کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بزووتنەوەی کورد و عەقڵییەتی ناوەندگەرا

04:58 - 16 رەزبەر 2721

خەسڵەت و تایبەتمەندیی بەرچاوی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان - لانیکەم لە هەشتا ساڵی ڕابردوودا – گشتگیر و جەماوەری‌بوون بووە. بەو مانایە کە هەم لەسەر ئاستی کۆمەڵانی خەڵک و هەم لەسەر ئاستی شار و ناوچەکانی نیشتماندا، بزووتنەوە قووڵایی و پانتایی خاک و خەڵکی کوردستانی لەخۆ گرتووە. لەم پێوەندییەدا حیزبی دێموکراتی کوردستان کە قورسایی ڕێبەرایەتیی دەیان ساڵەی ئەم بزووتنەوەی کەوتۆتە سەرشان، زۆرترین ڕۆڵ و کاریگەریی لە چەسپاندنی ئەم خەسڵەت و تایبەتمەندییە بە بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستاندا هەبووە و گێڕاوە. لە بەرانبەر‌دا دەسەڵاتی سیاسی لە تاران لە هەردوو سەردەمی پاشایەتی و کۆماری ئیسلامیدا بە هەست‌کردن بەم واقعیەتەی بزووتنەوەی کوردستان و حاشاکردن لە ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و لەئارابوونی بزووتنەوەیەکی مافخوازانەی جەماوەری، هەوڵی چەواشەکارییان داوە. بەتایبەت ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵی داسەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بە سەر ئێران و کوردستاندا، جیا لە هێرشی سەختی سەرکوتکەرانە بۆ سەر خەڵکی کوردستان و بزووتنەوە ڕەواکەی، بەردەوام هەوڵی داوە بە پێناسەی چەواشەکارانە، بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان بچووک و بەتاڵ لە ئیرادەیەکی گشتیی جەماوەری نیشان بدات. لە ڕوویەکی دیکەشەوە و بە ڕوانگەیەکی تەواو ئەمنیەتی هەوڵی داوە حیزبەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ماهییەتی وجوودییان بەدەر لە ناخی خەڵک و کۆمەڵگەی کوردستان پێناسە بکا. بە واتایەکی دیکە ویستوویەتی و دەیهەوێ بزووتنەوەی نەتەوایەتیی خەڵکی کوردستان تەنیا لە چوارچێوەی هەڵوێست و سیاسەتی حیزبەکان و جموجۆڵ و تێکۆشانی پێشمەرگە‌دا نیشان بدا و بڵێ کە ئەوەی لە ئارادایە هیچ پێوەندییەکی بە خەڵکی کوردستان و کۆمەڵگەی کوردستانەوە نییە! ئەم ڕوانگە نادرووست و دوور لە واقعیەتە ئەوەندە بۆش و بەتاڵە کە تەنانەت خودی کاربەدەستانی ڕێژیمیش لە ماوەی ٤٢ ساڵی ڕابردوودا باوەڕیان لەسەر سووک بووە و بە شێوەی جۆراوجۆریش نیشانیان داوە جیاکردنەوەی حیزبەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە کۆمەڵگەی کوردستان جیا لە خۆگێلکردن لە ڕاستییەکانی کوردستان و بزووتنەوە مافخوازانەکەی شتێکی دی نییە. ڕوونە کە ئەگەر ئیدیعاکانی ڕێژیم وەها با، نە دەسەڵاتی ناوەند ئەو هەمووە هەزینەی بۆ لەنێوبردنی دەکرد و نە خودی بزووتنەوەکەش دەیتوانی ئەو بارگرانییە لەسەر دەسەڵاتی سیاسی لە تاران درووست بکا و نە دەیتوانی نەک خۆڕاگری، بەڵکوو بەردەوام لە گەشەکردندا بی. کەوابوو خەڵکی و جەماوەری‌بوونی بزووتنەوەی نەتەوایەتیی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێگە و نفووزی حیزبەکان و بەتایبەت حیزبی دێموکرات کە تارانیش زیاترین سەرنجی خستۆتە سەر، سەلمێندراو و حاشاهەڵنەگرە. بەڵام سەرەڕای ئەم واقعیەتە، دەسەڵاتی سیاسی لە تاران –بەهەر فۆڕم و نێوەڕۆکێکەوە بێ– بە نیسبەت پرسی کوردەوە خەیاڵ و ئارەزوویەکی لەمێژینەی لەسەر دایە کە سەرچاوەکەی بۆ تەواویەتی‌خوازیی دەوڵەتی ناوەندگەرا و سڕینەوەی ئەوانی‌‌تر کە ویست و داخوازی خۆیان هەیە، دەگەڕێتەوە. ئەگەر ئەم ڕوانینەی دەسەڵاتدارانی تاران تەنیا بە نیسبەت بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکرات لە مێژووی هاوچەرخدا بە نموونە بهێنینەوە، دەبینین کە لە قۆناغی جیاجیادا و بە بەردەوامی