کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەلێنی نەتەوەیی، ناسیۆنالیزم و وەرچەرخانەکانی گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکرات (دەورەی پەهلەوی)* بەشی یەکەم

04:30 - 16 رەزبەر 2721

پێشەکی بەهۆی جیاوازیی جۆراوجۆری نەتەوەیی، ئایینی و کولتووری لە ئێراندا، کۆمەڵگەی ئێران دەستەویەخەی هێندێک کەلێنە. پاش سەرهەڵدانی مودێرنیتە لە ئێران کەلێنی سونەت-مۆدێرنیتە یەک لەو کەلێنە گرینگ وکاریگەرانە بووە کە لە بەستێنی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێراندا بوونی هەبووە، ئەگەرچی لە ئێراندا هێندێک کەلێنی دیکەی وەک کەلێنی چینایەتی، کەلێنی نەوەکان و جنسیتی بوونی هەبووە بەڵام هیچ کام لەوانە تا هاتنە ئارای مۆدێرنیتە، نەبوونەتە هۆی پێکهاتنی کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی، چون بە قەولی مارکس، کۆمەڵگە بە دەوری ئەم کەلێنانەوە بە هۆی نەبوونی خۆئاگایی کۆ نەبوونەتەوە، تا ببنە هۆی پێکهاتنی قەیرانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی. کەواتە کۆمەڵگەی ئێران کۆمەڵگەیەک نەبووە کە کەلێنە کۆمەڵایەتیەکان ببنە هۆکاری پرسی سیاسی. بەڵام وەک "ڕیچارد کاتم" دەڵێ ئێرانی چەند نەتەوەیی ئەو بەستێنەی بۆ ئامادەیە تا بە هۆی هەبوونی چەند پێکهاتەی جیاواز و جۆراوجۆری نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبیەوە کەلێنی لەم جۆرە ساز بێت و ئەم کەلێنانە قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی بخوڵقێنن. هاتنەسەرکاری حکوومەتی پەهلەوی و بڕیاری ڕەزاشا بۆ مۆدێڕن‌کردنی ئێران و پێکهاتنی گوتارێکی سیاسیی مۆدێرن خوازانە، کە ناسیۆنالیزمی کەوناراخواز لە دالە هەرە گرینگەکانی ئەم گوتارە بوو، حەولی بۆ هاوشێوە کردنی ئێران دەدا. ئەگەرچی لە کورت خایەندا بە کەلڵک‌وەرگرتن لە زەبروزەنگ، ڕەزاشا توانی ڕواڵەتێکی هاوشێوەی خولیاکانی خۆی لە ئێران ساز بکا، بەڵام لە درێژماوەدا و بە هەڵوەشانەوەی دەسەڵاتە زۆرەملیەکەی و لاوازبوونی دەسەڵاتی ناوەند، هێندێک داواکاری، گرووپ، ڕێکخراوە و قەیران بە شێوەیەکی گشتی بە دەوری کەلێنی نەتەوەییەوە پێک هاتن، بە جۆرێک کە گوتاری زاڵی ڕەزاشا ئەویتری سەرەکییان بوو. ئەم بابەتانە حیکایەتی لە قووڵ‌بوونەوەی کەلێنی نەتەوەیی دەکرد کە ڕەزاشا پێی‌وابوو بە سیاسەتی دەوڵەت-نەتەوە سازییە زۆرەملیە ناسیۆنالیستییەکەی خۆی دەیسڕێتەوە. کۆماری کوردستان و ئازەربایجان بەرهەمی ئەم دۆخە بوون. دوای هەرەسهێنانی ئەم کۆمارانە و زاڵبوونەوەی دەسەڵاتی ناوەند بە سەر ئەم ناوچانەدا، سیاسەتی ڕەزا شا لە سەر