کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکرانی چالاکێکی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە

14:25 - 10 رەزبەر 2721

لە درێژەی دەسبەسەرکردنی چالاکانی کورد، چالاکێکی دیکەی ژینگەپارێزی خەڵکی سنە بە ناوی "ئارمین ئێسپەرلووس" لەلایەن ناوەندە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا. بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان "چاونیوز"، ڕۆژی چوارشەممە ٧ی ڕەزبەری ١٤٠٠ی هەتاوی، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، هاووڵاتییەکی ژینگەپارێزیان بە ناوی "ئارمین ئێسپەرلووس" دەسبەسەر کردووە. جێگای ئاماژەیە کە "ئارمین ئێسپەرلووس" پێشتر لەکاتی دەسبەسەرکردنی ئەندامانی حیزبی وەحدەتی میللی لقی کوردستان، لە ڕۆژی پێنج‌شەممە ٢ی ڕەشەممەی ١٣٩٨ی هەتاوی دەسبەسەر و دوای دوو مانگ بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو. ئەم چالاکە کوردە دواجار مانگی ڕەشەممەی ١٣٩٨ی هەتاوی لەلایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە سەرۆکایەتی قازی سەعیدی بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات لە ڕێگای ئەندامەتی لە حیزبێکی دژبەری ڕێژیمی ئێران، سزای سێ مانگ و یەک ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپا. شایانی باسە کە "فەرانەک جەمشیدی" هاوژینی "ئارمین ئێسپەرلووس" هەر بەم تۆمەتە سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپاوە و مانگی جۆزەردانی ئەمسال بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی دەسبەسەر کراوە.