هەوڵ دراوە دابڕانێک لە نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵگەی کوردستان و بزووتنەوە مافخوازەکەیدا دروست بکرێ. نزیک بە هەشتا ساڵ پێش ئێستا کە حیزبی دێموکراتی کوردستان دامەزراو و کۆماری کوردستانی بنیات نا، ڕوانینی کاربەدەستانی ئەوکاتی تاران لە ڕێژیمی پاشایەتی، بەبێ لەبەرچاوگرتنی بنەڕەتی ڕووداو و گۆڕانگارییەکان و واقعیاتی بزووتنەوەی کورد، حیزبی دێموکرات و پێشەواکەی، کۆماری کوردستان و سەرکۆمارەکەیان بە دەستکرد و پیاوی ئەم‌وئەو لە قەڵەم دەدا و وایان وێنا دەکرد. دواتر لە سەردەمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییشدا هەمان ڕوانین بە نیسبەت حیزبی دێموکرات و جێگرەوەی پێشەوا قازی محەممەدی نەمر، شەهید دوکتور قاسملوو، هاتە ئاراوە. ئامانجی دەسەڵاتی سیاسیی تاران لەم ڕوانینە دوو شته: یەکەمیان ئەوەیکە بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد بە گشتی بخاتە ژێر پرسیار و بڵێ کە ئەوەی هەیە هیچ پێوەندییەکی بە کۆمەڵگەی کوردستان و بە قسەی ئەوان "ئەم بەشە لە ئێران"ەوە نییە و حاشا لە پرسێکی مێژوویی بە ناوی کوردەوە بکا، دووهەمیان ئەوەیکە ئەگەر وەک پێیان سەلمێندراوە دان بە بوونی کورد لە وڵاتدا بنێن، بڵێن کە ئەم حیزبانە – بەتایبەت حیزبی دێموکرات کە ڕابردوویەکی دورودرێژی لە ڕێبەری‌کردنی بزووتنەوەکەدا هەیە – هیچ ڕەبتێکیان بە کۆمەڵگەی کوردستان و بزووتنەوەکەوە نیوە و و هەوڵی لێکدابڕاندنیان بدا. لەپێناو ئەم تێڕوانین و پلانەشدا دەسەڵاتی سیاسی لە تاران لە هەردوو ڕێژیمدا، هانایان بۆ هەموو پیلانێکی جۆراوجۆری سەخت و نەرم بردووە. به وردبوونەوە لە پیلانەکانی ڕێژیم و بەئامانجگرتنی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ماوەی ٧٦ ساڵی ڕابردوودا، دەردەکەوێ کە تێڕوانینی دەسەڵاتی سیاسی لە تاران وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا نەتەنیا جیا لە خەیاڵ و ئارەزوو شتێکی دیکە نییە و خۆیشیان هیچ باوەڕیکیان بە دابڕانی نێوان حیزبی دێموکرات و کۆمەڵگەی کوردستان نییە، بەڵکوو ڕاست سەڵمێنەری ئەو حەقیقەتەیە کە ئەوە حیزبی دێموکرات و حیزبەکانی دیکەن کە ڕێبەرایەتی و مودیرییەتی بزووتنەوەی کوردستان دەکەن. داسەپاندنی شەڕ بە سەر کوردستاندا و ناچارکردنی حیزبەکان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ بەرەبەرەکانێ و گواستنەوەی بەناچاری بنکەی تێکۆشەران بۆ چیا و سنوورەکانی کوردستان و گرتنەوەی شار و ناوچەکانی کوردستان لە لایەن ئەرتەش و سپای پاسداران بە زەبری شەڕ و سەرکوت، زیاتر ئەم خەیاڵەی لای کاربەدەستانی تاران بەهێز کرد کە دەتوانن کەلێن بخەنە نێوان خەڵک و حیزبەکانەوە. بەڵام وەک دەرکەوت و سەلمێندرا پێوەندیی نێوان حیزبەکانی کوردستان، بەتایبەت حیزبی دێموکرات زۆر لەوە قووڵترە کە ڕێژیم بتوانێ لێکیان داببڕێ. ئێستا دوای زیاتر لە چل ساڵ دەبینین ئەم پیلانە دژ بە حیزبەکان و بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەتەنیا بۆتە بڵقی سەر ئاو، بەڵکو بزووتنەوەی کورد به ڕێبەرایەتیی حیزبەکان زیاتر لە هەمیشە قوڵایی و پانتایی کۆمەڵگەی کوردستانی تەنیوە، بزووتنەوە بە هەموو ڕەهەندەکانیەوە زیاتر لە جاران گشتگیر و جەماوەری بۆتەوە، حیزبەکان هەروا جێی هیوا و هومێدی خەڵک و هەرکام بەپێی پێگەیان و قورسایی خۆیان نفوزی جەماوەرییان پاراستووە. ئێستا ئەوە کۆمەڵگەی کوردستان بە گشتی و چالاکانی سیاسی، مەدەنی و فەرهەنگیی نێوخۆی کوردستانن کە ڕاستەوخۆ بە ئیلهام‌وەرگرتن لە نێوەرۆکی بەرنامە و تێڕوانین و پەویامی حیزبەکان، ڕاستەوخۆ و بەبێ ترس لە هەڕەشە و گوڕەشەکانی دەسەڵات خاوەندارێتی لە پرسەکان دەکەن. کۆمەڵگەی