کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە ململانێی نێوان خەڵک و حوکمەتدا

02:23 - 1 رەزبەر 2721

کاتێک سەرۆک‌کۆماری نوێی ڕێژیم هەر لە سەرەتاوە شانازیی بە جینایەتەکانی خۆی لە کۆمەڵکوژکردنی زیندانییانی سیاسیی هاوینی ٦٧ کرد، ڕوون بوو کە کڕومات‌کردنی کۆمەڵگە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی ئەودا پتر لە جارانیش دەبێ. دەرکەوتنی ئەمە کاتێکی زۆری پێویست نەبوو. هەر لەگەڵ گرتنەدەستی هەوساری دەوڵەت و پاوان‌کرانی ڕەهای دەسەڵات لەلایەن دەوڵەت و دەزگای قەزایی و مافیای سپای پاسداران و ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە، گوشارەکان لە نێوخۆ بۆ سەر ڕێکخراوە مەدەنییەکان و لە دەرەوەی وڵاتیش بۆ سەر ئۆپۆزیسیۆنی مەیدانیی ڕێژیم، بەتایبەت حیزبەکانی کوردستان پەرەیان سەند. چوونەسەرێی ئاماری دەسبەسەرکرانی چالاکانی مەدەنیی کورد لە وەرزی هاوین، گیان‌لەدەست‌دانی نیزیک بە دە کەس لە گرتنگەکانی ئیتلاعات لەژێر ئەشکەنجە هەر لەو ماوەیەدا، هەڵکشانی ئاماری ئێعدام و گوڕوتین بەخشین بە کۆڵبەرکوژی لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان؛ لەگەڵ شەپۆلێکی نوێی گوشار بۆ هەڵسوڕاوە مەدەنی، کرێکاری، هونەری و فەرهەنگییەکان لە ئاستی سەرانسەریی وڵاتدا پێمان دەڵێن ئێران عەیامێکی نوێ لە ژیانی سیاسیی خۆیدا ئەزموون دەکا. ئەم ئەزموونە نوێیە تەعبیر لەو واقعە دەکا کە باندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم کە ئێستا ئیدی هەموو جومگەکانی دەسەڵاتی سیاسی و سەربازیی وڵاتیان بەدەستە و، زۆر باش بە قووڵایی ناڕەزایەتییە بەزۆر کپ‌کراوەکانی ناخی کۆمەڵگە دەزانن؛ هەمدیسان پێیان وایە چارەسەر تەنیا سەرکوتی توندوتیژتر و سڕکردنی پتری کۆمەڵگەیە. ناوکی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامی بە سەرنجدان بە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو -کە ئێستا لەسۆنگەی کۆرۆناوە تا ڕادەیەک لە کەمی داوە- و، کاتێک پەیامی زۆر ڕوون و ڕاشکاوانەی "نا بە کۆماری ئیسلامیی لە تەواوەتیی خۆیدا"ی لەلایەن خەڵکەوە بیست؛ تاکەڕێگای پاراستنی حوکمەتەکەیان لەوەدا دیتەوە کە بە هێنانەسەرکاری دەوڵەتێکی یەکدەستی نیزامی-ئەمنیەتیی ڕووت، بەڕەوڕووی هەرچەشنە بەرگژە، ناڕەزایەتی و پێشهاتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ببنەوە. بۆ ئەوەش کێ لە قازیی ئێعدام و تۆڕی ئەمنیەتیی دەزگای قەزایی سەر بە ئەو باشتر کە ئەو بەرپرسایەتییەی بدرێتێ. بەتایبەت کە گۆڕانی دەسەڵات لە کۆشکی سپی ئەو دەرفەتەی بە ڕێژیمدا لە سۆنگەی سیاسەتی کابینەی "بایدێن"ەوە تا ڕادەیەک لە درێژە و بەردەوامیی گوشارە لانی‌زۆرەکانی تڕامپ ڕزگاری ببێ و هەناسەیەکی بێتەوە بەر. دیارە گۆڕینی هەوای واشنگتۆن