کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کونەمشک... توماج... کوردستان....!

02:12 - 1 رەزبەر 2721

ڕوانێنیکی سەرپێی لە ئاماری ناوەندەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ پێمان دەڵێن کە هیچ لایەن و نەتەوەیەک بە قەرا کوردەکان بەدەستی نیزامی کۆماری ئیسلامی نەچەوساونەتەوە، بەڵام ئەوەی لێرە باسی دەکەین کەمێک تایبەتترە. ئەوەی دەپڕژێینە سەری باس لە ڕەهەندێکی تری هەڵسوکەوتی دەزگای ئەمنیەتیی ڕێژیمی ئێران لە کوردستانە کە بێ ترس لە وەڵامدانەوە و بەرپرسایەتی، ئەشکەنجە و مەرگ بەسەر جیابیراندا دەسەپێنێ. لە کوشتاری کۆڵبەران ڕا بگرە هەتا دەگاتە ڕەشبگیری چالاکانی مەدەنی و، ئەوەی جێی داخ و مەخابنە دەستەوەستانیی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە کە ڕێگەی بۆ بەردەوامیی جیناتەکانی ڕێژیم خۆش کردووە؛ بە جۆرێک کە هەواڵەکانی گرتن، کوشتن، ئێعدام و گیان‌سپاردن لەژێر ئەشکەنجە لە ئێرانی ئیسلامیدا بەهۆی ڕوودانی ڕۆژانەی بەردەوامیان بوونەتە شتێکی ئاسایی! لە دەرەوەی کوردستان باسەکە جیاوازترە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا "توماج ساڵحی"، هونەرمەندی لاوی ڕەپێر کە لەم دواییانەدا چەند بەرهەمێکی ڕەخنەگرانەی لەبارەی بارودۆخی شپرزە و هەوسارترازاوی کۆمەڵگە بڵاو کردووەتەوە، لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر و شوێن‌بزر کرا. جارێ هەر لەجێدا نێوەرۆکی مۆسیقیی ڕەپ دەربڕینی ناڕەزایەتی و سیلەگرتن لە بارودۆخی نائاسایی و بەڵالێدراوی کۆمەڵگە لە پرسە جیاوازەکانە. ناڕەزایەتی‌دەربڕین بەو دۆخ و پرسە هەستیارانەی کە هونەرمەند وەک چاوی کراوەی کۆمەڵگە و بە هەستەوەریی زیاترەوە لە دەوروبەری خۆی دەیبینێ و بەگژیدا دەچێتەوە. پێشتریش هونەرمەندگەلێکی وەک "یاس" و "هیچ کەس" و چەند ڕەپێرێکی دیکە بەو تایبەتمەندییە کارە هونەرییەکانیان بڵاو کردووەتەوە و جیێ گرتووە. لە ئێران کە هەرچەشنە ڕەخنە و ناڕەزایەتییەک بەرەوڕووی سەرکوت دەبێتەوە، لە نەبوونی ئازادی لە بواری هونەریشدا، مۆسیقای ڕەخنەگر بە دەروون‌مایەی ناڕەزایەتی ناسناوی "مۆسیقیی ژێرزەوینی"ی دراوەتێ؛ وەزارەتی فەرهەنگ و ئیڕشاد و ناوەند و شوێنە حکوومییەکانی چاودێر بەسەر مۆسیقیش هەروەک زۆر لە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی دیکە هیچ ئەرکێکی دیکەیان جیا لە قۆرخ‌کردنی بواری تایبەت و سانسۆڕ و سنووردارکردنی بەرهەمە هونەرییەکان نییە. هەرئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کە بە داننانی خودی وەزارەتی ئیڕشاد لە دەیەی نەوەدا پتر لە سێزدە هەزار بەرهەمی هونەریی ژێرزەوینی (قەدەخەکراو) تۆمار کراوە کە بە دەربڕینێکی دیکە واتە