کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نە کۆماری، نە ئیسلامی، بەڵکوو ڕێژیمێکی دژی‌گەلی

13:53 - 6 رەزبەر 2721

لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا پێچەوانەی ناوەکەی کە پێشگری "کۆمار"ی پێوەیە، خەڵک و دەنگی خەڵک سەرچاوەی گۆڕانکاری نین، هەڵبژاردنەکانیش نەک بۆ مەبەستی خاڵ‌وەرچەرخان لە سیاسەت بەڵکوو تەنیا بۆ گۆڕینی تیمی کاریی حکوومەتە و شانۆگەرییەک بۆ نیشاندانی شەرعییەتی نەبووی. بۆ نموونە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی سێزدە جار هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی سەرکۆمار، یازدە هەڵبژاردن بۆ نوێنەرانی مەجلیسی شورای ئیسلامی و پێنج جار بۆ ئەندامانی مەجلیسی خوبرەگان بەڕێوە چووە، بەڵام لە سەرەتای دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامییەوە وێڕای هاتنە سەرکاری هەشت سەرۆک کۆمار هیچ بیر و بۆچوونێکی جیاواز لە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتدا نەبینراوە کە بە قازانجی خەڵک بێت و هیچ چەشنە ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی و بەرچاو کە بارودۆخی خەڵک بەرەوە باشتربوون ببات، ڕووی نەداوە. بە پێچەوانە، بارودۆخی خەڵک لە باری ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو خراپی و قەیران دەڕوات. پرسیار ئەوەیە کە بۆ دەبێ دوای تێپەڕینی ٤٢ ساڵ لە تەمەنی ڕێژیم و هاتنە سەر کاری دوو ڕێبەر و حەوت سەرکۆمار و ئەو هەموو وادە و بەڵێنە ڕەنگاوڕەنگەی کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکان، هیچ یەک لەو بەڵێنانە جێبەجێ نەکرێن؟ وەڵامەکەی لە یاسای بنەڕەتیی وڵات دایە. یاسای بنەڕەتیی ئێران لە سەر بنەمای ئایینی ئیسلام و مەزهەبی شیعەی دوازدە ئیمامی داڕێژراوە کە ڕێبەر یان وەلی فەقیه لە کاتی دیارنەبوونی ئیمامی زەمان واتە مەهدیی مەوعووددا وەکوو نوێنەری خودا لەسەر زەوی و جێگرەوەی ئیمامی زەمان خاوەنی هەموو ئەو دەسەڵات و مافانەیە کە بۆ خودا و ئیمامانی شیعە بە ڕەوای دەزانن. لە هەنگاوی یەکەمدا ژن وەک نیوەی کۆمەڵگە بە تەواوەتی وە لا دەنرێ و نابێ خۆی بۆ سەرکۆماری کاندید بکات. هەنگاوی دووەم پتەوترکردنی دیکتاتۆرییەکی ئیسلامی بە ناوی ڕێبەرە کە بەپێی یاسا فەرمانڕەوای موتڵەقە. سەرۆک کۆمار دوای هەڵبژاردن بەبێ ئیزنی ڕێبەر هیچ دەسەڵاتێکی نییە. ئەوانەی خۆیان بۆ سەرکۆماری و نوێنەرایەتیی مەجلیس هەڵدەبژێرن دەبێ لە کاناڵی وەزارەت ئیتلاعات، حەفازەت ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای تیرۆریستیی پاسداران و دواتریش لە کاناڵی شوڕای نیگابان تێپەڕن و ڕێگەیان پێ بدرێ لەو شانۆگەرییەدا بەشدار بن. یەکێک لە مەرجە هەر گرینگەکان بۆ خۆ کاندیدکردن لە هەڵبژاردنەکاندا، ئیمان و باوەڕی قووڵ بە ویلایەتی فەقیهـ واتە ڕێبەر و ملکەچیی بێ ئەملاوئەولا لە بەرانبەر بڕیار و بۆچوونەکانی دایە. وەزیری ئیتلاعات بەر لەوەی بچێتە مەجلیس بۆ وەرگرتنی دەنگی متمانەی نوێنەرانی مەجلیس، دەبێ لە لایەن ڕێبەرەوە تەئیید کرابێت. فەرماندەی سپا و هێزە چەکدارەکانی دیکە ڕێبەر دەستنیشانیان دەکات. شورای نیگابان دوازدە کەسن کە شەش کەسیان ڕاستەوخۆ ڕێبەر دیارییان دەکات و شەش کەسی دیکە کە مافناسی ئیسلامیی شیعەن، سەرۆکی دەزگای قەزایی کە بۆ خۆی دەستنیشانکراوی ڕێبەرە، بە مەجلیسیان دەناسێنی بۆ وەرگرتنی دەنگی متمانە. بەپێی یاسا و ئەم بەند و باوە، ڕێبەر دەسەڵاتی تەواوی بە سەر هەموو جومگەکانی دەسەڵات لە ئێراندا هەیە و تەنانەت بۆی هەیە لە سەرەوەی یاسای دیکتاتۆریی ڕێژیمیش دەسەڵاتەکانی خۆی بە کار بێنێ و هیچ جۆرە چاوەدێرییەکی بە سەردا نیە. لە حکوومەتە تووتالیتر و دیکتاتۆرەکاندا هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ کە دۆخی ژیان و ئاسایشی خەڵک و ئازادییە سیاسییەکان و مافە دێموکراتیک و مەدەنییەکان، کراوەیی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی باشتر بکات، بە دی ناکرێ. بازنەی دەسەڵات هەر ڕۆژەو بچووکتر دەبێتەوە و نەیارانی نێوخۆیی سیستم حەزف دەکرێن بۆ ئەوەی کە کۆنترۆڵی دەسەڵات بە ئاسانی ئەنجام بدرێ. خەڵک لەم جۆرە حکوومەتانەدا دەبێ چاوەڕوانی هیچ جۆرە گۆڕانکارییەکی ئەرێنی لە لایەن خودی دەسەڵاتەوە نەبن کە ژیانیان بەرەو باشی ببات بەڵکوو یا دەبێ لە هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ گوشارهێنان بۆ سەر دەسەڵاتی سەرەڕۆدا بن بۆ لەناوبردنی ئەو حکوومەتە یا بۆ خۆیان قۆڵی هیممەتی لێ هەڵماڵن و بۆ ئاڵوگۆڕ و شۆڕشێکی گەورە و بنچینەیی هەنگاو هەڵبگرن. لە ئەگەری مانەوەی کۆماری ئیسلامیدا ئەبێ خەڵک چاوەڕوانی هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە بارودۆخی ژیانیان و دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی وڵاتدا نەبن.