کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆژهەڵات مەیدانی سەرەکیی خەبات

05:03 - 16 رەزبەر 2721

بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی، لانی کەم نیزیک بە هەشت دەیەیە بە پێچەوانەی شۆڕشەکانی پێشووتری کورد، بە شێوەی ڕێکخراو و لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی سیاسیدا درێژەی هەیە. بەرنامەیەکی سیاسی کە بەرژەوەندییە گشتییەکانی خەڵکی کوردستانی کردووەتە ئامانجی خۆی و هەر ئەوەش گرینگترین هۆکارە بۆ پشتیوانیی بەردەوامی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانیەوە لەم ڕێبازە سیاسییە. بەرنامەیەک کە لە پاڵ سەرەکیترین ئاواتی خەڵک کە وەدیهاتنی ئامانجە نەتەوەییەکانیانە، پڕژاوەتە سەر دەستنیشانکردنی ڕێگەی چارەسەری سەردەمیانەی هەموو کێشەکانی خەڵک و وێناکردنی داهاتوویەکی پڕ سەروەری بۆ خەڵک و نیشتمانەکەیان. ئەگەر حیزبی دێموکراتی کوردستان وەک یەکەم حیزبی مودێرنی کوردی لە ڕۆژهەڵات شانازی ئەوەی پێ بەخشراوە کە ئەم هەنگاوە گەورە لە بزووتنەوەی کورددا هەڵێنێتەوە، خەڵکیش خاوەنی ئەو شانازییەن کە خاوەندارییەتی ئەم پڕۆژە سیاسییە بکەن و بە هی خۆیانی بزانن. هەر ئەمەش بووەتە سەرچاوەی ئێلهامبەخشیی دوولایەنەی نێوان حیزب و خەڵکی کوردستان لە بزووتنەوەی مافخوازانە و شوناسخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. هەر بۆیە هیچ پیلان و پڕووپاگەندەیەک لەو ماوە درێژەدا نەیتوانیوە درز بخاتە نێوانیان و ئەگەر خەڵک لە سەر خاکی خۆی خەباتی کردووە حیزبی بە پشتیوان و ئێلهامدەر زانیوە و حیزبیش لە پشتگیری تێکۆشەرانی کورد لە ڕۆژهەڵات و ناساندنی ئەم بزووتنەوە خەڵکییە بەردەوام بووە و دەنگی ئەوان بووە بە ڕووی دنیای دەرەوەدا. مەخابن لە هەموو ئەو ماوە دوور و درێژەدا نەیاران و دوژمنانی داخوازییە ڕەواکانی کورد یا لەو ڕاستییە حاشاهەنەگرە تێنەگەیشتوون، یا هەوڵیانداوە لە پێناو بەرژەوەندییە بەرتەسکەکانی دەسەڵاتداری خۆیاندا بە ئەنقەست چاویان بنووقێنن و بیروڕای گشتی خەڵکی ئێران بە لاڕێدا ببەن. یەکێک لەو ڕێگانەش پەنابردن بۆ درۆهەڵبەستن لە دژی حیزب و ڕێبەرانی بووە کە بە شەڕفرۆش و ئاژاوەگێڕ و بەستراوە بە بێگانە ناویان ببەن. هەر ئەمەش بکەن بە پاڵپشتێک بۆ درێژەدانی سیاسەتی شەڕفرۆشانەی حکوومەتەکەیان و هێزی پێشمەرگەی ئەم بزووتنەوە کە تەنیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژییەکانیان و لە پێناو پاراستنی کەرامەتی نەتەوەکەیان ناچار بە چەک‌هەڵگرتن بوون. پیلانێک کە هەر لە سەرەتاوە و بە تایبەت ئێستا کە ڕووی دزێویان هەڵماڵدراوە، لەلایەن زۆربەی حیزبەکانی ئێران و زۆر لە کەسایەتییە ڕۆشنبیر و پێشکەوتن‌خوازەکانی ئێرانی لەقاو دراوە و بە دانپێدانان بە ڕەوایی مافی گەلان لە ئێراندا، بازاڕی ڕوو لە کزییە. ئێستاش کۆماری ئیسلامی کە تا بینەقاقا نوقم بووە لە زەلکاوی گەندەڵی و قەیرانە چارەسەرنەکراوە نێوخۆیی و دەرەکییەکان، دیسانیش دەستی داوەتە قەیران خوڵقێنییەکی نوێ و بە کۆکردنەوەی لەشکر و هەڕەشە بۆ سەر پێشمەرگە هەوڵ دەدا قەیرانە کەڵەکەبووەکانی لەبیر خەڵک بباتەوە و مەترسییەکانی شەڕ لەسەر سنوورەکانی بکاتە بەهانەیەک  بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکانی بزووتنەوەی گشتی خەڵکی کوردستان لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات. ئەوەش لە کاتێک‌دایە کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیم لە هەموو لایەک باشتر دەزانن کە سەرچاوەی هێز و وزەی خەباتی پێشکەوتن‌خوازانەی کورد ڕۆژهەڵات و خەڵکەکەیەتی. هەربۆیەش ڕۆژانە