کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆکار و ئاکامی هەڕەشە و هێرشەکانی سپای پاسداران

04:51 - 16 رەزبەر 2721

یەکێک لە کەرەسە بەردەستەکانی دەسەڵاتدارانی وڵاتانی نادێموکراتێک بۆ ڕاکردن لە دەستی قەیرانەکانی نێوخۆ، دروست‌کردن یان زەق‌کردنەوەی مەسەلەکانی پێوەندیدار بە بواری سیاسەتی دەرەکی و بەناو ئەمنییەتیی وڵاتە. بە واتایەکی دیکە بەئەمنییەتی‌کردنی مەسەلەکانی سیاسەتی دەرەکی دەیانەوێ کەشوهەوایەک بخوڵقێنن کە بتوانن فەزای نێوخۆی وڵاتی پێ‌کونترۆڵ بکەن و دەستیان ئاوەڵاتر بێت بۆ سەرکوتی جیابیران و دژبەرانیان و لەو حاڵەتەدا حکوومەت دەبێتە خاوەنی هێزی ڕەها و هەرچی پێی‌ خۆش بێت لە نێوخۆی وڵات بە قازانجی مانەوەی لە دەسەڵاتدا دەیکا. دۆخی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا بەو شێوەیە بووە کە بە خوڵقاندنی قەیرانی دەرەکی، قەیرانە نێوخۆییەکانیان داپۆشیوە و دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵکیان پێ سەرکوت کردووە. هەر بۆیە دەبینین دوای دەست‌بەکاربوونی دەوڵەتی ئیبراهیم ڕەئیسی، سپای پاسداران لە قەیران‌خوڵقێنییەکانی لە ناوچە بەردەوام بووە و شەپۆلێکی نوێی لە هەڕەشەکردن لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەوانیشەوە هەڕەشەکردن لە هەرێمی کوردستان-عیراق، بەڕێوەبردنی مانۆڕی جۆراوجۆری سەربازی لەسەر سنوورەکانی وڵاتی ئازەربایجان و لێدوانی توندی فەرماندەکانی سپا دەست پێ کردووە کە لە هەموواندا بۆنی شەڕ و ئاژاوەیەکی نوێ دێ. بیجگە لەوانە ماوەی چەندین ساڵە بەهۆی سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، دەسەڵاتدرانی ئەو نیزامە بۆ هەڵاتن لەدەست قەیرانە ئابووری و سیاسی و فەرهەنگییەکان لە نێوخۆی ئێران، هاتوون کۆمەڵێک قەیرانی دیکەیان لە ناوچەکەدا خوڵقاندووە، وەک بوونی لقەکانی سپای پاسداران و لاینگرەکانیان لە سووریە، لوبنان، یەمەن، عیراق و .... کە ڕاستەوخۆ لە ڕێگای دەست‌وپێوەندەکانیانەوە دەستێوەردان لە هەموو جومگەکانی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی ئەو وڵاتانەدا دەکەن و ئیزن نادەن خەڵکی ئەو وڵاتانە بۆ خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن و سەقامگیری لەو وڵاتانە و بە گشتی لە ناوچەکەدا دەستەبەر بێ. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا دەرسیان وەرنەگرتووە کە بە درێژەدانی سیاسەتی حاشا و پەردەپۆش‌کردنی ویستی گەلانی ئێران و خوڵقاندنی قەیرانە دەرەکییەکان ناتوانن هەتا سەر لەو یارییەدا سەرکەوتن بەدەست بێنن، بەتایبەتی لە حاڵی ئیستادا کە ڕەوتی ڕووداوەکانی وڵاتانی دەوروبەری ئێران لە درێژخایەندا ڕەنگە لە قازانج و بەرژەوەندیی کۆماری ئیسلامیدا نەبێ و ئەو قەیرانانەی کە خۆی خوڵقێنەریان بووە لە هەر ئان و ساتێکدا بەڕووی خۆیدا بشکێنەوە. سیاسەتی دەرەکیی کۆماری ئیسلامی بەپێی نێوەرۆکی یاسای بنەرەتیی ئەو نیزامە لەسەر هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دامەزراوە و ڕەچاوکردنی ئەو سیاسەتە لە ماوەی ٤٢ سالی ڕابردوودا وای لە ئێران کردووە نەک لە ناوچەکەدا بەڵکوو لەنێو کۆمەڵگەی جیهانیشدا تەریک بکەوێتەوە و بە