کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دێموکراسی بۆ هەموو وەرزەکان

04:26 - 16 رەزبەر 2721

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەی دیاری‌کردنی ڕۆژی جیهانیی دێموکراسیدا هێناویەتی کە دێموکراسی وەک بایەخێکی نێونەتەوەیی پشت ئەستوورە بە ئیرادەی ئازادی خەڵک لە دەستنیشان‌کردنی نیزامی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتووریی خۆیاندا. دێموکراسی وەک بایەخێکی جیهانداگر یەک لە مۆدێلە هەرە دڵخواز و خۆشەویستەکانی بەڕێوەبەرییە لە جیهاندا، تا ئەو ڕادەیە کە تەنانەت سیستمە دیکتاتۆر و پاوانخوازەکانیش هەوڵ دەدەن خۆیان بە دێموکرات بنوێنن. لە جیهانی ئێستادا خەباتی فرەلایەن بۆ دەستەبەری ئازادی و ژیانی سەربەست لە سیستمێکی دێموکراتیکدا لەئارا دایە و ئیرادەی جیهانی لەسەر ئەمە پێداگرە کە هەموو هێزەکان سەرچاوەگرتوو لە "ئیرادەی گەل"ن و ئەم ڕاسپاردەیە وەک ئەسڵێکی بنەڕەتی بۆ هەموو سیستمە سیاسی ـ کۆمەڵایەتییە دێموکراتیکەکان لە دنیادا بایەخمەندە. ڕێزگرتن لە دێموکراسی پێداگرییە لەسەر دەستەبەری ماف و ئازادییەکانی هەڵقوڵاو لەو نیزامە سیاسی و کۆمەڵایەتییەدا، وەک مافی بەشداریی سیاسی لە کۆمەڵگە لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ئازاد و دێموکراتیک، بەرگری لە شکۆ و پێگەی خەڵک، مسۆگەرکردنی ئازادیی بەیان، چاپەمەنیی و کۆبوونەوە، مسۆگەر کردنی ئازادی بیروباوەڕی ئیتنیکی، ویژدانی و لە یەک قسەدا دامەزراندنی دنیایەکی عادڵانەتر. دێموکراسی ئەوەندەی جوان و دڵگیرە، دەستەبەرکردنیشی پڕۆسەیەکی مێژوویی پڕ جموجۆڵ و هەوراز و نشێو، تێکەڵاو بە بەختیاری یان ناکامییە و جار هەیە مەترسیی گەڕانەوە بۆ دواوەشی لێ دەکرێ. هەربۆیەشە زامنی مانەوەی دێموکراسیی بەردەوام "ئیرادەی گشتی"ی هەر کۆمەڵێکە و هەرچەند بەشداری و کاریگەریی کۆمەڵ زۆرتر بێ، نێوەرۆکی دێموکراسییەکەش دەوڵەمەندترە، بۆیەشە دێموکراسی لە فۆڕم و تایبەتمەندیی زۆر و جۆراوجۆردا بەدی دەکرێن. بارودۆخی جیهان و هۆکارە دەرەکییەکان دەتوانن لە دامەزراندنی دێموکراسییە نوێیەکان و گەشەکردنیان یارمەتیدەر بن، بەڵام لە کۆتاییدا لەهەر وڵاتێکدا ئەوە خەڵکی ئەو وڵاتەن کە دەتوانن دێموکراسیان بوێ یان نەیانەوێت و ئەم بابەتە  گرێدراوی ئاستی گەشەی مەعنەوی و خواستی هەر نەتەوەیەکە. هاوکات سەقامگیریی دێموکراسی لە شوێنێکدا بە مانای دەستەبەری بەردەوام بۆ مانەوەی هەمیشەیی نییە و، پێویستیی بە ڕەگداکوتانی بەهاکان و جێگیرکردنی یاسا و ڕێساکانی و لەگەڵ ئەوەشدا چاوەدێریی بەردەوام هەیە. چونکی کەم