دابوو. کاتێک وڵاتە یەکگرتووەکان لە ٢٠٠١ بە مەبەستی ڕووخاندنی دەسەڵاتی تاڵیبان و ئەلقاعیدە ئەفغانستانی داگیر کرد، ئێران بە شێوەی تاکتیکی هاوکاریی وڵاتە یەکگرتووەکانی کرد و زانیاریی بەرەی شەڕی دا بە سوپای ئەمریکا. تاران هەروەها بووە دەڵاڵ تا دەوڵەتی دوای تاڵیبان لە لایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە بەفەرمی بناسرێ. پێوەندیی ئێران لەگەڵ تاڵیبان بە تێپەڕبوونی کات گەرمتر بوو، بەتایبەتی دوای سەرهەڵدانی داعش و لایەنگرە ئەفغانستانییەکانی، دەوڵەتی ئیسلامیی خوراسان لە ٢٠١٤ و ٢٠١٥ ئێران دەستی کرد بە پشتگیری، یارمەتیی دارایی، ڕاهێنان و چەکدارکردنی تاڵیبان دژی دەوڵەتی ئیسلامیی خوراسان و هەروەها هێزەکانی وڵاتە یەکگرتووەکان و دەوڵەتی ئەفغانستان. ئەگەرچی تاڵیبان و دەوڵەتی ئیسلامیی خوراسان میلیشیای جیهادیی سوننین، بەڵام لەسەر ئامانجە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکان بەتوندی دژی یەکترن. دەوڵەتی ئیسلامیی خوراسان هەروەها سوودی لە تاڵیبە شەڕکەرە ناڕازییەکان وەرگرت و لەوانەیە ئەو کارە دووپات بکاتەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرت، تاڵیبان بنکەیان لە ئێران هەبوون، لە ناویاندا لە زاهیدان و مەشهەد و بەشێکیان خانووبەرەیان لە ئێران کڕیبوو. جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران، عەبباس عێراقچی، لە ٢٠٢٠  حاشای لە بوونی ئەنجومەنێکی تاڵیبان لە مەشهەد، وەک ئەنجومەنەکانی تاڵیبان لە شارەکانی پاکستان وەک کوێتە، پێشاوەر و میرانشا، کرد. لە ٢٠١٦، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی وڵاتە یەکگرتووەکان ڕێبەری گەورەی ئەوکاتی تاڵیبان، مەلا ئەختەر موحەممەد مەنسووری کوشت کە لە ئێرانەوە دەگەڕایەوە بۆ پاکستان. تاران کە بەتەمای دەستڕۆیشتوویی لە ئەفغانستان دوای کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان بوو، میوانداریی لە وەفدێکی نوێنەرانی تاڵیبان، پێک‌هاتوو لە بەشێک لە ئەندامانی نوێنەرایەتیی سیاسی ئەم گرووپە لە دۆحە، کە لە لایەن مەلا عەبدولغەنی بەرادەرەوە ڕێبەریی دەکرا و ئێستا یەکەم جێگری سەرۆک‌وەزیرانی ئەفغانستانە، کرد. ئێران هەروەها شوێنی وتووێژی تاڵیبان لەگەڵ دەوڵەتی ئەفغانستان بوو. وێدەچێ ڕێبەریی ئێران تاقمێکی پراگماتسیت کە پێوەندیی بە باڵی سیاسیی تاڵیبانەوە هەیە، دیتبێتەوە. تەنانەت سەرەڕای ناتەبایی ئایدیۆلۆژی ئایینیی ئەوان، ئێران بۆ ڕیبەرە نوێیەکانی ئەفغانستان دەبێتە مودێلێک بۆ گواستنەوە لە جووڵانەوەیەکی شۆڕشگێڕیی ناڕێکوپێک، یان باشترە بڵێین دواکەوتوو، بەرەو بەڕێوەبەریی دامەزراوەی دەوڵەتی. لەگەڵ ئەوەشدا، لەو مانگانەی دواییدا، تاڵیبان بوونە هۆی درکاندنی ڕوانگەی جیاواز لە لایەن نوخبەی دەسەڵاتداری ئێران. ئەندامێکی بەناوبانگی پارلمانی ئێران، ئەحمەد نادری ستایشی تاڵیبانی کرد، چونکە گوایە ئەوان دەست لە وەهابیزم، ئایدیۆلۆژییەک کە زۆرتر لە عەڕەبستانی سعودی باوە، هەڵدەگرن. دامەزراوەی مێدیایی ئێرانیی سەر بە ڕێبەریی توندئاژۆ یان سوپای پاسداران، وەک کەیهان و جەوان، بە هەمان شێوە ل بەر ئەگەری