کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆریزم بیست ساڵ دوای یازدەی سێپتامبر

02:22 - 1 رەزبەر 2721

بیست ساڵ لەمەوبەر و لە سەرەتای سەدەی بیست و یەکەمدا، خەڵکی جیهان هەوڵیان دەدا ڕووداوەکانی سەدەی پێشوویان لەبیر بکەن، سەدەیەک کە زۆرترین شەڕە گەوەرەکانی تێدا کرا. ئەو شەڕانەی کە دەیان میلیۆن کەسی تێدا کوژرا، زیاتر لەوەش بریندار و نوقوستانی لێکەوتەوە و وێرانییەکی گەورەی بەسەر جیهاندا هێنا. وێرانییەکانی شەڕی یەکەم و دووهەمی جیهانی و بۆمبارانی ئەتومیی ژاپۆن، شەڕی دەیان ساڵەی فەڕانسە و دواتر ئەمریکا لە ڤییەتنام، لائۆس و کامبۆج، شێوە دووڕگەی کۆرە، دوا شەڕەکانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل، ئێران و عێراق، وڵاتانی باڵکان، هێشتا دێکۆمێنتی نوێیان لێ ساز دەکرا و بڵاو دەکرایەوە هەتا سیاسەتوانانی جیهان لە مەترسییەکانی دووبارەبوونەوەی ئەو شێوە شەڕانە وشیار بکەنەوە. شەڕێک کە بە پشتبەستن بە بەرەوپێشچوونی تێکنۆلۆژی و بەکارهێنانی لە برەوپێدان بە دروستکردنی چەکی ماڵوێرانکەرتر، دەیتوانی گەورەترین مەترسی بۆ کۆمەڵگەی جیهانی دروست بکا. سەردەمێک کە زۆر کەس چاوەڕوانییان دەکرد سەدەی نوێ دەورانێکی بێ کێشەتر بێ لە پێشوو، بەرەو ئاسایش و خۆشبژیویی زیاتری کۆمەڵگەی بەشەری هەنگاوەکان توندتر بن، شەڕ و نائارامی کەمتر ببنەوە و کێشە نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی دیپلۆماسی و بە ڕەچاوکردنی مافی مرۆڤ و مافی گەلانی ژێردەستە چارەسەریان بۆ ببیندرێتەوە. ئەودەم ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە ناوەندی ئەو کێشانە بوو، بە هومێدێکی زۆرترەوە دەیڕوانییە ئەو داهاتووە خۆش بەڵام نادیارە! بەڵام بەدوور لەو شەڕانە، لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیستەمدا و دوای زیاتر لە بیست ساڵ دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی هێشتا تێرۆریزم بە شێوازێکی نوێ یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان بوو کە وڵاتانی ڕۆژاوا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردبوو. هێرش بۆ سەر باڵویزخانەی ئەمریکا لە بەیرووت، تەقاندنەوەی ناوەندی جوولەکەکان لە ئارژانتین، هێرش بۆسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تانزانیا و کینیا، ئاژاوەنانەوەی ئێران لە سعوودیە و کوەیت کە هەر کامەیان دەیان و سەتان قوربانی لێ کەوتەوە و دروستکردنی چەندین گرووپی تێرۆریستی لە وڵاتانی ئاسیا و ئەفریقا کە ڕاستەوخۆ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە ڕێک دەخران و یارمەتی دەدران، تەنیا بەشێکی بچووکی بەرنامەی ئەم ڕێژیمە بۆ بەناو بردنەدەرێی شۆڕش و دەستدریژییەکانی بوو لە وڵاتانی جیاجیادا، ئەویش لەژێر دروشمی مەرگ بۆ ئەمریکا. جگە لەوانەش کارنامەی ڕەشی کۆماری ئیسلامی لە تێرۆری سەتان کەس لە نەیارانی لە وڵاتانی جۆراوجۆری دنیا بە تایبەت لە ئورووپا، کە لە نێویاندا ژمارەیەک لە ڕێبەرانی ئوپۆزیسیۆن دەبیندرێ کە دوو ڕێبەری گەورەی حیزبی دێموکراتیش دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی سەرقافڵەی ئەو کاروانەن، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە دەزگای تێرۆری کۆماری ئیسلامی دەزگایەکی ڕەسمی دیانپێدانراو بوو کە لە پێناو بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمەدا بێ وەستان دەچووە پێش. لە کۆتایی ئەم سەدەدا بوو کە لە ڕۆژهەڵاتی ئێران ڕێژیمێکی لە باری زەینییەوە هاوشێوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ئەفغانستان هاتە سەر کار. تالیبان کتوپڕ سەری هەڵدا و لە