سووتان و هەڵپڕووزانی ئەو هەل و دەرفەتانەی نەوێ نوێی هونەرمەند لەو وڵاتەیان لە جەغزی ژیانی ئاسایی و سروشتی وەدەرناوە. هەڵبەت سروشتییە کە دەسبەسەرکردنی ئەو هونەرمەندە لاوە جێی داخەوە و کۆمەڵگەی کوردی لە ناخ و هەناوی خۆیدا دژی ئەو بەربەست و کۆت و بەندانەیە بۆ هونەرمەند دروست بکرێ، بەڵام خاڵی سەرنجڕاکێش لەو پێوەندییەدا بەلاڕێدابردنی سەرنجەکان لە بابەتێکی هەستیارەوە بۆ شوێنێکی دیکەیە کە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی بەتەواوی لێی شارەزا و وەستان. هەروەک گوتمان مەبەستی ئەو نووسینە بەراوردکردن و بەیەک‌گرتنی ئەو بابەتە لەگەڵ ئەو باسانە نییە کە ڕۆژانە لە کوردستان ڕوو دەدەن، بەڵام ڕێک لەوکاتەدا کەمپینێکی گەورە بۆ پشتیوانی لە توماج وەڕێ کەوتووە، حیزبە ئازادیخوازەکانی کورد و بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستان لەژێر شاڵاوی سەرکوت و شەپۆلێکی نوێی هەڕەش و هێرشی مووشەکی و تۆپخانەیی ڕێژیم‌دان، کەچی سەت حەیف و جەغار بۆ بەدەنگەوەهاتن و پشتیوانییەک، چ لە ئاستی ئێرانی و چ لە ئاستی جیهانیدا. ئەوەی کە بۆ پشتیوانی لەو هونەرمەندە لاوە دەکرێ لەجێی خۆی‌دایە، بەڵام پرسیار ئەوە کە هەر ئەو ڕووناکبیر و ئازادیخوازە ئێرانییانەی لە ئاکسیۆنەکانی بەردەم باڵوێزخانەکانی کۆماری ئیسلامی و دادگا و کۆڕ و کۆبوونەوەکانی دەرەوەی وڵات سینگ دێننەپێش، ئایا نازانن و نابیستن کە لە کوردستان چ ڕادەبرێ؟ ڕێگری و بەربەستەکانی کۆماری ئیسلامی نا، جینایەتەکانی ئەم ڕێژیمە لە کوردستان کە ڕۆژ نییە هەواڵێکی لێ بڵاو نەبێتەوە هەستی ئەوان ناڕووشێنن؟ میللەتێک کە لە دوو ڕێژیمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا لەسەر ماف‌ویستی و شوناس‌خوازییان وەک‌یەک لێیان دەدرێ و سەرکوت دەکرێن، نابینن؟ ئایا ئەوان شایەنی پشتگیری و بەهاناوەچوون نین؟ بێگومان کۆمەڵگەی کوردستان بۆ دەسبەسەرکرانی ئەو لاوە نارازییە خەمبار و بەپەرۆشە، چونکی ڕۆژ نییە دەیان کەس لە نیشتمانی کوردان بەوهۆیەوە_دەربڕینی ناڕەزایەتی- نەگیرێن و نەخرێنە سیاچاڵەوە. بەڵام ئەو پرسیارەش بە مافی خۆی دەزانێ کە بێدەنگی و خەمساردیی کۆمەڵگەی ئێران و جیهانییش لە هەمبەر جینایەتەکانی ڕێژیمی ئێران لە کوردستان لەپای چی؟ کاتی ئەوە هاتووە دەنگ و هاواری کوردەکان ببیسترێ، خەڵکی ئێران دەبێ بزانن کە ئەو خوێنەی لە کورد دەڕوا و ئەو نەهامەتییانەی بەسەر خەڵکی کوردستان دێ زیان و خەسارەکەی بۆ هەموو وڵاتە. کاتی ئەوە هاتووە کە یەکیەتی و هاودەنگییەک بۆ بەگژداچوونەوەی ئەو ڕێژیمە دروست بێ، بۆ ئەوەش پێویستە لا لە کوردستان، بێشکەی ئازادی و سەنگەری خۆڕاگریی چەند دەیەی ڕابردوو لە ئێران بکرێتەوە. کات درەنگە.