نین ئەو نیزامە توتالیتێر و سەرەڕۆیانە لە کۆمەڵگەی دێموکراتیکدا سەریان وەدەرناوە. بە واتایەکی دی دێموکراسی سیستمێکی حکوومەتیی ڕەوان، ئاڵوگۆڕخواز و ناجێگیرە کە پێویستە مەرجەکانی بەردەوامیی خۆی بەزیندوویی ڕاگرێ و نوێیان بکاتەوە. کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بۆ ئەوەی بزانێ چیی لە دێموکراسی دەوێ، حەوجێی بە پێکهاتە و سیستمێکی دەست‌نیشانکراو هەیە، کەواتە شتێک بە ناوی ئیرادەی خەڵک پێش دێموکراسی بوونی نییە، بەڵکوو ئیرادەی گەل بەتایبەت لە ڕیتمێکی دێموکراتیکدا خۆیا دەبێ. ئانارشیزمیش پەیوەندییەکی ئەوتۆی بە هزری دێموکراسییەوە نییە، چون مەبەست لە دێموکراسی ئەوە نییە کە دەسەڵات هەڵوەشێنێتەوە یا لە کاری بخا، بەڵکوو مەبەست ئەوەیە یاسامەندی و ڕەوایی بە حکومەت ببەخشێ، چونکی دێموکراسی گرێدراوە بە هەڵوێست و ڕەفتاری هاوبەش، بەڵام ئەو هەڵوێست و ڕەفتارەش گەرەنتی ناکا. دێموکراسی تەنیا کاتێک باش کار دەکا کە خەڵک لێی تێ‌بگا و بیانهەوێ، چونکی سنوورەکانی دێموکراسی تەنیا بە ڕێگای دێموکراتیک دەست‌نیشان و جێگیر دەکرێن. دێموکراسی، بەرابەری لەگەڵ ئازادی لێک گرێ دەدا و ئازادی بەرانبەر سەکۆی وەگەڕخستنی دێموکراسییە. بەڵام ناکرێ بەرابەریی دێموکراتیک بە هەمان بەرابەری بزانین، چۆن هەڵگری خەسڵەتێکی تایبەتە کە هەمان ئازادیی سیاسییە. لە دێموکراسدا مرۆڤەکان دەتوانن لە هەموو شتێکدا نابەرابەر بن، تەنیا لە ئازادیدا نەبێت، هەربۆیە لە جێگیرکردنی دێموکراسیدا دژوازییەک لەنێوان بەرابەری و ئازاددای نییە، بەڵکوو ئەو دوو چەمکە گرێدراوی یەکترین و لە بەرابەریی دێموکراتیکدا ئازادیی یەکسان خۆیا دەبێ. دێموکراسی گەرەنتیی خۆش‌بژێوی ناکا و خۆشگوزەرانی، تەناهی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی هەموویان ئەسڵێکی گرینگن بۆ نیزامێکی سیاسیی دڵخواز، بەڵام هیچ کامیان لە دێموکراسی گرینگتر نین و نیزامێکی دێموکراتیک لە نەبوونی ئازادیی تاکەکەسەکاندا ناتوانێ سەقامگیر ببێ؛ چونکی ئەوە ئازادییە تاکەکەسییەکان کە گەرەنتیی دێموکراسی دەکەن. ترس لە سەرهەڵدانی دیکتاتۆرییەتی زۆرینەش لە دێموکراسیدا پاساو هەڵگر نییە، بەم پێیە دێموکراسییەکان کەرەستەی یاسایی بۆ پاراستنی مافی کەمایەتییەکانن و هیچ نیزامێک وەک دێموکراسی پشتیوانیی مافی کەمایەتییەکان ناکات.   