کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جۆری بزووتنەوە کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بۆ بەچۆکداهێنانی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان

04:50 - 1 خەزەڵوەر 2721

بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەدژی دەسەڵاتە دیکتاتۆر و تۆتالیتێرەکان بە گشتی لە دوو فۆڕمی ئاشتییانە و توندوتیژدا جێ دەگرن: ئاشتیانە: نافەرمانیی مەدەنی (بەرگریی مەدەنی یان شۆڕشی ئارام)، جۆرێک ناڕەزایەتییە کە حکوومەت پێی خۆشە بیکەی بەڵام توێژێک لە کۆمەڵگە نایکا. کۆمەڵگەی فەرمی پێی خۆشە قوتابی، مامۆستا، کرێکار و... بچنە سەر کار بەڵام ئەوان ناچن، یان ئەوەی کە حکوومەت کردەوەیەکی پێی ناخۆشە بەڵام چینەکانی کۆمەڵگە دەیکەن وەک مانگرتن (ڕۆژووگرتن، دەم‌دوورینەوە، داخستنی دووکان و بازار، نەچوونە سەر کار و...)، ڕێپێوان (ڕێپێوانی بێدەنگ و بێ درووشم یا بە پێچەوانە بە هەڵڵا و پڕ توندوتیژی) و...   توندوتیژ: یەک، کۆمەڵانی وەزاڵەهاتوو بەشێوەی خۆڕسک بێنە سەر شەقام و بە توندترین جۆر بەرپەرچی حکومەت بدەنەوە و له‌ هه‌موو شێوازه‌کان که‌ڵک وه‌رگرن. دوو، ڕەوتە سیاسییەکان (حیزب) و خەباتی چەکداری، کە بەپێی پەسەندکراوی بڕیارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە ژمارە ٢٢٢ و ٢٣٥ ساڵەکانی ١٩٦٦ و ١٩٧٨، دانی بە ڕەوایی خەباتی چەکداری داناوە بۆ گەیشتن بە مافی چارەنووسی گەلان لە بەرامبەر ئەو وڵاتانەی ئامادەی چارەسەری ئاشتییانەی پرسەکان نین. لێرەدا پێویستە باسی ئەو تێز و تیۆرییانە بکەین کە باس لە وەدەستهێنانی ئازادی بەهۆی خەباتی مەدەنی دەکەن. کۆمەڵێک لەو بیرمەند و فاکتانە دێنینەوە کە پێیان‌وایە چۆن ئەم شێوازە لە خەبات توانیویەتی بە ڕادەیەکی باشتر بەبەراورد دەگەڵ شێوازەکانی تری خەبات سەرکەوتوو بێ. "لە دیکتاتۆرییەتەوە بۆ دێموکراسی، چوارچێوەی هزری بۆ گەیشتن بە ئازادی"، ناوی ئەو کتێبەیە کە جین شارپ (١٩٢٨-٢٠١٨) مامۆستای زانکۆی ماساچۆسێت نووسیویەتی. ناوبراو دوای ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکانی خولی دەهەمی سەرۆک کۆماریی ساڵی ١٣٨٨ لە ئێران ناوی هاتە سەر زاران و لایەنی ئەمنییەتی بە پاساوی پێوەندی بە ڕێکخراوەکانی هەواڵگری لەوانە CIAـی ئەمریکا خەڵکی ئازادیخوازی ئێرانی پێ سزا دا. یا جۆرج سۆرۆس ئەو کەسەی هەموو سامانی خۆی تەرخانی ڕێگای مەدەنییەت و ئازادی کردووە و لێئۆ که‌یسی وه‌ک ماموستایه‌ک، شار و گوندان ده‌کا و له‌بواری کۆمەڵگەی مه‌ده‌نییه‌وه‌ ڕوونکردنه‌وه‌ ده‌دا و... .   