تەواو بەدڵی ڕێژیم نەچووەتە پێشێ، بەڵام ڕێژیم بەتەمایە بەشێنەیی لە ڕێگەی بووژانەوەی بەرجامەوە ئاهێکی دی بەبەری ئابووریی وڵاتدا بکاتەوە، هەڵبەت نەک لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵک، بۆ دەستەبەری دەستکراوەیی زیاتری بۆ بەردەوامیی سەپاندنی هێژمۆنییەکانی لە ناوچە لە ڕێگەی ئەو گرووپانەی شەڕی نیابەتیی بۆ دەکەن. بەڵام بەڕاست کۆماری ئیسلامیی ئێران دەتوانێ هەر ئاوا بەردەوام بێ؟ ئایا یەک‌دەست‌کردنی پتری دەسەڵات دادی دەدا؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە کە سەرەڕای دڵخۆشکردن و هیواپێ‌بوونی خامنەیی بە کابینەی ڕەئیسی، بەڵام نیزام لە تەواوەتیی خۆیدا لەگەڵ کۆمەڵێکی زۆر ئاستەنگ بەرەوڕون کە ئابووریی تێک‌تەپیوی وڵات لەسەروو هەموویانەوەیە. جارێ پێش هەموو شتێک گەمارۆکانی سەر ئێران بەشی هەرە زۆر و کاریگەریان لەجێی خۆیانن، ئەگەرچی کارناسانی ئابووری ڕایان وایە تەنانەت هەڵگیرانی سزاکانیش ناتوانێ ئاهێک بە بەری مردووی ئەو ئابوورییەدا بکاتەوە؛ چونکی ئەو قەیرانە لە بنەڕەت‌ڕا نەک دەرەنجامی گەمارۆ ئابوورییەکان، بەڵکوو بەرهەمی گەندەڵی، ناکارامەیی، ئابووریی ڕانتی و سیاسەتی چەوتی ئیدارەدانی وڵات و مافیای دەسەڵاتە و ئەو هۆکارانە هەموو هەر لەجێی خۆیانن و بە گۆڕینی دەوڵەتەکان چارەسەر نابن. دواتریش بە سەرنجدان بە کابینەکەی ڕەئیسی کە هەشت کەسیان لە فەرماندەرانی ئێستا و پێشووی سپای پاسدارانن و سپاردنی دیپڵۆماسی بە مەیدان ناکرێ چاوەڕوانی سەرکەوتن لە سیاسەتی دەرەوەشدا بی؛ هەربۆیە ئەم تێڕوانینە ڕادیکاڵەش لەسەر چارەنووسی بووژانەوەی بەرجامیش شوێن دادەنێ. کێشەی سەرەکیی کۆماری ئیسلامییش کە کێشەی شەرعییەتی سیاسی و ڕەواییەتی ڕێژیم لەلای خەڵکە تۆختر لە جارانە و خەڵک بەتەواوی لە چاکسازی لەو چوارچێوەی ئەو رێژیمەدا تەمابڕاو بوون. خەڵکی ئێران گەیوەتە ئێسکانیان و خوازیاری گۆڕانکاری بنەڕەتی لە نیزامی سیاسی و ئابووریی وڵات دان و ئەمەش واتە تێپەڕین لە کۆماری ئیسلامی و بێ‌هۆ نییە کە ڕێژیم بۆ ئیدارەدانی وڵات لەو قۆناغەدا جڵەوی کاروباری بە مۆرەیەکی وەک ڕەئیسی سپاردووە. جا ڕەنگە ڕەئیسی و دەوڵەتەکەی دڵخوازی ناوکی دەسەڵات بن و لە ڕوانگەی ئەوانە باشترین بژاردە و کاراکتەر بۆ هێشتنەوەی نیزامەکەیان لەو دەریا تۆفانییەدا بن، بەڵام بێ‌گومان لە سۆنگەی ئەو جۆرە خوێندنەوە و لێکدانەوەیە قەیرانەکانی وڵات زیاتر و پەرەگرتووتر دەبن. لە دەوڵەتی ڕەئیسی‌دا بەڵام سەرکێشییەکانی سپای پاسداران لە ناوچەش بەتایبەت بۆ سەر حیزبەکانی کوردستانی ئێران زیادی کردووە. ئەگەرچی هەڕەشە و هێرشی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبە سیاسییەکانی کوردستان سیاسەتێکی هەمیشەیی و بەردەوامی ڕێژیم