چاوی وڵاتێک سەیر بکرێ کە سەرچاوەی ئاژاوە و ناسەقامگیرییە لە وڵاتانی دەوروبەر. ئەو ڕێژیمە ناوەندی هەناردەکردنی تیرۆریزمی دەوڵەتییە لە سەرانسەر جیهاندا و لە هەمان کاتدا ئەو ستراتیژییەی ڕێژیم و هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی کۆمەڵگەی ئێرانی لە بواری ئابووری و فەرهەنگی و سیاسییەوە تووشی داڕمان کردووە. لەو سۆنگەیەوە ڕۆژ بە ڕۆژ قەیرانە نێوخۆییەکانی کۆمەڵگەی ئێران لەسەر یەکتر کەڵەکە دەبن و دەسەڵاتدرانی کۆماری ئیسلامییش لە ئاستی چارەسەرکردنیان داماو و داماوتر دەبن. یەکێک لەو پرس و بابەتانەی کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دامەزرانی ئەو نیزامە بەدەستیەوە داماون، پرسی چارەسەرکردنی پرسی ماف و ئازادییەکانی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێرانە. بەتایبەتی گەلی کورد کە لە ماوەی دەسەڵاتداریی نیزامی پاشایەتی و بەدوای ڕووخانی نیزامی پاشایەتی لە نیزامی کۆماری ئیسلامیشدا ویستیاری وەدەست‌خستن و دانپێدانانی دەسەڵاتدارانی تارانە بە ماف و ئازادییەکانی. ئەم نەتەوەیە لەو ڕێگایەدا خوێن و قوربانیی زۆری داوە و هەموو کات پشتیوان و پشتگیریی حیزبەکانی خۆیانیان کردووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە ئاستی ئەو ڕاستییەدا خۆیان گێل دەکەن کە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی حیزبی دێموکرات هەڵقوڵاو و هەڵگری ویست‌وداخوازیەکانی گەلی کوردن لەو بەشە لە نیشتمانەکەیان و بە زەبرلێدان و تیرۆرکردنی ڕێبەران و کادر وپێشمەرگە و ئەندامانی ئەو حیزبانە ناتوانن ڕەوڕەوەی خەباتی گەلی کورد بوەستێنن. ئەوەی لەو ماوەیەدا لە زمانی کاربەدەستانی بەرزی کۆماری ئیسلامی و فەرماندەرانی سپای پاسدارانەوە دەرحەق بە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەگوترێ شتێکی نوێ نییە بەڵام دوو ڕاستی لەخۆ دەگرێ: یەکەم ئەوە کە لە ماوەی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگی ئەو نیزامە نەیتوانیوە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەچۆکدا بێنێ و تەسلیمی سیاسەتە چەوتەکانی خۆی بکا. دووهەم نیشانەی ئەوەیە کە لەو ماوە دوور و درێژەدا سیاسەتەکانی نیزام نەک نەیتوانیوە پێگەی حیزبەکان لەنێو خەڵکی کوردستان لاواز بکا بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ پێگەی جەماوەریی ئەو حیزبانە لەنێوکۆمەڵگەی کوردەواریدا بەهێز و بەهێزتر بووە و هەست و شعووری نەتەوەیی لە ئاستێکی بەرزدا گەشەی کردووە، هەربۆیە لە نێوەرۆکی وتە و لێدوانەکانی کاربەدەستانی تاراندا دەتوانین ئەو ڕاستییە بخوێنینەوە کە چەندە لە پێگەی جەماوەریی ئەو حیزبانە لەنێو خەڵکی کوردستان ترسیان هەیە کە ئامادەن سنووری ئاسمانی و زەویی وڵاتێکی دیکە ببەزێنن و بە قسەی خۆیان بنکە و بارەگای حیزبەکان کۆ بکەنەوە و غافڵ لەوەن یان خۆیان گێل دەکەن کە پێگەی ڕاستەقینەی ئەو حیزبانە لەنێو خاک و دڵی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایە نەک لە بنکە و بارەگاکانی حیزبەکان. هەروەک مێژوو سەلماندوویەتی ڕێگا چارەی پرسی نەتەوەکان بە تایبەتی نەتەوەی کورد تەنیا و تەنیا بە ڕێگای ئاشتییانەیە