کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشداریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆنفرانسی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست لە ناوچەی مەدیتەرانە

15:06 - 8 رەزبەر 2721

ئێوارەی ڕۆژی سێ‌شەممە ٢٨ی سێپتامبری٢٠٢١، کۆنفرانسی ڕێبەرانی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست لەژێر ناوی "لاوان و دوورەدیمەنی ئاڵوگۆڕە دێموکراتیکەکان لە ناوچەی مەدیتەرانە " بە بەشداریی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە شێوەی ئانلاین دەستی بەکارەکانی کرد. ڕۆژی یەکەمی کۆنفرانس بە وتاری بەڕێز "بروونۆ گۆنزالێس" سکرتێری گشتیی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست دەستی پێکرد و پاشان بەڕیز "سەیف عەقیل" جێگری سکرتێر باسی لە دۆخی ناوچەکە کرد. لە بڕگەیەکی دیکەی یەکەم ڕۆژی کۆنفرانسدا سەرجەم بەشداربووان ڕێکخراوەکانیان هەروەها و تێکۆشانی ڕێکخراوەیی خۆیان ناساند، لەو بڕگەیەدا "پێشەوا عەلی‌پوور" سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەی بە نزیک بە هەشت دەیە تێکۆشان و هەروەها ئامانج و بەرنامەکانی یەکیەتیی لاوان کرد. پێشەوا عەلی‌پوور هەروەها ئاماژەی بە هاوپشتی یەکیەتیی لاوان لەگەڵ حیزبی دێموکرات کرد و وتی کە "حیزبی ئێمە بۆ ئازادی و دێموکراسی باجی زۆری داوە و ڕێبەرانی لە ئۆتریش و ئاڵمان بە دەستی کۆماری ئیسلامی تێرۆر کراون و هەروەها وتی کە سەرکردایەتی حیزبی ئێمە لە جەریانی دۆزینەوەی ڕێکاری سیاسی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری پرسی کورد لەلایەن سپای پاسدارانەوە کراوەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی." پێشەوا عەلی‌پوور هەروەها وتی کە "کۆماری ئیسلامی پرسی کورد لە مافێکی دێموکراتیک و مەدەنییەوە بەرەو شەڕ دەبات و بەردەوام هەوڵی داوە کە کوردستان میلیتاریزە بکات و جموجۆڵی مەدەنی بە توندوتیژی بکێشێت، هەربۆیە دەبێ ئەم کۆنفڕانسە و ڕێکخراوەکانی بەشدار لەو کۆنفڕانسە یەکدەنگ لە پشت دۆزی کورد لە ئێران بوەستنەوە و پشتیوانی لە مافە ڕەواکانیگەلی کورد بکەن." لە ڕۆژی دووهەمی کۆنفرانس کە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە دەستی پێکرد، بەشداربووان ڕا و سەرنجەکانیان لەسەر وڵاتانی دەوروبەر باسکرد و پاشان بەڕێز "هەردی سەلیمی" وەک نوێنەری یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باسێکی سەبارەت بە دۆخی سیاسیی ناوخۆی ئیران پێشکەش کرد کە تێیدا دۆخی ئایینەکانی بەهایی و یارسان و زەرتۆشتی و مەسیحی ئاماژەی پێکرابوو، هەروەها چەوساندنەوەی سیستماتیکی لە تارانەوە و بێ مافکردنی نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران کە پێکهاتوون لە کورد و تورک و بەلووچ و عەرەب، هەروەها دۆخی نالەباری ژنان و لاوان بەشێکی دیکەی وتاری یەکیەتیی لاوان بوون لەو کۆنفرانسە. ئێوارەی ڕۆژی پێنج‌شەممە و کۆتاڕۆژی کۆنفرانس تەرخانکرابوو بە بۆچوونە جیاوازەکانی ناو کۆنفرانس کە لەلایەن جێگری سکرتێری لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیستەوە کۆبەندی باسەکان کرا و کار و چالاکییەکانی دووساڵی داهاتوو بڕیاریان لەسەردرا. شایانی باسە یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئەندامی چالاک و بەڕێوەبەر لە ڕێکخراوی لاوانی ئینتێرناسیۆناڵ سوسیالیست، بۆ وەستۆگرتنی ئەرک و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی تایبەت بە لاوان لە ناوچەی مەدیتەرانە لە داهاتوودا ئامادەیی خۆی دەربڕی.