بنەمای ناسیۆنالیسمی قەومی کەوناراخواز بە توندوتیژییەکی زۆرەوە لە لایەن پادشای نوێوە پەیڕەو کرا. ئەم سیاسەتە؛ قووڵ‌بوونەوەی کەلێنی نەتەوەیی لێ کەوتەوە، جگە لە قۆناغێک، کە سیاسەتی ناسیۆنالیستیی قەومخوازانەی محەمەدڕەزا جێی بۆ ناسیۆنالیزمی لیبراڵی محەمەدی موسەدیق بەجێ هێشت کە بەشداری پێکهاتەکان لە قۆناغێکی تایبەتی لێ کەوتەوە. هاوکات لەگەڵ گۆڕانی گوتاری سیاسی ناوەند، گۆڕانکاری لە گوتاری سیاسیی کوردیشدا بە دی دەکرێ و بە نیسبەت هەر گۆڕانێک لە ناوەند گۆڕانێک لە گوتاری سیاسیی کورددا ڕوو دەدا. ئەم وتارە بە پشتبەستن بە تیۆریی لێکدانەوەی گوتاری "لاکلاو مۆفە" حەول دەدا گۆڕانکارییەکانی گوتاری سیاسیی کورد لێک بداتەوە و لە ڕاستیدا ئەم وتارە دەیهەوێ کاریگەرییەکانی ناسیۆنالیزمی ناوەند لە سەر پێکهاتن و گۆڕانی، ناسیۆنالیزمی کورد و لە ئاکام دا گوتارە سیاسیەکەی لێک بداتەوە.   زەمینەکانی پێکهاتنی یەکەم گوتاری سیاسیی کورد ڕووداوەکانی خەرمانانی ١٣٢٠ و ئازادبوونی هێزە کۆمەڵایەتییەکان لە ئاکامی هەرەسهێنانی دەسەڵاتی ناوەند دوای تەبعیدی ڕەزاشا، بووە هۆی نیوە ئاشکرابوونی کۆمەڵەی "ژ ک" کە لە ساڵی ١٣١٧ەوە تا ئەو کات بە شێوەیەکی نهێنی کاری دەکرد. کۆمەڵەیەک کە دواتر بووە بەردی بناغەی حیزبی دێموکرات کە لە سەر بنەمای خولیا و ئامانجەکانی "ژ ک" دامەزرا. لە ڕاستیدا ئەگەرچی بیرۆکەی ناسیۆنالیزم لە بزووتنەوەی سمکۆوە بە کاریگەریی ناسیۆنالیزمی باکووری کوردستان یەکەمین بناغەکانی داندرابوو، بەڵام ئەم شێوە ڕوانینە بە پێکهاتنی کۆمەڵەی "ژ ک" قەوارەیەکی نوێی بە خۆوە گرت. پێگەی کۆمەڵایەتیی "ژ ک" چینی ناوینی شاریی کوردستان بوو، کە دواتر بوو بە پێگەی سەرەکیی حیزبی دێموکرات (نادری، ١٣٩٤، ٤٠-٣٦). دوای شۆڕشی سمایل ئاغای سمکۆ ئەم بزوتنەوەیە گرینگترین بزووتنەوەی سیاسیی کوردی ڕۆژهەڵات بوو کە بووە بەردی بناغەی یەکەمین حیزبی سیاسی کورد لەم بەشەی کوردستاندا. حیزبێک کە بۆ چەند دەیەیە ئەکتەری سەرەکیی سیاسەتی کوردستانە. حیزبێک کە لە دەورەی پەهلەویدا وەک گرینگترین نیشانەی کەلێنی نەتەوەیی باس دەکرێ و نوێنەرایەتیی گوتاری سیاسیی کوردی بەئەستۆوە بووە، بە شێوەیەک کە گۆڕانکاری لە ڕوانگەی ئەم حیزبەدا گوتاری سیاسیی کوردیشی بە گشتی گۆڕیوە.   ١. گوتاری سیاسیی شوناس‌خوازانەی حیزبی دێموکرات دوای تەبعیدی ڕەزاشا و شکستی حکوومەتەکەی، بە هۆی بەکارهێنانی سیاسەتەکانی بە مۆدێڕن‌کردنی ئێران و پێکهێنانی دەوڵەتی نەتەوەیی، بە کەڵک‌وەرگرتن لەو پلانانەی کە پێکهێنەری گوتاری پەهلەویی یەکەم بوو، دۆخێک لە ئێران هاتە ئاراوە کە هاوکات لەگەڵ لاواز بوونی ناوەند، هێندێک هێزی سیاسیی نوێ لە ناوچە جیاوازییە نەتەوییەکاندا هاتنە مەیدانەوە، کە کوردستان یەک لەو ناوچانە بوو. ئەگەرچی پێش ئەو قۆناغەش لە کوردستان بزووتنەوەی دیکە لە ئارادا بوون کە شۆڕشی سمکۆ گرینگترینی ئەم بزووتنەوانە بوون کە شکستی هێنا. بەڵام ئەو قۆناغە نوێیە بە داگیرکردنی ئێران لە لایەن سۆڤیەت و بریتانیا و سازبوونی بۆشایی دەسەڵات هاتە ئاراوە. ئەم بۆشاییە لە دەسەڵاتدا لە کاتێکدا ڕووی دا کە دوو دەیە بوو ڕەزاشا حەولی سازکردنی دەوڵەت-نەتەوەی لەسەر بنەمای قەومی و ناسیۆنالیزمی کەوناراخوازدا دەدا. بە بڕوای "ئیستین ڕۆکان"(١) لە وەها دۆخێکدا پێکهاتنی نیزامە سیاسییەکان هاوکات دەبن لەگەڵ کێشەوگرفتی کۆمەڵایەتی و سیاسی، کە لەم نێوانەدا پێکهاتنی دەوڵەت-نەتەوە، کە یەک لە قۆناغە گرێنگەکانیەتی لەگەڵ کێشە و توندوتیژی زیاتر ڕووبەڕوو دەبێ (Lipset and Rokkan, 1967, 42-4). سەرەڕای ئەوە واتە جەخت‌کردن لەسەر سازکردنی دەوڵەت-نەتەوە بەم شێوەیە، سازبوونی ئەم بارودۆخە نوێیەش کە ئێرانی تێ‌کەوتبوو، دەیتوانی بەستێنێکی گونجاو پێک بێنی، بۆ قووڵ‌بوونەوەی کەلێنی نەتەوەیی، کە "ڕووکان" جەخت لە سەر ئەم پێشهاتەیە لە قۆناغە هەستیارە مێژوویەکاندا دەکا. کەواتە لەم کاتەدا بەپێی تێئۆریی کەلێنە کۆمەڵایەتییەکانی ئیستین ڕووکان، هەل بۆ پێکهاتنی گوتارێکی سیاسی لە دەوری کەلێنی نەتەوەیی، فارس-کورد و جۆرێک ناسیۆنالیزمی قەومی کە لە دژایەتی لەگەڵ ناسیۆنالیسمی ئێرانی ڕەزاشادا بوو ڕەخسا. چون هەم بارودۆخی مێژوویی بەهۆی بۆشایی دەسەڵات لەبار بوو هەمیش ئەم گوتارە بە درێژیی ساڵەکانی دەسەڵاتی ڕەزا شا خەریک بوو پێک دەهات. دەتوانین ئەم قۆناغە وەک سەرەتای شکڵ‌گرتنی گوتاری سیاسی کورد ناودێر بکەین. کە بۆ یەکەم جار بوو لە مێژووی سیاسیی کورددا بەم شێوەیە پێک دەهات، چون لەم قۆناغەدا ڕێبەریی سیاسی کورد لە ئەستۆی حیزبێکدا بوو کە پلان، ئەساسنامە و ڕێکاری بۆ بە بەڕێوە بردنی خولیا نەتەوەییەکانی گەلەکەی هەبوو. حیزبێک کە لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢٤دا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ئێعلامی مەوجودییەتی کرد و بووە ڕێبەری سیاسیی کورد بە گوتارێکی سیاسی نەتەوەیی نوێوە. لە کاتێکدا کە بەشی هەرە زۆری سیاسەتەکانی ڕەزاشا لەسەر بنەمای  هاوشێوەکردنی کولتووری، ئیتنیکی و نەتەوەیی و سەپاندنی شێوە ڕوانینی خۆی و سەرکوتی هێزە ناوەندنەخوازەکان بە پێداگری لەسەر گوتاری ناسیۆنالیزمی کەوناراخواز بۆ وەدی‌هاتنی دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی شکڵی گرتبوو، لە کوردستان حیزبی دێموکرات لە بەیاننامەی ئێعلام مەوجودییەتی خۆیدا جەختی لەسەر مافی خودموختاری لە چوارچێوەی سنوورەکانی ئێران، پێکهاتنی ئەنجومەنە ئەیالەتییەکان(٢) لە سەر بنەمای یاسای بنەڕەتی و مافی خوێندن بە زمانی زگماکی (کوردی) دەکرد.