و لوولەی چەک و تۆپخانە ناتوانی ئەو پرسە چارەسەر بکا. کاتێک نیزامی پاشایەتی بە هێزی نیزامی هێرشی کردە سەر کۆماری کوردستان و کۆماری جوانەمەرگ کرد و پێشەوا و ڕێبەرانی کۆماری دەسبەسەر و زۆریانی لە سێدارە دا، پێی‌وابوو کە خەباتی کورد دەوەستی، بەڵام دیتمان کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ماوەیەکی کەمدا بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان خۆی ڕێک خستەوە و ڕێبەری خەباتی مافخوازانەی گەلی کوردی بەدەستەوە گرتەوە و هەتا ڕووخانی نیزامی پاشایەتی لە خەبات بەردەوام بوو. لە سەردەمی نیزامی کۆماری ئیسلامییشدا دەسەڵاتدارانی ئەو نیزامە کە لە دژمنکاری گەلی کورددا میراتگری نیزامی پاشایەتی بوون، هەر زوو شەڕیان بەسەر کوردستاندا سەپاند و دەستیان کرد بە کوشت و کوشتاری خەڵکی کوردستان و ڕێگای تێرۆری ڕێبەران و کادر و فەرماندەکانی حیزبی دێموکراتیان گرتەبەر، بەو تەمایە کە حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان بەچۆکدا دێن و واز لە خەباتی حەقخوازانەی خۆیان دێنن. بەڵام وەک دەبینین بەپێچەوانەی ویستی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە پشتیوانیی خەڵکی کوردستان هەروا لە مەیدانی خەبات‌دان و بۆ وەدەست‌خستنی ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سەنگەردان. جێی شک نییە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ماوەی ٤٢ ساڵە بە چاوی ئەمنییەتییەوە دەڕواننە کوردستان و دەیان و سەدان بوختان و تۆمەتیان لەو ماوەیەدا ئاراستەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە کە خۆیان لە هەموو کەس باشتر دەزانن کە هەموویان بێ‌بنەمان. حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزێکی سەربەخۆی هەڵقوڵاو لە ئیرادەی گەلی خۆیانن و تەنیاوتەنیا پشتیان بە پشتیوانیی خەڵکی خۆیان گەرمە و ئەوە خەڵکی کوردستانە وزە و هێز لە هەموو بوارێکەوە دەدا بە حیزبەکانی خۆی. مانگرتنی سەرانسەریی خەڵکی کوردستان لە ٢١ی خەرمانانی١٣٩٧ دوای مووشەک‌بارانی قەڵای دێموکرات لە ١٧ی خەرمانان لە لایەن سپای پاسدارانەوە، باشترین و نوێترین بەڵگەی پشتیوانیی خەڵکی کوردستانە لە حیزبەکان. هەربۆیە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لەو پێگە جەماوەرییە بەربەرینەی حیزبەکان لەسەردەمی ئێستادا ترسیان لێ‌ نیشتووە و دەیانهەوێ بەو کردەوە و هەڕەشانەی فەرماندەکانی سپای پاسداران قەیرانێکی نوێ لە ناوچەکەدا بخوڵقێنن بۆ ئەوەی لە هەلومەرجی ئیستادا قەیرانە نێوخۆییەکانی بۆ ماوەیەک پێ‌ داپۆشن و بیروڕای خەڵکی ئێران بەرەوە ئەوە ڕابکێشن کە لەسەر سنوورەکان و لە ڕێگای حیزبە کوردییەکانەوە، ئێران مەترسیی لەسەرە و مادام ئەو مەترسییانە هەن خەڵک دەبێ بەو ژیانەی ئیستا قەناعەت بکا. بەڵام قەیرانە نێوخۆییەکانی ئێران ئەوەندە بەربڵاو و هەمەلایەنەن کە خوڵقاندنی ئەو جۆرە قەیرانانە نەک دادی کۆماری ئیسلامی نادەن بەڵکوو دەبنە هۆکارێک لە سەدان هۆکار کە نیزامی پێ لاوازتر و ناسەقامگیرتر دەبێ و لە هەمان کاتدا پێگەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی لە نێو خەڵکی کوردستاندا پێ بەهێزتر دەبێ.