لەم سەر بۆ ئەو سەری کوردستان، لە ئیلامەوە هەتا ورمێ، دەست دەداتە گرتنی لاوانی کوردستان و ڕاپێچی زیندانەکانیان دەکا. ئەوان دەزانن ئەگەر بوونی هێزی بزووتنەوەی کورد لە ئێران هۆکارێکە بۆ دروست‌بوونی قەیرانێکی بێکۆتایی ئەمنی و سیاسی لە چاوی ئەواندا، ئەوە بەرزبوونەوەی دەنگی  شوناس‌خوازانە و ماف‌ویستی ئەو نەتەوەیە کە زیاتر لە چل ساڵ هەوڵ بۆ سەرکوت‌کردنی نەتەنیا بێدەنگی نەکردووە، بەڵکوو نەیتوانیوە پێش بە پەرەسەندنیشی بگرێ و بگرە هەتا هێزی سەرکوتی ڕێژیم توندتر بووە ئەم باوەڕە بەهێزتر بووە. ئەمەش ئیدیعایەک نییە بەڵکوو هەڵوێستی گشتی خەڵکی کوردستان و بەتایبەت تێکۆشەرانی خاوەن باوەڕی ئەم گەلە لەدوای هەر ڕووداوێک کە لە نێوخۆی وڵات یا لە دەرەوەی سنوورەکان بووبێ، ئەم ڕاستییە دەردەخەن کە خەڵکی شوڕشگێڕی کوردستان بەبێ جیاوازی دەڕواننە هەموو تاکێکی نیشتمانپەروەری کورد  لەهەر کوێ بێ کە لە پێناو نەتەوەکەیدا دەبێتە قوربانی یا دەکەوێتە ژێر فشاری سیاسەتی زۆرەملی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. مانگرتنەکانی چەندین ساڵی ڕابردوو لە یادی ڕێبەرانی شەهیدی حیزبی دێموکرات و دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر گرتن و کوشتن و ئێعدامی لاوەکانی کوردستان هەتا مانگرتنی گشتی لە ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧ بۆ مەحکووم‌کردنی هێرشی مووشەکی بۆ سەر قەڵای دێموکرات، تەنیا چەند نموونەیەکن لە هاوپێوەندی و هاوهەڵوێستی خەڵکی کوردستان و ئاماژەیەکی ڕوونە کە ئەو خەڵکە ڕۆڵە تێکۆشەرەکانیان بە ڕۆڵەی خۆیان و نەتەوەکەیان دەزانن و لە بەرامبەر دەستدرێژی بۆ سەریان بێدەنگ نابن. لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا دیسان کۆماری ئیسلامی بە کۆکردنەوەی هێزێکی زۆری نیزامی بە چەکی قورسەوە لەسەر سنوورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان و هەڕەشە بۆ سەر هێزی پێشمەرگە و حیزبی دێموکرات سیاسەتی قەیران‌خوڵقێنی و ئاژاوەگێڕانەی خۆی دەرخست. هەڕەشەکانی ڕۆژانەی فەرماندەکانی سپا و بەرپرسە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیم تەنیا هەوڵێکە بۆ ئەوەی کە بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بوونی ئەو پێشمەرگانە پێناسە بکەن کە لە باشووری کوردستانن. هەوڵێکی بێ‌ئاکام کە هەر زوو وەڵامەکەی لە زمان و پێنووسی تێکۆشەرانی نێوخۆی وڵات وەرگرتەوە. دەرکردنی بەیاننامەی بەرەی یەکگرتووی کورد لە ئێران و بڵاوبوونەوەی ئیمزاکراوی نامەی سەرئاواڵەی دەیان تێکۆشەری سیاسی و مەدەنی لە نێوخۆی وڵات هەڵوێستێکی جوانمێرانەی ئەو دڵسۆزە کوردانە بوو کە خۆیان بە بەشێک لە بزووتنەوەی مافخوازانەی کوردی ڕۆژهەڵات دەزانن و هێزی پێشمەرگە لە ئەگەری درێژەی شەڕ و سەرکوت بە پشتیوانیی خۆیان دەزانن. ئەوان نەتەنیا ئەم هەڕەشە و قەیران‌خوڵقێنیانەی کۆماری ئیسلامی بە ڕەوا نابینن بەڵکوو بە دەرک‌کردن بە ڕاستییەکان ڕێگەچارەی گونجاویش دەخەنە بەردەم. کۆماری ئیسلامی هەرچۆنێک بیەوێ خۆی لەم ڕاستییانە بشارێتەوە ئەمانە پەیامێکن کە مەیدانی ئەسڵی خەباتی حیزبی دێموکرات ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و خاوەندارییەتی بزووتنەوەیەک دەکا کە بە هەزاران تێکۆشەری ئازا و پێگەیشتوو لەو مەیدانەدا خەبات دەکەن. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەمێژە سیاسەتی خۆی لەسەر ئەم بناخە داڕشتووە کە لە پاڵ هەموو شێوازەکانی خەباتدا، دەبێ گرینگی بدرێ بە خەباتی سیاسی و مەدەنی لە نێوخۆی وڵات وەک پێگەیەک و پێناسەیەک بۆ خەباتی ڕەوای کورد لەو بەشە.