ئازادی بە شێوازی خەباتی پڕ لە توندوتیژی لە یەکەم بیرکردنەوەدا بۆ بەرەنگاربوونەوە دژی دیکتاتۆران، دوای سەلمانی ئەو ڕاستییە کە ئەو حکوومەتانە نە بەپێی یاسا، نە بە یاسای دادوەری و نە بە باوەڕی گشت، ناکرێ بەرەوڕوویان ببینەوە، بە شێوەیەکی تەواو لۆژیکی بە بینینی گرتن، ئەشکەنجە، بێ سەروشوێنکردن، سێدارە، کوشتن و... بەو ئاکامە دەگەین کە جوابی تەحەی پەحەیە! جێی شەق پێلاقەیە! ئەو خەڵکانە بەوپەڕی سەداقەت و لەخۆبوردوویی، شەهامەت و غیرەت دەگژ دەستەڵاتدارانی زاڵم ڕۆ دێن و تێچووی مادی و گیانی زۆریشی بۆ دەدەن، ئەو هەمووە داستان و قارەمانیەتیە بێوێنەیە بەڵام لێ نزیک هیچ کات ناگاتە ئازادیی یەکجارەکی. ئەم ڕابوونانە تەنیا زاڵمان هان دەدا ناوچەکە زیاتر ئەمنیەتی بکا و دەستی بۆ ئازار و ئەزیەتی خەڵک پتر ئاوەڵا دەبێتەوە و بە توندترین جۆری مومکین بەرەوڕووی ئازادیخوازان دەبێتەوە کە دەتوانین بڵێین هەمووکات کارەساتی مرۆیی لێ دەکەوێتەوە (کوردستان، گەڵی زیلان، شیمیایی هەڵەبجە، بۆسنی، بێرمە، سوودانی پێش لەتبوون، تەبەتیەکانی چین و...). دیکتاتۆرەکان هەمیشە بۆ بەرپەرچدانەوەی ڕیگاچارەی پڕ لە توندوتیژی ئامادەترن و پاساوی بەهێزیشیان بەدەستەوە هەیە و ئازادیخوازانیش هەرچەندە بە ئیمانەوە سەنگەر دەگرن و شەرافەتمەندانە دەجەنگن، لێ مەخابن شانسی سەرکەوتنی یەکجارەکیان زۆر کەمە. دەکرێ بڵێین کە شەڕی چەکداری قازانجی بۆ گەلانی ئازادیخواز نەبووە و زیاترین سەدەمە لەو شێوازە لە خەباتە دەبینن. شەڕە پارتیزانییەکان زۆربەی جاران درێژماوەن و لە زۆربەیان خەڵکی سڤیل تووشی خەساری وەک خەمۆکی، تێکچوونی ڕەوان و دەروون تێداچوون، گرفتی کۆمەڵایەتی و تەنانەت کۆچی زۆرەملی دەبن. ئەگەر ئەو ڕەوتە توندئاژۆیانە کە بە شێوازی خەباتی چەکداری سەرکەوتوو بن و دەستەڵات بگرنە دەست بە هۆی مێژوو و چۆنیەتیی سەرکەوتنیان تەواویەتخوازتر و ڕەنگبێ دیکتاتۆرتر بن لە حکوومەتەکەی پێشوویان کە بۆخۆیان ڕووخاندوویانە(١)"! تەنانەت ئەگە چاوێک لە مێژووی پەنجا ساڵی ڕابردوو بکەین دەبینین بەشی هەرەزۆری ئەو شۆڕشانە سەرکەوتوو بوون کە شێوەی خەباتی مەدەنیان گرتووەتە بەر (وڵاتانی ئووروپای ڕۆژهەڵاتی، بلۆکی ڕۆژهەڵات (یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو) ئەم دواییانە لە میسر، تونس، دوێنێ و پێرێ لە ئەلجەزایر، سوودان. بەڵام بڕوانە یەمەن، سووریە؟!   کودتا، هەڵبژاردن، پشتیوانی دەرەکی؟ بە یەکەم ڕوانین، کودتای نیزامی ڕەنگبێ بەڕواڵەت شیوازێکی هاسان و خێرا بێ بۆ ڕووخانی ڕێژیمێکی چەپەڵ و زاڵم. بەڵام بەکردەوە ئاکامەکەی کێشە و گرفتی زۆری لێ ‌دەکەوێتەوە، لە هەمووی گرینگتر ئەوەیە کە لە دابەشکردنی دادپەروەرانەی هێز و دەستەڵات لە نێوان خەڵک و ئێلیتی کۆمەڵگە و هێزە نیزامییەکان هیچ دەستکەوتێکی لێ شین نابێ. وەدەرنانی کەسانی دیکتاتۆر و توێژێکی