کوردستان بە هەوڵ و هیمەتی دامەزراوە مەدەنییەکان و چالاکانی نێوخۆ، ڕێکخراوتر لە هەمیشە لە پێناو دەستەبەرکردنی ویست و داخوازییەکانی خۆیدا هەنگاو دەنێ. بەپێچەوانەی خەون و خەیاڵی نەیارانی کورد لە تاران، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەرینتر لە جاران خۆیان بە پشتیوانی حیزبەکان دەزانن و حیزبەکانیش لەپێناو خاک و خەڵکی کوردستاندا لە خەبات و تێکۆشان بەردەوامن. ئەمانە تەنیا ئیدیعا نین و لانیکەم لە چەند ساڵی ڕابردوو هەم دەسەڵاتی سیاسی لە تاران بە کردەوەکانی خۆی و هەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە هەڵوێستەکانیان ئەم واقعیەتانەیان سەلماندووە. هێرشی مووشەکی بۆ سەر حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، درێژەدان بە سیاسەتی تێرۆری تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر بنکەکانی هێزی پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەکان لە لایەک و هەوڵی کاربەدەستانی ڕێژیم بۆ دانیشتن لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەر هەموویان سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە کۆماری ئیسلامی بەپێچەوانەی مەیل و ئارەزووی خۆی ناتوانێ حاشا لە ڕۆڵ و کاریگەریی ئەم حیزبانه و هێزی پێشمەرگەی کوردستان و پێگەو نفووزیان لەنێو خەڵکدا بکات و سەرەڕای هەموو ئیدیعایەکی درۆیینی، دیسان حیزبەکان بە ئادرەسی واقعیی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەزانێ. لە لایەکی دیکەوە ئەگەر هەر مووشەکبارانی قەڵای دێموکرات و بوردمانی بنکەکانی هێزی پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەکان لە لایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمەوە بۆ قسەکردن لە هەڵوێستی خەڵک بە پشتیوانیی حیزبەکان بە نموونە بهێنێنەوە، پێویستە ئاماژە بە چەند هەڵوێستێک بکەین. مانگرتنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە ٢١ی خەرمانان، تەنیا سێ ڕۆژ دوای هێرشی مووشەکیی بۆ سەر کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان، وڵامێکی ڕوون بوو بۆ دەسەڵاتی سیاسی لە تاران کە حیزبی دێموکرات خاوەنی چ پێگەیەکی بەرزی جەماوەرییە. هێرشی هەوایی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە کۆتاییەکانی مانگی ڕابردوویش‌دا دەرفەتێکی دیکەی بە خەڵکی کوردستان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە نێوخۆی وڵات دا کە بۆجارێکی دیکە بە پشتیوانی لە حیزبەکان هەڵوێست بگرن. هەر بۆ ئەمجارەیان و ڕاشکاوانەتر لە پێشوو خەڵک بە پەرۆشەو هاوسۆزیی خۆیان بۆ حیزبەکان و پێشمەرگەکان دەربڕی و ڕۆژانە بە هەزاران کەس لە نێوخۆی وڵات لە ڕێگای پێوەندی بە حیزبەکان و تێکۆشەرانیانەوە پشتیوانی خۆیان دەردەبڕی. هەر لەم پێوەندییەدا کەم نەبوون ئەو کەسایەتییە سیاسییانەی نێوخۆی وڵات کە بە واژۆکردنی نامە و دەرکردنی بەیاننامەی ڕەسمی کاردانەوەیان بە هێرشی سپای پاسدارانیان بۆ ناوچە سنوورییەکان پێشان دا و ڕوو بە دەسەڵاتدارانی تاران "حیزبەکانیان بە بەشێک لە کۆمەڵگەی کوردستان" ناو برد کە پێویستە دەسەڵاتدارانی تاران بۆ چارەسەریی کێشەکان لەگەڵیان بکەونە وتوێژەوە. ئەوەی ماوەتەوە بیڵێین ئەوەیە کە عەقڵییەتی ناوەندگەرای دەسەڵاتی سیاسی لە تاران لەوانەیە بتوانێ ئەوەی بە نیسبەت کوردستان و بزووتنەوە مافخوازانەکەی و حیزبەکانییەوە لە پلان و پیلانی‌دا هەیە، خەونی پێوەن ببینێ و ئیستراتێژیی خەیاڵیی لە سەر بنیات بنێ، بەڵام لە لە مەیدانی کردەوەدا ناتوانێ حاشا لە ڕۆڵ و پێگەی حیزبەکان، بەتایبەت حیزبی دێموکرات و پشتیوانیی کۆمەڵانی هەراوی کوردستان لەم حیزبانە بکا.