کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکی مەدەنی یان چالاکیی مەدەنی؟!

04:54 - 1 خەزەڵوەر 2721

پرسی چالاکی مەدەنی و چالاکیی مەدەنی بە جۆرێک وەک یاسای "خوێندنی زمانی کوردی" و "خوێندن بە زمانی کوردی" وایە! ئایا هەر تەنیا خوێندنی زمانی کوردی یەکێک لە مافە ڕەواکانی ئێمەیە؟ یان خوێندن بە زمانی کوردی؟ ئەوەی ئێستا لە بەشێک لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن چالاکانی زمانی و ماموستایانی فێرگەی زمانی کوردی دەگوترێتەوە، دەبێتە "خوێندنی زمانی کوردی"، بەڵام واتای "خوێندن بە زمانی کوردی" ئەوەیە کە، قوتابی سەرجەم وانەکانی(ڕیازی، شیمی، فیزیک و...) لە سیستەمی فەرمی پەروەردەدا بە زمانی دایکی بخوێنی. لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوو لەلایەن زۆرێک لە ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات سیاسەتی پشتیوانی لە خەباتی جڤاکی وەک ستراتێژی حیزبەکان پێناسەی بۆ کراوە. بەڵام پێناسەی خەباتی مەدەنی، چالاکانی مەدەنی و چالاکیی مەدەنی لەبەر نزیکایەتیان و بەربڵاویی چەمک و ماناکان ڕەوشەکە هەستیار دەکا و تەنانەت بەردەنگی ئەم مۆدێلە لە سیاسەت دەشێوێندرێ! ئەگە بەو ئاکامە بگەین کە "شارۆمەندێکی وریا، چالاکێکی جڤاکی وریایە" هەموو تاکێکی وشیاری کۆمەڵگە، وەک چالاکێکی مەدەنیی کۆمەڵگەی لێ دێ. هەر شارۆمەندێک کە بەهۆی بەرژەوەندیی گشتی بەبێ لەبەرچاوگرتنی قازانجی کەسیی یان گرووپێک لە بەستێنە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەدا چالاکی بکا وەک چالاکێکی سڤیل پێناسەی بۆ دەکرێ، جا ئەو چالاکییانەش لە بەشداری لە خۆپێشاندانەوە بگرە هەتا نووسینی وتار، شێعر و... و پاک‌وخاوێنی ژینگە و پەرەپێدان بە کولتووری مافەکای مرۆڤ، بە گشتی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەدەر لە دەسەڵاتی چەوسێنەری کۆمەڵگەی سیاسی (حکومەت) وەک کاروچالاکییەکانی، تاکێکی ئەکتیڤ و هەڵسووڕ لە کۆمەڵگە دەژمێردرێ. لە جۆری چالاکیی مەدەنی کە زیاتر خۆی لە قەرەی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکاندا دەبینێتەوە دەتوانین ئاماژە بە نافەرمانی مەدەنی (بەرگری مەدەنی یان شۆرشی ئارام) بکەین، ئەمە جۆرێک ناڕەزایەتییە کە حکوومەت پێێ خۆشە بیکەی بەڵام توێژێک لە کۆمەڵگە نایکا. کۆمەڵگەی فەرمی پێی خۆشە قوتابی، ماموستا، کرێکار بچنە سەر کار بەڵام ئەوان ناچن، یان ئەوەیکە حکومەت کردەوەیەکی پێ ناخۆشە بەڵام چینەکانی کۆمەڵگە دەیکەن وەک مانگرتن (ڕۆژووگرتن، دەمدووروونەوە، داخستنی دووکان و بازار، نەچوونە سەر کارو...)، ڕێپێوان (ڕێپێوانی بێدەنگ و بێ درووشم یا بە پێچەوانە بە هەڵا و پڕ توندوتیژی)، و.... یان کۆمەڵانی وەزاڵەهاتوو بەشێوەی خۆڕسک بێنە سەر شەقام و بە توندترین جۆر بەرپەرچی حکوومەت بدەنەوە و له‌ هه‌موو شێوازه‌کان که‌ڵک وه‌رگرن. هەروەها ڕەوتە سیاسییەکان (حیزب) و خەباتی چەکداری، کە بەپێی پەسەندکراوی بڕیارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بە ژوارە ٢٢٢ و ٢٣٥ ساڵەکانی ١٩٦٦ و ١٩٧٨، دانی بە ڕەوایی خەباتی چەکداری داناوە بۆ گەشتن بە مافی چارەنووسی گەلان لە بەرامبەر ئەو وڵاتانەی ئامادەی گوتوبێژ نین، چالاکیی نیزامی بکەن. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پشتیوانی لە چالاکانی مەدەنی دەکەن یان لە شێوازی چالاکیی مەدەنی؟ هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبەراورد دەگەڵ کۆمەڵگەکانی دەوروپشتی خۆی چەندە زیندوویە و لە دیارترین چالاکیی مەدەنییشدا لە ٢١ی خەرمانان بۆ پشتیوانی لە خەباتی ڕەوای بزووتنەوە سیاسییەکەیان دووکان و بازاریان گاڵە دا کە بە شارستانیەتترین چالاکی سەردەم پێناسە دەکرێ. ورووژاندن و پشتیوانی و هاوکاری چالاکیی مەدەنی لەنێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان یەک لە ڕێگا هەرەباش و کەم تێچووەکانە بۆ بە گەیشتن بە ویست و داخوازییە ڕەواکانمان. بەڵام پشتیوانی لە چالاکی مەدەنی بە شێوەی تاک، ئاکامەکەی لە باشترین حاڵەتدا، هاتنەدەر لە بازنەی چالاکێکی مەدەنی لە کۆمەڵگە و تاراندنی نەخوازراویەتی. له‌ ڕوانگه‌ی کۆمه‌ڵناسییه‌وه‌ سه‌رهه‌ڵدانی کۆمه‌ڵگەکان و دیارده‌ی کۆمه‌ڵ به‌ درێژایی مێژوو لە پڕێ و کوتوپڕ نه‌بووه‌؛ به‌ڵکوو له‌ژێر کاریگه‌ریی پێویستی ڕه‌وشی ده‌رهه‌ست و به‌رهه‌ست بووه‌. به‌ ڕوانینێکی تر جۆرێک ڕێسامه‌ندی لۆژیکی به‌سه‌ر دیرۆکی مرۆڤدا زاڵ بووه‌. له‌ ڕاستیدا تاک و کۆمه‌ڵ هه‌ردووکیان خاوه‌نی ڕه‌سه‌نایه‌تی و که‌سایه‌تیی تایبه‌ت به‌ خۆیانن. که‌وابوو بیچمگرتنی کۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی وه‌ک دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌مرێکی تایبه‌ته‌ که‌ لەسەرخوانی‌ ڕه‌وشێکی تایبه‌ت هەڵدەکەوێ. کۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی میناکێکه‌ له‌ وه‌ده‌ست هێنانی ئازادی بۆ مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر بناخه‌ی زانیاری و ئیراده‌ی مێژوویی مرۆڤه‌کان بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی مافی ڕه‌وگیرکراویان، که‌ ئه‌زموونێکی پێک‌بڕان له‌ته‌ک دۆخی ژیانی شارنشینی و پێویستیه‌کانی ئه‌م چاخه‌ (زانیاری) و تێکنۆڵۆژی و پێشکه‌وتنی به‌دواوه‌یه. ئه‌و ئاڵوگۆره‌، ڕامیاری و کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی که‌ له‌ ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی ڕابردوو له‌ ئێران و کوردستان هاتوونه‌ته‌ پێش‌، پێویستی به‌ کۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی و به‌ستێنی له‌بار بۆ گه‌شه‌ی ئه‌م چه‌مکه‌یان خۆشتر کردووه‌. ڕۆڵی سه‌رکه‌وتوانه‌ی کۆمه‌ڵگەی مه‌ده‌نی به‌ تایبه‌ت دوای سه‌رهه‌ڵدانه‌ مه‌ده‌نییه‌کانی چەند ساڵی ڕابردووی ئێران، ئه‌وه‌ی سه‌لماند که‌ ئیتر درووشم و شێوازی ڕابوون و بزاڤه‌کان ته‌نانه‌ت شەڕی کلاسیکیش، دامرکاوه‌ و مۆدێلی که‌م تێچووی پڕ کاریگه‌رتر (بزووتنه‌وه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، بە هەموو شێوەزاکانی) جێگای گرتۆته‌وه‌. سه‌رکوتی ئه‌م شێوازه‌ له‌ خه‌بات به‌ هاسانی شه‌ڕی چڕ و فیزیکی نییه‌ و له‌ بواری ڕاده‌ی به‌شداری و چوونه‌ ناو هه‌ناوی کۆمه‌ڵگەوه‌ گه‌لێک ته‌وفیری هه‌یه‌،‌ هه‌ربۆیه‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له‌ زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان به‌ تایبه‌ت ڕۆژهه‌ڵاتی ناڤین تاقی کرایه‌وه‌ و سه‌رکه‌وتنی زۆریشی به‌ده‌ست هێناوه‌. کەواتە لەم دۆخەی ئێستادا و بەدەر لە هەڵسەنگاندنە سیاسییەکان ئه‌و بیرۆکەیە‌ بۆ خه‌باتی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمان، کۆتا ڕێگه‌ی جێ هیوایه‌ بۆ به‌ئاکام گێشتن.