شەپۆلەکانی دێموکراسی ئایدیای دێموکراسی لە چاخی نوێ بە تایبەت لە ڕەوتی شۆڕشی ئەمریکا و فەڕانسە لە سەدەی هەژدەی زایینیدا دەستی پێ کرد. بیرمەندانی شۆڕشی فەڕانسە لەسەر ئەو باوەرە بوون کە دێموکراسی توانای هەبوون بە چەمکێکی نێونەتەوەیی هەیە و پێویستە هەر دەوڵەت، حکوومەت و حیزبێک لەسەر ئاڵای خۆی چەمک‌گەلی پەیوەندیدار بە دێموکراسی بنووسێ. یەکەمین شەپۆلی دێموکراسی لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم، لە وڵاتی ئەمریکا دەستی پێ کرد، واتە کاتێک کە زۆربەی خەڵکی سپی‌پێستی ئەم وڵاتە مافی دەنگدانیان وەدەست هێنا. وڵاتانی دی کە دوای ئەمریکا بەو ڕێچکەیەدا ڕۆیشتن بریتی بوون لە فەڕانسە، کانادا، بریتانیا، نیووزلەند و ئیتالیا کە تا ساڵی ١٩٠٠ توانییان پڕۆسەی دێموکراسی لە وڵاتەکانیاندا جێگیر بکەن و نیووزلەند یەکەم وڵات بوو کە مافی دەنگدانی لە ساڵی ١٩١٨ بە ژنانیش بەخشی. بەدوای ڕووخانی ئیمپڕاتۆرییەکانی ڕووسیە، ئاڵمان، ئۆتریش و عوسمانی لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانیی لە ساڵی ١٩١٨دا، تەنیا ٣٠ سیستمی دێموکراتیک لە جیهاندا هەبوو و بە سەرکەوتنی فاشیسم لە ئیتالیا جۆرێک گەڕانەوە بۆ ڕابردوو دەستی پێ کرد؛ بە تایبەت کە نیزامە دێموکراتیکە تازە بە دەسەڵات‌گەیشتووەکان لە بەرامبەر ئیدئۆلۆژی تۆتالیتاریسم‌دا ناچار بە پاشەکشە بوون و لە ساڵی ١٩٤٢دا ژمارەی وڵاتە دێموکراتیکەکان بۆ ١٢ وڵات دابەزی. بە هەوڵی بەرەی هاوپەیمانان پاش شەڕی دووهەمی جیهانیی شەپۆلی دووهەمی دێموکراتیزاسیۆن لە وڵاتە دۆڕاوەکانی شەڕی دووهەمی جیهانیی (ئاڵمان، ئیتالیا و ژاپۆن) دەستی پێ کرد. سەرەڕای ئەمە سیاسەتی دژە داگیرکاری لە دەیەی ٦٠-٥٠ی سەدەی بیستەم گڕوتینێکی دیکەی بە شەپۆلی دووهەمی ڕەوتی دێموکراتیزاسیۆن بەخشی و لەسەر یەک ٣٦ وڵاتی دێموکراتیک لە جیهان پەیدا بوون؛ بەڵام ئەم شەپۆلەش دامرکایەوە و تاکوو نێوەڕاستی دەیەی ٧٠ زایینی بۆ ٣٠ وڵات دابەزی. سێهەمین شەپۆلی دێموکراسی لە ساڵی ١٩٧٤ بە "شەپۆلی مێخەک" لە وڵاتی پورتەقاڵ و تێپەڕینی یۆنان و ئیسپانیا لە دیکتاتۆرییەوە بۆ دێموکراسی دەستی پێ کرد و ئەم شەپۆلە لە دەیەی ٨٠دا ئەمریکای باشوور و پاشان وڵاتانی وەک کۆرەی باشوور، فلیپین و تایوان لە قاڕەی ئاسیا بڵاو بۆوە. بڵاوبوونەوەی دێموکراسی بە تایبەت بۆ ئەمریکای لاتین بەخێرایی ٢٠ وڵاتی گرتەوە، بە جۆرێک کە تا ساڵی ١٩١٥ تەنیا وڵاتی کوبا و هائیتی لە دەرەوەی ئەو جەغزەدا مابوونەوە و ژمارەی وڵاتانی دێموکراتیک تا ساڵی ١٩٩٠گەیشتە ٥٨ وڵات. شەپۆلی چوارەمی دێموکراسی دوای ڕووخانی یەکیەتیی سۆڤیەت دەستی پێ کرد و وڵاتانی کۆماری چیک، ئیسلواکی لەهێستان، مەجارستان و وڵاتانی ناوەندی باڵتیک و ئاڵمانی خۆرهەڵاتی لە خۆ گرت و لە کۆتاییدا کۆماری فیدڕاڵی ئاڵمان یاسای بنەڕەتیی دێموکراتیکی