ماوەی دوو ساڵ شەڕدا، توانی بە ڕووخانی دەوڵەتی ئیسلامیی ئەفغانستان، ئەماراتی ئیسلامی لە شێوازی سوننەکەیدا دامەزرێنێ. حکوومەتێک کە دوای بیست ساڵ شەڕی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دیسان لە گەمەیەکی سیاسیدا لە بەرەبەری ١١ سێپتامبردا بە دەسەڵات گەیشتەوە و هەر لە ڕۆژانی یەکەمدا هەموو بەرووبوومی ئازادی و دێموکراسی کە بەرهەمی دوو دەیە کار و چالاکی ئازادیخوازان و دێموکراتەکانی ئەفغانی بوو سڕییەوە. جیاوازیی ئەم دوو دەسەڵاتە لە ئێران و ئەفغانستان لە ئایینەکەیاندا بوو. یەک شیعە، یەک سوننە. بەڵام سەرکوت، تیرۆر، بەرتەسک‌کردنەوەی ماف و ئازادییەکان لەنێوبردنی موخالیفان و جیابیران بە ناوی ئیسلامەوە، ئەزموونەکانی کۆماری ئیسلامی بوون کە لەوێش بەڕێوە دەچوون. جیاوازییەکی دیکەی ئەم دوو دەسەڵاتە لە شیوازی پەیڕەوکردنی سیاسەتی تێرۆریزمدا بوو. ئەگەر لە ئەفغانستان کە وەک وڵاتێکی فەقیر بێبەش بوو لە تواناییەکانی ئێران، گرووپگەلی دیکە وەک ئەلقاعیدە بەدوور لە دەسەڵاتی دەوڵەت ئەم ئەرکەیان بەڕێوە دەبرد. لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا تێرۆر ببووە بەشێک لە سیاسەتی ڕەسمیی حکوومەت و دامودەزگای تایبەتی بۆ دامەزرابوو، بوودجەی بۆ تەرخان دەکرا و نەخشەڕێگەی بۆ دیاری کرابوو. لەم نێوەدا و سەرەتای سەدەی بیست و یەک ڕووداوێک گەورەترین کاریگەریی لەسەر بیر و زەینی مرۆڤایەتی دانا. ڕووداوێک کە سیاسەتی نێودەوڵەتیی وڵاتە گەورەکانی بەرەو شەڕێکی بەردەوامی ترسهێنەر پاڵ پێوەنا. شەڕێک کە نە  ئاسەوارەکانی بە حاسانی لەنێو دەچن و نە کۆتاییەکەی بە نزیک دەبیندرێ. ١١ی سێپتامبری ٢٠٠١ بەبەرچاوی دنیاوە دوو فڕۆکەی نەفەرهەڵگر لەو چوار فڕۆکەی هاوکات و بەپێی بەرنامە ڕفێندراوبوون، لە نیۆیۆرکی ئەمریکا خۆیان کێشا بە دوو بورجی ناوەندی بازرگانیی ئەو شارەدا. چەند هەزار کەس بوونە قوربانی هەتا ئاگری شەڕێکی نوێ لە سەدەی نوێدا هەڵایسێ. ڕێکخراوی ئەلقاعیدە کە خۆیان لە پاڵ حکوومەتی تالیباندا حەواندبۆوە بەرپرسایەتیی ئەم کردەوە دژە مرۆڤانەی وەئەستوو گرت. ئەمەش هۆکارێک بوو هەتا بەناوی شەڕی دژی تێرۆر، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هێرش بکەنە سەر وڵاتی ئەفغانستان. لەوەی کە ئەم کارە دژە مرۆڤانەیە کە بە ناوی دژایەتی لەگەڵ ئەمریکا و ئێستێکبار کرا کارێکی تێرۆریستی بوو و ڕێکخراوی ئەلقاعێدەش لە پەرەپێدانی کردەوەی تێرۆریستیدا دەستی باڵای هەبوو گومانێک نییە. هەرچەند ئەمە یەکەم کردەوەی تێرۆریستیی ڕاستەوخۆ دژی ئەمریکاییەکان نەبوو، پێشتریش ساڵی ١٩٨٢ باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەیرووتی پێتەختی لوبنان کرایە ئامانجی تەقینەوە کە زیاتر لە دووسەت قوربانیی لێک ەوتەوە و گرووپەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی پێ تۆمەتبارکران و باڵوێزخانەکانی ئەمریکاش لە نایرۆبی پێتەختی کینیا و داروسەلامی پێتەختی تانزانیا لە ساڵی ١٩٩٨ کەوتنە بەر هێرش کە دەیان کوژرا و سەتان برینداری لێکەوتەوە و گرووپی ئەلقاعێدە بەرپرسایەتییەکەی وەئەستۆ گرت. ئەوەی جێی سەرنجە خوێندنەوەی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی بە تایبەت ئورووپاییەکان لە سەر تێرۆریزم و شێوەی بەرپەرچدانەوەی کردەوە تێرۆریستییەکانە. بابەتێک کە زیاتر گومان دەخاتە سەر ئەوان کە خەبات لە دژی تێرۆریزم تەنیا پەرچەکردارێکە بۆ تۆڵەئەستاندنەوە لەو گرووپانەی کە ڕاستەوخۆ لە وڵاتەکەی خۆیاندا یا دژی بەرژەوەندییەکانی ئەوان لە وڵاتانی دیکە کردەوەی تێرۆریستی ئەنجام دەدەن و زیان بە ئێعتباری دەوڵەتەکەیان لە نێو خەڵکی خۆیاندا