گۆڕانیان، پەسەنی تاڵێبانیان داوە. بەشێکی دیکە گەلێک ڕەخنەیان بەرانبەر تاڵیبان هەیە. ئایەتوڵڵای گەورە سافی گوڵپایەگانی، مەلایەکی پلەبەرزی شیعە، بەرانبەر بە "متمانەکردن بە میلیشیایەک کە پێشینەی بەدخوازی و کوشتنی هەیە" هۆشداریی دا. کەیهان (کە سەرنووسەرەکەی پێوەندییەکی نزیکی دەگەڵ خامنەیی هەیە) بە بادانەوە لە هەڵوێستی پێشووی، هۆشداریی دا کە تاڵیبان بەتەمای دەسەڵاتی بێ ئەملاوئەولا و سەرکوتی توندوتیژانەی کەمینە ئەتنیکییەکانی ئەفغانستانن. سەرکۆماری پێشوو، مەحموود ئەحمەدی‌نژاد ئیددیعای کرد کە تاڵیبان دەیانهەوێ خوراسانی گەورە، واتە ناوچەی مێژوویی کە بەشێک لە ئەفغانستان و ناوەندی ئاسیا و هەروەها باکووری خۆرهەڵاتی ئێران دەگرێتەوە، کۆنتڕۆڵ بکەن. لە بەرەبەری کەوتنی کابولدا، لێدوانەکانی کاربەدەستانی تاران لەنێوان هەڕەشە و دڵنیاکردنەوەدا لە هاتوچۆدا بوون. لە ٨ی جولای، تاڵیبان ئیسلام‌قەڵای (دەروازەیەکی سەر سنوور لە خۆرئاوای ئەفغانستان کە ئێران بە هەرات، شارێک کە لەژێر کاریگەریی قورسی ئێرانە دەبەستێتەوە) گرتەوە. چەند ڕۆژ دواتر، لە دوغارون لە دیوی ئێران، سەرۆکی سوپای ئێران عەبدولڕەحیم موسەوی دەرکەوت تا ئێرانییەکان دڵنیا بکاتەوە و ڕەنگبێ تاڵیبانیش وریا بکاتەوە کە سنوور پارێزراوە. لە ١ی ئاگوست، باڵوێزخانەی ئێران لە کابول داوای لە سەرجەم ئێرانییان کرد کە ئەفغانستان بەجێ بێڵن. لەگەڵ دروست‌بوونی دەوڵەتی تاڵیبان، کەمترین ویستی ئێران پێوەندیی گەرموگوڕە. وەک لە عێراق، ئێران دەیهەوێ دەوڵەتی ناوەندی هێندە بەهێز بێ کە بتوانێ بە سەر جیهادیستەکاندا زاڵ بێ، بەڵام ئەوەند لاواز بێ تا بکرێ کایەی سیاسیی پێ بکا و نەبێتە هەڕەشەیەکی سەربازی. ڕێبەرانی ئێران دەزانن کە سەرەڕای دڵنیاکردنەوەکان، میلیشیا بناژۆخوازە سوننییەکان هێشتا دەتوانن دژی ئێرانی شیعە هەڵوێستیان بگۆڕن. بۆ پێشگرتن بە شەڕیکی نێوخۆیی دیکە لە سەر سنوور (کە وێدەچێ ناتوانن هیوایان بە کۆنتڕۆڵ‌کردنی تاڵیبان بێ)، ئێران درێژە بە جەخت‌کردنەوە لەسەر پێکهێنانی دەوڵەتێکی گشتگیری ئەفغانستانی دەدا. ڕەنگبی بۆ ئەوە درنگ بووبێ، دەوڵەتی تازە پێکهاتوو لە کابول هیچ ئەندامێکی لە کەمینە ئەتنیکەکان تێدا نییە، تەنیا پەشتونن، لە ناویاندا توندڕەوەکانیان. تا ئێستا، تاڵیبان تا ڕادەیەکی زۆر خۆیان لە ئازار و ئەزیەتی خەڵکی هەزارە بواردووە و بەپێچەوانەی دەسەڵاتی تاڵیبان پێش ٢٠٠١ ، تەنانەت ئیزنیان پێدان ڕێوڕەسمی عاشوورا بەڕیوە بەرن. بەڵام کاتێک تاڵیبان بازارەک، پێتەختی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن، لە دۆڵی پەنجشیری گرتەوە کە زۆربەی دانیشتووانی تاجیکن، تاران هەواڵی گرتنەوەی بازارەک لە لایەن تاڵیبانەوە بە هێزی سەربازی لەجیاتی وتووێژی سانسۆر کرد و بە دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی یارمەتیی پاکستان لە شەڕی پەنجشیر، هۆشداریی دا بە هێزە دەرەکییەکان کە خۆ لە تێوەگلان لە هەڵمەتی سەربازیی تاڵیبان ببوێرن. لە خراپترین دۆخدا، سەرلەنوێ دەست‌پێکردنەوەی شەڕی نێوخۆیی دەتوانێ دیسان سنوورەکانی خۆرهەڵاتی ئێران لە مەترسی هاوێ. شەڕ دەتوانێ بە