قەبووڵ کرد. ئاڵوگۆڕەکانی ناسراو بە "بەهاری عەرەبی" لە هیندێک وڵاتی ئیسلامی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و باکووری ئافریقا وەک تونێس، میسر و لیبی کە ڕووخانی ڕێژیمە دیکتاتۆرەکانی ئەو وڵاتانەی لێ کەوتەوە، ئەو گەشبینییەی دروست کرد کە شەپۆلی پێنجەمی دێموکراسیی لێ بکەوێتەوە. بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکانی دواتر لەم وڵاتانە ئەو وێنایەی نەدا بە دەستەوە.   پێرستی دێموکراسی ئەمڕۆ بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی پێگەیشتوویی دێموکراسی، پێرستی جۆراوجۆر هەن کە لەسەر ئەساسی کاتالۆگێک لە پرسیارەکان دەوەستێ، وەک بەشداریی سیاسی و کۆمەڵایەتی و حیزبایەتیی هەیە؟ ئایا ڕاگەیاندنەکان ئازاد و سەربەخۆن؟ و... . هەروەها دەتوانین لە بەستێنی یاسامەندی و خودموختاری و مافی تاکەکەسیش پرسیاری جۆراوجۆر ئاراستە بکرێ؛ وەک میناک: ئایا سیستمی دادوەری سەربەخۆیە؟ ئایا پۆلیس لەژێر کۆنتڕۆڵی بنیاتە مەدەنییەکان دایە؟ ئایا لە بەرامبەر تیرۆری سیاسی و گیرانی نایاسایی پاڕێزبەندی یاسایی هەیە؟ و... . دێموکراسییەکانی جیهان لەسەر ئەساسی ئەم پرسیارانە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێ و بڕیاریان لەسەر دەدرێ. بۆیە لە پێرستی دێموکراسی بۆ ساڵی ٢٠٢٠دا بیست وسێ دێموکراسیی تەواو و ٥٢ دێموکراسیی ناتەواو جێ دەگرن. دێمۆکراسی تەواو وڵاتانێکن کە تەنیا بە ئازادیی مەدەنی و مافی شارۆمەندی ناوەستن، بەڵکوو فەرهەنگی سیاسیی ئەوان جۆرێکە کە بنەماکانی دێموکراتیک بەهێز و پێشکەوتووتر دەکەن. لەبەرامبەردا دێموکراسی ناتەواو وڵاتانێکن کە ئەگەرچی هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە تێیاندا جێبەجێ دەکرێ و ئازادییە مەدەنییەکان دەپارێزرێن، بەڵام لە بەستێنەکانی وەک ئازادیی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی و ڕەفتار لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن کەم‌وکوری هەیە و فەرهەنگی سیاسییان بەتەواوی پێشکەوتوو نییە . دواجار وڵاتانێک کە لە نێوەرۆکی سیستمە دێموکراتیکەکان دوورن بە دوو دەستە لە ڕێژیمی (هیبریدی یا تێکەڵاو) و (پاوانخواز) دابەش دەبن .لە نێو وڵاتانی ئیسلامیدا تەنیا وڵاتی ئەندۆنێزی لەنێو وڵاتانی دێموکراسی ناتەواو و لە پلەی ٦٤دا جێ دەگرێ و زۆربەی نیزیک بە تەواوی وڵاتانی ئیسلامی لە ڕیزی ڕێژیمە پاوانخوازەکاندا جێ دەگرن .لەو نێوەدا کۆماری ئیسلامیی ئێران لەنێو ڕێژیمە پاوانخواز و دیکتاتۆرەکاندا جێ دەگرێ و لەنێو ١٦٧ وڵاتی جیهاندا لە ڕیزبەندیی ١٥٢ وەستاوە.