دەگەیەنێ، نەک داڕشتنی سیاسەت و پلانێکی گشتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تێرۆریزم و هەوڵدان بۆ بنبڕکردنی لە ڕێگەی وشککردنی سەرچاوەکانی سەرهەڵدانی ئەم گرووپە تێرۆریستییانە. لە دەیەکانی کۆتایی سەدەی بیستەم ڕەوتێکی پێچەوانەی شۆڕشەکانی پێشووتر کە بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و سەربەخۆیی لە زۆربەی وڵاتانی ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای خواروو بە ئەنجام گەیشت، بەتایبەت دوای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی لە ئێران و بەدەسەڵات‌ گەیشتنی تالیبان لە ئەفغانستان و پەرەگرتنی ڕەوتی ئیسلامگەرایی توندئاژوو لە وڵاتانی دیکەی ئیسلامی، نەهێشتنی ئازادی و سەرکوتی بزووتنەوە دێموکراتیکەکان بوو بە ئامانجی شۆڕشەکانیان و ئێستێعماری نوێی شەرق و غەرب کە تەنیا بیریان لە بەرژەوەندییە ستراتێژییەکانی خۆیان بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەیان لە بەرامبەر یەکتردا دەکردەوە بە هۆی هەوڵدان بۆ سازان لەگەڵیان، بوونە گەورەترین پاڵپشتیان. کۆماری ئیسلامی ئێران کە داهێنەری بیرۆکەی بەڕێکخراوکردنی تێرۆریزمی جیهانی تا ئاستی بە دەوڵەتیکردنی تێرۆریزم وەک سیاسەتێک لە دژی ڕۆژئاوا لە ژێر فەرمانی ئیمامدا بوو، لە یەکەم هەنگاودا و دوای بە بارمتەگرتنی ئەندامانی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران کەوتە بەر ڕەحمەتی سیاسەتی خۆگونجاندنی ئەمریکا لەگەڵ ئەم ڕێژیمە تێرۆریستییە و بە پێی ڕێککەوتنی ئێران کۆنترا بە میلیارد دۆلار پووڵ و چەک خرایە خزمەت سیاسەتی توندئاژۆیانە و دژەمرۆڤانەی تازە بەدەسەڵات گەیشتووەکانی تاران. ڕێژیمێک کە هەرگیز حورمەتی دەوڵەتانی ئورووپایی نەپاراست و بە سەتان کەس لە جیابیران و دژبەرانی خۆی لەو وڵاتانە تێرۆرکرد. بەناوی شەڕ لەگەڵ ئێستێکبار، ئەمریکا و وڵاتانی ئورووپای کردە مەکۆی خۆحەشاردانی تاقمە تێرۆریستییەکانی و باڵوێزخانەکانی ئێران بوونە ناوەندی پشتیوانی لەو تاقمە تێرۆریستییانە. بەڵام بەپێچەوانە هەڵسوکەوتی ئەو دەوڵەتە بەرژەوەندیخوازانە تەنیا گلەیی و هێندێکجار مەحکووم کردنێکی سەرزارەکی ڕێژیم لەلایەن دیپلۆماتکارەکانیانەوە بوو. جگە لە بڕیاری جێی شانازی دەزگای دادوەریی ئاڵمان لە مەسەلەی تێرۆری دوکتور سادق شەرەفکەندی سکرتێری حیزبی دێموکرات کە بە دادگای میکۆنووس ناوبانگی دەرکرد، هەموو ڕووداوە تێرۆریستییەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی بە ساتوسەودای بازرگانی و قەول و بەڵێنە بە درۆکانی ڕێبەرانی ڕێژیم پەردەپۆش کران. ئەگەر تێرۆریزم وەک دیاردەیەکی جیهانی چاو لێ بکرێ بێگومان دەبێ بیر لە مەترسییە بەردەوامەکانی لەسەر کۆمەڵگەی جیهانی بکرێتەوە. ڕاستە کەڵکوەرگرتن لە بیر و هەستی ئایینی کۆمەڵێک خەڵکی باوەڕدار کە شارەزاییان لە سەرچاوەکانی ئایین نییە و هەژاری و کێشە کۆمەڵایەتی و عەشایرییەکانان ئەوان دەکەنە کەرەسەیەک بۆ ڕێبەرە تێرۆریستییەکان لە ئەنجامدانی کاری تێرۆریستی، بەڵام ئەوەی یارمەتیدەرە بۆ پەرەگرتنی تێرۆریزم دەسەڵاتە ناشەرعییەکانن کە ئێمکاناتی سیاسی، ماڵی و تکنیکی ئەو گرووپانە دابین دەکەن. بۆیە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان و خەڵکی ئازادیخوازی کۆمەڵگە جیاوازەکان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ تێرۆر دەبێ بیر لە وشککردنی سەرچاوەکانی تێرۆر بکەنەوە. یارمەتیدان بە خەڵکی ئازادیخوازی ئەو وڵاتانە و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیانە کە تێرۆر وەک سیاسەت بەکار دێنن یەکێک لە ڕێگاکانی هەوڵدان بۆ بنبڕکردنی تێرۆریزمە.