هەمان شێوە پەنابەر و چەک و ماددەی سڕکەر بۆ ئەوبەری سنوور بنێرێ، باسی ئەو جیهادییانەش ناکەم کە سەر بە چەند تاقمی دووبارە زیندووبۆوەی میلیشیای توندئاژۆی سوننین کە هەرە یەکەو بەرنامەیەکی جیاوازی هەیە. تەنانەت ئەگەر ئاگری شەڕی نێوخۆیی لەسەر سنووریش نەبێ، هێشتا ڕوون نییە ئاخۆ تاڵیبان دەیهەوێ یان دەتوانێ چالاکییەکانی ئەو تاقمە جیهادییانە لەسەر سنوور کۆنتڕۆڵ بکا. هەڵمەتە خۆکوژییەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی کابول لە ٢٦ ئاگوست، لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامیی خۆراسان، بێگومان، ئاماجەکەی ئێران نەبوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، لەمەڕ ئەوەی کە لەوانەیە لەبەر چاوی تاڵیبان چ شتێک بقەومێ، زەنگی مەترسیی لە تاران لێداوە.  جگە لەوە، دەوڵەتی ئیسلامیی خۆراسان، کە ئەندامە سەرەکییەکانی لە لایەن هێزە سەربازییەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانەوە بە ٢٠٠٠ شەڕکەر مەزەندە کراون، دەتوانن خۆیان دەگەڵ تاڵیبان تێکەڵ بکەن و ناسینەوەیان تەنانەت بۆ تاڵیبانیش دژوارە. تائێستا وێدەچێ گرەوی هاوکاریی بەپارێزەوە لەگەڵ تاڵیبان وەڵامدەر بووە. لەسەر داوای تاڵیبان، ئێران هەناردەکردنی نەوت و گازۆڵی بۆ ئەفغانستان دەست پێ کردۆتەوە. ئاڵووێری ئێران دەگەڵ ئەفغانستان، کە ئێستا پێنجەمین بازاڕی کەلوپەلی هەناردە بێجگە لە نەوتە، بەگوێرەی ڕاپۆرت لە هەر سێ دەروازەی سنووری گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی. لەوەش زیاتر، تاڵیبان ئێرانی بۆ ڕێوڕەسمی سوێندخواردنی دەوڵەتی نوێ، لەگەڵ پاکستان، چین، ڕوسیە، تورکیە و قەتەر، بانگهێشت کردووە، ئەگەرچی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران بەشداریی ئەو وڵاتەی بە کردەوەکانی تاڵیبانەوە گرێ داوە. بەپێچەوانە، ئێران بە هۆی لەشکری فاتمیونەوە، یەکێک لە چەند یەکەی شەڕکەر کە هێزی قودسی سوپای پاسداران بۆ دەستێوەردان لە شەڕی نێوخۆیی سووریە دروستی کردوون، کارتی هەڕەشەی لە بەرانبەر ئەفغانستان بەدەستەوەیە. ئەو لەشکرە لە هەزاران شەڕکەری شیعە پێک‌هاتووە و ئەندامەکانی زۆربەیان پەنابەری ئەفغانی لە ئێرانن کە بە بەڵێنی بوون بە  شارۆمەندی ئێران و سوودی ئابووری، ئەگەرچی زۆرجار بە تۆبزی، لە نێویاندا بە هەڕەشەی دیپۆرت، بوونە ئەندام. لە ٢٨ی جولای، بەرپرسیکی فاتمیون ئەو ڕاپۆرتەی ڕەت کردەوە کە دەیگوت ئەوان دژی تاڵیبان لە ئەفغانستان جێگیر دەبن و لە جیاتان ئەمریکا و ئیسڕائیلی بەوە تاوانبار کرد کە هەوڵ دەدەن لە نێوانیاندا ناکۆکی ساز بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا، بە لەبەر چاو گرتنی ڕچەڵەکی لەشکری فاتمیون و ئەگەری ئەوە کە ئەندامەکانی ئێستا دەتوانن لە جیات شەڕ لە شوێنێکی دوور وەک سووریە، بۆ پرسی ڕاستەقینە و لە وڵاتی خۆیان شەڕ بکەن، ئەگەر پێویست بێ ئێران بەهاسانی دەتوانێ لە ئەفغانستان کەڵکیان لێ وەرگرێ. بێجگە لەوە، لە کاتێکدا کە فەرماندەی هێزی قودس، ئیسماعیل قائانی پەلەقاژەیەتی تا وەک فەرماندەی پێش خۆی قاسم سولەیمانی، میلیشیا شیعەکانی عێراق بێنێتەوە ژێر