تایبەت، تەنیا جێگا بۆ کەسانی بەرژەوەندیخواز چۆڵ دەکا و ئەمانە لە درێژەدا بەداخەوە ڕەنگبێ زۆر لە ڕێژیمی پێش خۆیان چەقبەستووتر بن و ڕۆژێک دادێ کە دەبێ جارێکی تر خەڵک بیر لە شۆڕشێکی تر بکاتەوە بە دژی دەستەڵاتدارانی کودتای نیزامی! (تورکیە، عێراق، ئێران و شیلی، هێندوراس و سودان عومەر بەشیر ١٩٨٩ لەم دوایانە میسر بە سەرۆکایەتیی موبارەک و سیسی.) دەنگدان یا ڕیفراندۆم-یش لە حکوومەتە دیکتاتۆرەکان چارەسەری دێموکراسی نییە و هیچ گۆڕانێکی بنەڕەتی لە شێوازی دەوڵەتەکان پێک ناهێنێ. (وڵاتانی یەکیەتیی سۆڤیەتی پێشوو یا بلۆکی ڕۆژهەڵات، بێرمە ١٩٩٠ و ١٩٩٣ز ی نیجیریە و ئێران ١٣٨٨هه‌تاوی و...) دیکتاتۆرەکان هیچ کات وا بەهاسانی بە دەنگدانێک کە ئەو لەسەر تەختی خونکاری بێنێتە خوار ڕازی نابێ. زۆرجار ئەو کەسانەی لەبەر ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان شاربەدەر کراون یا کۆچی زۆرەملێیان کردووە و لە نێوخۆ بۆ دەرکەوتن لەژێر دەستی زاڵمان هیچیان بۆ ناکرێ و دەستەوەستان ماویتنەوە وا بیر دەکەنەوە ئیدی خەڵک هیچی پێ ناکرێ، هیوا لەسەر پشتیوانیی دەرەکی هەڵدەچنن. هیندێک پێیان وایە تەنیا هێزێکی بیانی دەتوانێ ئەو خەڵکە ڕزگار بکا. لەو قوناخەدا خەڵک بێهیوا بوون و گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتە کە ئیتر پشووی کۆتاییانە و دەستەڵاتداران زۆر بەهێزن و ئەگە وڵاتێکی لەو بەهێزتر نەیەتە مەیدان ئەوان پێی ناوەستن و دەبێ زڵهێزێک ئەو حاکمانە لەنێو بەرن. ئەم سێناریۆیەش بەڕواڵەت شیرینە و خۆشە بەڵام هیچ پشتیوانێکی دەرەکی کە ڕاستەوخۆ دەستێوەردان بکا بوونی نییە و ئەگەر وڵاتێکی وەهاش هەبوو نابێ متمانەی پێبکرێ لەبەر چوار هۆکار: ١. "ئەو وڵاتانەی ڕاستەوخۆ دەستتێوەردان دەکەن ئامانجیان ڕەوشی ئابووری و سیاسیی وڵاتی خۆیان و بەدوای بەرژەوەندیی خۆیاندا دەگەڕێن، زۆر جار بووە گوشارەکان بوونەتە هۆی پێکهاتن دەگەڵ دیکتاتۆرەکان و ئەمجارە پشتیوانییان لەو حکوومەتە کردووە کە هەتا دوێنی قەرار بوو بیڕووخێنێ (وڵاتانی عارەبی، ئێراقی سەردەمی سەدام حوسێن و...). ٢. وڵاتانی بێگانە ڕەنگبێ بە جێگای ڕاگرتن و هاوکاریی کۆچبەرانێک کە بۆ ئازادیی وڵاتی خۆیان تێدەکۆشن، خەڵکەلی وەزاڵەهاتووی مەزڵووم بکەنە قوربانی بەرژەوەندییەکانیان. ٣. زۆرێک لە ستراتێژیی وڵاتانی زڵهێز تەنیا بە ئامانجی دەست بەسەرداگرتنی وڵاتانە بە مەبەستی ئابووری و بەرینکردنەوەی دەستەڵاتەکانیانە نەک هێنانی دێموکراسی و ئازادی بۆ گەڵانی ژێردستە. ٤. هێزە بیانییەکان تەنیا کاتێک بە شێوەی چالاک دێنە مەیدان بۆ ڕزگاریی نەتەوەکان کە بەرگری و شۆڕش و ڕابوون لە نێوخۆی وڵات دەستی پێکردووە و بەم شێوەیە دەخوازن خۆیان لەبەر چاوی