(ایگلتۆن، ١٣٦١، ١٠٣). لە ڕاستیدا گوتاری سیاسیی کورد لە دژایەتی لەگەڵ گوتاری ناسیۆنالیستیی پەهلەوی، بە دوای شوناسێکی تایبەت، لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزمێکی شوناسخوازانەدا بوو، کە ئەم شوناسە بە هۆی ناسیۆنالیزمی هاوشێوەسازی پەهلەوییەوە کەوتبووە بەر هەڕەشەی لە نێوچوون. سیاسەتی «ئێرانیزاسیۆن»ی پەهلەویی یەکەم، کە پێش‌مەرجی، پێکهاتنی  دەوڵەت-نەتەوەیەکی مۆدێڕن بە ژمار دەهات، پشتی بە نزیک‌بوونەوەی هەنگاو بە هەنگاوی قەومی و نەتەوەیی و کەمایەتییە قەومی و ناوچەیی و مەزهەبیەکان نەبەستبوو. ئەم سیاسەتە لەسەر بنەمای سڕینەوەی قەومی و حاشا کردن لە جیاوازییەکان دامەزرابوو، هەر بەم هۆیەش کێشەی نێوان ئەم جیاوازییانە و دەوڵەتی ناوەندی لێ کەوتەوە.(آبراهامیان، ١٣٨٣، ٣٠١-٣٠٠) گوتاری سیاسیی کورد بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات، لە یەکەمین قۆناغی ژیانی سیاسیی خۆیدا بە دەوری کەلێنی نەتەوەیی کە بەهۆی ناسیۆنالیزمی کەوناراخوازی قەومی پەهلەویی یەکەمدا قووڵ ببۆوە، بە جومگەبەندیی هێندێک لە واتا و چەمکی گوتاریی، پێک هات. ئەگەرچی لەم قۆناغەدا بۆ یەکەم جارە کە داواکاریی «خودموختاری» لەسەر دەستی حیزبی دێموکرات دێتە نێو ئەدەبیاتی سیاسیی کوردەوە. بەڵام ئەم واتایە نەیدەتوانی لە دۆخێکدا کە شوناسە نەتەوەیی، زمانی و کولتوورییەکەی بە هۆی پلانە هاوشێوە‌سازییەکانی دەوڵەت-نەتەوە سازی پەهلەویەوە کەوتبووە بەر پەلامار، وەک دالی ناوەندیی ئەم گوتارە بێتە ئەژمار. بەپێی سوخەنرانی و دیمانەکانی قازی محەممەد، ڕێبەری حیزبی دێموکرات و سەرکۆماری دەوڵەتە ناوچەییە کوردییەکە و بەیاننامە و ڕاگەیاندنەکانی حیزبی دێموکرات لەو سەردەمەدا، پێداگری لەسەر زمانی کوردی وەک خاڵێکی گرینگی پێکهێنەری شوناسی نەتەوەیی دەردەکەوێ، کە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە دەتوانین سەرنج بدەینە ئەم بڕگانەی خوارەوە؛ - لە بڕگەی دووهەمی بڵاوکراوەی ئێعلام مەوجودییەتی حیزبی دێموکراتدا، ئاماژە بە «مافی خوێندن بە زمانی زگماکی» دەکرێ. - لە مەرامنامەی حیزبی دێموکراتدا؛ جەخت لەسەر کوردی‌بوونی زمانی فەرمیی دایرەکان و دەرکردنی بڵاڤۆکی «کوردستان» وەک ئۆرگانی ڕەسمیی حیزب و بڵاوکردنەوەی بابەت بە زمانی کوردی دەکرێ. - لە