ڕکێفی خۆی، ئەو ئەزموونی قووڵی لە بارەی ئەفغانستان و ئاسیای ناوەندی هەیە و ئامادەی هەڵسوکەوت لەگەڵ ناسەقامگیریی خۆرهەڵاتی ئێرانە. بەڵام، جارێ ئەوە سێناریۆیەکە کە ئێران دەخوازی بەهەر نرخێک بێ خۆی لی ببوێرێ. لە کۆبوونەوەیکی پشت دەرگای داخراو، بۆ زنیاریدان بە ئەندامانی پارلمان، قائانی  ڕایگەیاند کە ئێران هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە کایەوە تا خۆ لە شەڕ دەگەڵ "سوننییەکانی" ئەفغانستان -تۆ بڵێ تاڵیبان- ببوێرێ، کە بە گوتەی ناوبراو لە پێش هەمووانەوە، وڵاتە یەکگرتووەکان هەوڵ دەدا بواری بۆ خۆش بکا. بێجگە لەوە، ئەفغانستان گیروگرفتێکی فرە لایەنەیە کە پێویستی بە وەڵامی فرە لایەنەیە. ئەوە ڕەوایی ئێران بۆ بوون بە ئەندامی ڕێکخراوی هاریکاریی شانگهای بەهێز دەکا. بێجگە لە تورکمەنستانی بێلایەن، ئێران تاقە جیرانی ئەفغانستانە کە هێشتا نەبۆتە ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیە و تەنیا ئەندامی چاودێرە. ئەندامانی ئەو ڕێکخراوەیە، لە ناویاندا تاجیکستان و بەتایبەتی چین، بەربەستیان خستۆتە سەر ڕێگای ئێران بۆ بوون بە ئەندام. یەکێک لە هۆیەکان ئەوەیە، کە ڕەنگبێ گرینگترینیان بێ، ئەو تاقمە نایهەوێ وەک گرووپێکی بەئاشکرا دژی خۆرئاوا دەرکەوێ. (بە بوونی ڕوسیە و چین وەک ئەندامانی دامەزرێنەری ڕێکخراوی هاریکاریی شانگهای، ئەو ئاکامگیرییە هاسانە.) بەڵام ئێستا، لە سەردەمی دوای کشانەوە لە ئەفغانستان جارێکی دیکە ئەرکی ڕێکخراوی هاریکاریی شانگهایە کە بەربەرەکانی دەگەڵ تێرۆریزم، توندئاژۆیی و جیاییخوازیی و هەروەها پشتگیریی لە سەقامگیریی ناوچە بکا، کە دەردەکەوێ بە بێ بەشداریی ئێران کارێکی دژوار بێ. سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە تەنیا چوار ڕۆژ پێش کەوتنی کابول، دەبیری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، عەلی شەمخانی، باوەڕبەخۆیانە لە تویتێکدا نووسی کە "بەربەستە سیاسییەکانی بە ئەندامبوونی ئێران لە ڕێکخراوی هاریکاریی شانگهای لەنێو چوون و ئەندامەتیی تاران بەو زووانە جێبەجێ دەبێ." دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ئەفغانستانی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان دەبێتە خاڵی ئاڵوگۆڕی سیاسەتی ناوچە وەک دەستیوەردانی وڵاتە یەکگرتووەکان لە ٢٠٠١، هەرەسهێنانی یەکیەتیی سۆڤیەت لە ١٩٩١ و سەرهەڵدانی عەڕەبی لە ٢٠١١. ئەو ڕووداوانەی پێشووش، ئێرانیان ناچار کرد خێرا لەگەڵ هەڕەشە و دەرفەتەکان هەڵسوکەوت بکا. ئێران ئەو دووربینییەی هەبووە کە لەکاتی چاوەڕوانیدا بۆ کشانەوەی وڵاتە یەکگرتووەکان پێوەندییەکانی لەگەڵ  تاڵیبان گەشە پێ بدا. لەگەڵ ئەوەشدا، مەزنترین حکوومەتی ئایینیی دنیا ئێستا وێدەچێ خۆی بەڕەوڕووی حکوومەتێکی دیکەی ئایینی لە خۆرهەڵات ببینێتەوە کە نیوەی ڕووبەری ئێران و یەک ٣٤/١ی داهاتی سەرانەی ساڵانەی هەیە و لە ڕوانگەی سەربازییەوە وەک ئەو ناچی بەڵام سەلماندوویەتی کە پۆتانسیەلی ناسەقامگیر کردنی هەیە. وڵاتە یەکگرووەکان لەوانەیە ئەفغانستانی دۆڕاندبێ، بەڵام گەلۆ ئەوە بە قازانجی ئێرانە؟ ئەوە هێشتا زۆر ناڕوونە.