بووە، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا ئەم پڕکێشییانە زیاتر بوون کە بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجی سیاسیی ناوچە پاش کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمان لە ئەفغانستان و ئەگەری کشانەوەی ئەو هێزانە لە عێڕاقیش، بەشێکی دیکەشی هەر لە درێژەی سیاسەتی پتر بە ئەمنیەتی‌کردنی پرسی کوردە. کۆماری ئیسلامی باش دەزانێ لە کوردستان پرسی مافی مرۆڤ، مافە مەدەنی و نەتەوایەتییەکان و ئازادییە دێموکراتیکەکان و داوا ڕەواکانی کۆمەڵانی خەڵک کە لە ڕێگەی جۆراوجۆری مەدەنی و رێکخراوەییەشەوە بەدوویدا دەڕۆن، بەردەوام لە گەشەکردندا بووە. دەزانێ کە ئاستی وشیاریی خەڵکی کوردستان و هەروەها بوێریی هێنانەگۆڕێی پرسەکانیان و ئەستاندنی مافەکانیان هەردەم لە هەڵکشاندا بووە. کۆماری ئیسلامی باش دەزانێ چوار دەیە سیاسەتی سەرکوت، گرتن و ئێعدام و پلان و شەڕی نەرم بۆ دروست‌کردنی قەیرانی شوناس بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی بیری نەتەوایەتی و مافخوازی لە کوردستان نەک سەرکەوتوو نەبووە، بگرە ئاکامی پێچەوانەشی بووە. هۆکاری سەرەکیی ئەم شکان و ناکامییەشی بە جووڵانەوەی بەهێزی سیاسی و نەتەوەیی کورد و بوونی هێزگەلێکی وەک حیزبی دێموکرات بە پاشخانی پتر لە حەوت دەیە خەبات و تێکۆشان دەبەستێتەوە. بۆیەشە دەیەوێ لەو ڕێگەیەوە بەرەنگاری شوێندانەری و کارتێکەریی سیاسەتەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە کۆمەڵگەدا بێتەوە و پاراستنی نیزامی سیاسیی سەرکوتگەری خۆیشی تەنیا لە هەڕەشە و هێرش و توندوتیژیدا دەبینێ. بەڵام ئەوە ئاسنی ساردکوتانە، چونکی لەجێدا بزووتنەوەی سیاسیی کورد تابعێک لە بوونی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەبووە و نییە. دواتر ئەوە کە ئەمجۆرە ڕەفتارەی کۆماری ئیسلامی تاقیکردنەوەی ئەزموون‌کراوەکانە و بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی پشت‌ئەستوور بە هێزی پێشمەرگە و، بەبوونی ئیرادە و خۆڕاگریی خەڵکێکی ماف‌ویست و شوناس‌خواز لە پشتی ئەو جووڵانەوەیە، بەو هەڕەشە و هێرشانە بەچۆکدا نایە. کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوەشدا هەر بەهەڵە چووە و ڕەئیسی و سپای پاسدارانیش هەر قەوانە کۆنەکە لێ دەداتەوە. دواوێستگە: شەپۆلی نوێی سەرکوتی بزاوتە مەدەنی، کرێکاری و کۆمەڵایەتییە مافخوازەکان لە سەرانسەری ئێران و هەڕەشە و هێرش بۆ سەر حیزبە کوردییەکان، تەنیا بۆ سەپاندنی زیاتری کەشی ترس و تۆقاندن ئەویش بە مەبەستی بەرگرتن بە جموجۆڵە ناڕەزایەتییەکان و داپۆشینی قەیرانە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی وڵاتە. ئەوەش ڕۆیشتن و بەردەوامبوون لەسەر ئەزموونی تاقیکراو و شکست‌خواردووی نیزامە دیکتاتۆرەکانە.