قەتعنامەی کۆتایی وتووێژەکانی حیزبی دێموکرات و فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجاندا؛ ئاماژە بە پەرەدان بە زمانەکانی کوردی و ئازەری لە ناوچە ژێر دەسەڵاتەکانی یەکتریدا دەکرێ. - لە ڕێکارنامەی حکوومەتی ناوچەیی کوردستاندا ئاماژە بە پێویستیی هەڵگرتنی ناوە غەیرە کوردییەکان لەسەر قوتابخانە و دایرەکان و دانانی ناو و نازناوی کوردی کراوە. (خوشحالی، ١٣٨٠، ٥٤-٣١) لە کاتێکدا «شا دەیویست بە داسەپاندنی زمانی فارسی وەک زمانێکی تایبەت و زۆرەملی لە کاروباری حکومەتی و ڕۆژنامە و ڕاگەیاندن و کتێبەکاندا، بە شێوەیەکی ئاشکرا ڕێ بە پەرەسەندن و مانی زمانی کوردی بگرێ» (انتصار، ١٣٩٠، ٦١) بەڵام زمانی کوردی لەم قۆناغەدا وەک یەکێک لە گرینگترین واتاکانی گوتاری سیاسیی کورد، خۆ دەنوێنێ و چەشنی چەمکێکی پێکهێنەری شوناس دەبێتە بنەڕتیترین واتای ئەم گوتارە، بەو هۆیەی کە پەراوێز خستنی زمانی شوناسێکی نەتەوەیی دەتوانێ ببێتە هۆی سڕینەوەی ئەم شوناسە، پێداگری لە سەر زمان بە هەمان شێوە دەتوانێ ببێتە هۆکاری پێکهاتنی شوناس. لە ڕاستیدا «دەسەڵاتدار بە تێگەیشتن لەو ڕاستییە کە سەلماندنی شوناسی زمانی ئەویتر بە مانای دان‌پێداهێنان بە بوونی ئەم پێکهاتەیەیە، حەول بۆ تێکدانی ئەم شوناسە زمانیە دەکا... نەتەوەیەک کە زمان وەک تاکە چەمکی مانا بەخش و ڕاگوێزەری کولتوور لە دەست بدات، ناچارە بە قەبووڵ‌کردنی زمانی ئەویتری، فەرهەنگی ئەویتری و هەر لەم ڕێگایەوە شوناس و دەسەڵاتی ئەویتر».(رضایی، ١٣٨٥، ١٦٥-١٦٤) هەرەسهێنانی کولتووری و زمانی و لە ئاکامدا هەرەس‌هێنانی شوناسێکی ئیتنیکی و نەتەوەیی ژێرستەم لە دەورانی ئێستیعماری و تەنانەت لە دەورەی پاش ئێستیعماریشدا بۆتە هۆی ئەوەی کە زۆر لە نەتەوە ژێردەستەکان لە ڕێی ململانێی زمانییەوە بەرگرییان لە شوناس و کیانی سیاسیی خۆیان کردوە. «دژکردەوە بە نیسبەت هەڕەشەی نەتەوە و هێزی باڵا دەست چ لە چوارچێوەی زمان و کولتوور و چ لە قەوارەی کێشەی سەربازیدا، بەردەوام بەشێکی لە مێژووی وڵاتانی بە خۆوە گرتووە، کە لە ئاکامدا یا بەرهەم‌هاتنی بیری نوێ و پێکهاتنی گوتارێکی نوێی لێ کەوتۆتەوە یا بۆتە هۆی مانەوەی زمان، شوناس و نیشتمانی نەتەوەی ژێردەست».