کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەسارەتی وەرزێڕانی پارێزگای سنە قەرەبوو نەکراوەتەوە

14:55 - 8 رەزبەر 2721

ئەمساڵ بێجگە لە وشکەساڵی، گرانی کوود و سەم زۆرترین زیانی بە بەشی کشتوکاڵی پارێزگای سنە گەیاندووە. نوێنەری کاروباری ئەسنافی وەرزێرانی پارێزگای سنە وتی: بەپێی بڕیاری دەستەی وەزێڕان کە لە پووشپەڕی ئەمساڵ‌دا دەرچوو، دەبوایە بە وەرزێڕان مۆڵەتی زیاتر بۆ دانەوەی وامەکانیان بدرایە کە بەهۆی کەمتەرخەمییەوە، ئەم بڕیارە لەلایەن بانک و بەرپرسانی ئەو بەشەوە تا ئێستا جێ‌بەجێ نەکراوە و وەرزێڕان لەلایەک بەبۆنەی لەنێوچوونی بەرهەمەکانیان و لەلایەک گەڕاندنەوەی پارەی وامەکانیان لەژێر گوشاری زۆردان. لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی ستادی کشتوکاڵی پاییزەی پارێزگای سنە "سەید حەسەن ڕەحیمی" ئاماژەی بەوە کرد کە: ئەمساڵ بێجگە لە وشکەساڵی، گرانی کوود و سەم بوو بە هۆکاری زەرەر و زیانێکی زۆر بۆ وەرزێڕان. هاوکات کەمتەرخەمیی بەرپرسان لەم بەشەدا بووە بە هۆکاری ساردبوونەوەی وەرزێڕان لە کارەکانیان و بەجێ‌هێشتنی زەوی و زارەکانیان و پەناهێنان بۆ شارەکان کە دەبێت بەهۆی زۆربوونی ڕادەی بێکاری لەو پارێزگایە.