مافی مرۆڤ شیرن بکەن زوڵمی ئەو وڵاتە بە نیسبەت شارومەندانی پێشان بدەن. لە هەمووی ئەمانە تێپەڕین ڕەنگبێ دەستەڵاتدارانی دیکتاتۆر ماوەیەکیش بە هۆی بوونی هێز و پاره‌ و پشتیوانی نێوخۆیی و... خۆڕاگرن بەڵام لە کۆتاییدا هۆکاری نێوخۆیی باشترین ڕێگەچارەیە بۆ نەمانی حاکمانی توتالیتەر. بەڵام ئەمەش نکۆڵی لێ ناکرێ پشتیوانیی وڵاتانی زڵهێز بە شێوازی گەمارۆی ئابووری و نێودەوڵەتی، پچڕانی پێوەندییە دیپڵۆماتیکەکان، وەدەرنان لە ڕێکخراوەکانی نێونەتەوەیی، مەحکومکردنی ئۆرگانە جیاوازەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وێنە لەسەر ئازادییەکانی ڕادەبڕین، ئایینی، ئەتنیکی، مافی مرۆڤ، ژنان و ... لە ناڕەزایەتییەکانی نێوخۆ یارمەتییەکی فرە مەزنە بۆ وەدیهاتنی ئاواتی خەڵک (کۆمەڵگەی مەدەنی). بۆ بەچۆکداهێنانی دەستەڵاتدارانی دیکتاتۆر بە کەمترین تێچوو و مۆدێلی خەباتی مەدەنی (بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان) چوار هەنگاوی سەرەکی دەبێ بهاوێژرێ. ١. دەبێ ئیرادە، باوەڕی پشت‌بەخۆبەستن و شارەزایی بۆ بەرگری لە مافی خەڵکی چەوساوە بەهێز بکرێ. ٢. پێویستە ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکانی سەربەخۆ و دامه‌زراوه‌ی تایبەت بە خەباتی مەدەنی دابمەزرێ. ٣. پێویستە هێزێکی تۆکمە لە خەڵکی نێوخۆ پێک بهێنرێ. ٤. دەبێ و پێویستە پلانێکی ستراتژیکێکی ئاوەزمەندانە و ژیرانە بۆ وەدەستهێنانی ئازادی بەوپەڕی شارەزایی داڕێژرێ. لە هەموو بۆچوون و ئەندێشەکانی جین شارپ و هەموو ڕێبوارانی هەر لە کۆنەوە (مهاتما گاندی، نێڵسۆن ماندڵا، مارتین لۆتێر و هەتا جین شارپ و...) هەتا ئەمڕۆ دەتوانین سێ ئامانجی سەرەکی هەڵێنجین. ١. دەکرێ بگەین بە ئازادی و لە چەنگ دیکتاتۆرەکان ڕزگاریمان بێ. ٢. بۆ گەیشتن بۆ ئەو مەبەستە دەبێ بەرنامەداڕێژیمان هەبێ و ستراتێژییەکی ڕێک و ڕوون دەست نیشان بکەین. ٣. بۆ گەیشتن بە مەبەستی سەرەکیمان دەبێ هەوڵ بدەین، تێبکۆشین و ئاگادار بین، ڕەنگبێ پێویستیمان بە تێچووی زۆریش هەبێ. ڕۆژئاواییەکان دەڵێن" Freedom is not free" (ئازادی، بەخۆڕایی وەدەست نایێ)(٢). خەڵک دەبێ هەوڵ بدەن و بۆخۆیان فێر بن چۆن دەتوانن بە ئازادی بگەن و ئەمەش بەهاسانی وەدەست نایێ. ئەرەستوو دەڵێ: حکوماتە دیکتاتۆرەکان و زاڵمان کەمترین تەمەنیان لە نێوان هەموو جۆرە سیستمێکی حکوماتی هەیە، بە درێژایی مێژوو دەوڵەتە توتالیتەرەکان هیچ کات تەمەندرێژ نەبوون. *** پەراوێز: ١ - . شارپ، جین، لە دیکتاتۆرییەوە بۆ دێموکراسی، ١٩٩٣ وەرگێراوی ئەنجومەنی بێسنوور. ٢- قسه‌یه‌کی د. قاسملوو هه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێ: "گه‌لێک ئازادی بوێ ده‌بێ نرخی ئه‌م ئازادییه‌ش بدا.