(هەمان، ١٦٩) کەواتە لەو سەردەمەدا کە زمانی کوردی وەک زمانی پێکهاتەکانی دیکەی ئێران بە هۆی پلانی دەوڵەت-نەتەوە سازی ڕەزاشاوە کەوتبووە ژێر گوشارەوە، زمان وەک چەمکێکی پێکهێنەری شوناس، لەنێو گوتاری سیاسیی کورددا خۆ دەنوێنێ و وەک دالی ناوەندیی «گوتاری سیاسیی شوناسخوازیی حیزبی دێموکرات» واتاکانی دیکە بە دەوری خۆیدا جومگەبەندی دەکا. بە شێوەیەک کە بە پێکهاتنی کۆماری کوردستان، لە ڕێی نیزامی پەروەردەییەوە، بە کەڵک‌وەرگرتن لە گۆڤار و بڵاوکراوە و کتێبی پۆل، کۆمار حەولی بۆ پەرەدان و بە فەرمی کردنی ئەو زمانەدا. بە شێوەیەک کە ئەم ژێرخانە دواتر بووە کۆڵەکەی زمانی کوردی لەژێر دەسەڵاتدارێتی هەر دوو حکومەتی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامیدا. هەڵبەت ناسیۆنالیزمی قەومیی کورد کە لە دژایەتی لە گەڵ ناسیۆنالیزمی ئێرانیدا شکڵی گرتبوو هێندێک واتای دیکەی لە خۆی کۆ کردبۆوە کە بۆ یەکەم جار بوو دەهاتنە نێو ئەدەبیاتی سیاسی کوردەوە، کە گرینگترینیان "خودموختاری" بوو کە وەک داواکارییەکی گرینگ و سەرەکیی گوتاری شوناسخوازیی حیزبی دێموکرات هاتە بەر باس و داواکردن. هەر وەک لە بڵاوکراوەی ڕاگەیاندنی پێکهاتنی حیزبی دێموکرات، وتووێژ و قسەکانی سکرتێر و سەرکۆمار دەردەکەوێ، ئەم خودموختارییە لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتیی ئێراندا داوا کراوە و خودموختاری و ئەنجومەنە ئەیالەتییەکان وەک چەمکێکی یاسایی لەگەڵ واتای ئازادی، چەمکە سەرەکییەکانی ئەم گوتارە پێک دەهێنن، ئەم واتایانە لە چوارچێوەیەکی گوتاریی شوناسخوازانەدا جومگە بەندی دەکرێن و واتاکانی دیکەی وەک سەربەخۆیی خوازی و تێک دانی دەسەڵات و شکاندنی قەوارەی نیشتمانی ئێرانی دەخەنە لاوە.   پەراوێزەکان: ١- Stein Rokkan (1921-1979) ئیستین ڕووکان پێی وایە کە کەلێنی نەتەوەیی یا قەومی یەک لەو کەلێنانەیە کە ئەو تواناییەی هەیە کێشەی سیاسی لە سەر ساز بێت و ئەم کەلێنە ڕاست لە کاتە هەستیارە مێژوویەکاندا ئەم کێشەیە دەخوڵقێنێ، سەرەڕای ئەوەی کە دەوڵەت-نەتەوە سازیش دەتوانێ بەستێنێکی گونجاو بۆ قووڵ‌بوونەوەی ئەم کەلێنە پێک بێنێ، بە تایبەت کە ئەگەر ئەم پرۆژەیە لەسەر بنەمای هاوڵاتی مەدەنی دا نەکرێ کە لە سەردەمی پەهلەوی و دواتریش دەوڵەت نەتەوەسازی لە سەر ئەساسی نەتەوەی باڵادەست و بێ لەبەر چاوگرتنی مافی هاووڵاتی، پێکهاتەکانی دیکە حەولی بۆ دراوە. ٢- لە یاسای بنەڕەتی مەشرووتەی ئێران لە ئەسڵەکانی ٩٣-٩١ دا  ئەم ئەسڵە بەفەرمی ناسراوە. *** * ئەم وتارە پێشتر لە کتێبی "قەڵای خۆڕاگری" کە کۆمیسیۆنی چاپەمەنیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی یادی ٧٥ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکرات دەری کردبوو، بڵاو بۆوە. ئەوکات بەهۆی ئەوەی د. ئازاد محەممەدیانی لە شاری بۆکان و لە نێوخۆی وڵات دەژیا، لەبەر ڕێوشوێنی ئەمنییەتی بە ناوی "د. ڕزگار موکری" بڵاو کرایەوە و "کوردستان" ئێستا لە سێ بەشدا بڵاویان دەکاتەوە.