کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادخوازی لە کوردستان لە پرسێکی حقوقییەوە بۆ سیاسی-ئەمنییەتی

04:58 - 1 خەزەڵوەر 2721

دادخوازی لە بەستێنی ماف و یاسادا بە مانای ئەوەیە کاتێک زوڵم لە کەسێک کرابێ، ئەو تاکە مافی ئەوەی هەبێ سکاڵا بەرز بکاتەوە و داوای مافی پێشێلکراو، یان داوای قەرەبووی مافە پێشێلکراوەکەی بکا. ڕەوتەکەش ئاوا باوە کە کاتێک دادگا یان شوێنی دیاریکراو بۆ تۆمارکردنی سکاڵا و بەدواداچوونەکە، دانی بە پێشێلکردنی ئەو مافە دانا، بەپێی یاسای وڵات و بە جۆری گونجاو کە لە یاسا یان عورفی کۆمەڵگەدا هاتووە، یان ئەو مافە وەک خۆی قەرەبوو دەکاتەوە یان هاوشێوەی ئەو مافەی بە جۆرێک بۆ دابین دەکاتەوە و زۆرجارانیش لەگەڵ ئەوە سزای دیاریکراویش بەسەر پێشێلکارانی مافەکە دەسەپێنێ. کەوایە تاکێک کە مافێکی یان کۆمەڵێک مافی پێشێل دەکرێ، دەبێ لە ڕێگەیەک کە دەسەڵاتی دادوەری دیاریی کردووە بە سکاڵاوا دادخوازی، داوای مافی خوراو یان پێشیلکراوەکەی بکا. لە سەردەمی کۆمەڵگە کۆن و سەرەتاییەکاندا ماف بە کەسێک بووە کە هێزی پتری بووە، بەڵام لەو کاتەوە کە دەسەڵات درا بە دەوڵەت و پێکهاتەیەک بە ناوی دەوڵەت ساز کرا، ئەرکی قەرەبووکردنەوەی ماف و مافی پێشێلکراو درا بە دەوڵەت، واتە دەوڵەت بوو بە نوێنەری کۆمەڵگە بۆ دامەزراندنی عەداڵەت و گەڕاندنەوەی مافە پێشێلکراوەکان و زەمانەتی بەدواداچوونیان. هەربۆیە ئەوە دەوڵەتە کە دەبێ نەهادێک یان ڕێکخراو و دامەزراوەیەک بۆ دادخوازی بنیات بنێ و ئەو دەسەڵات و دامەزراوەیە بەدەر لەهەر ناوێک کە هەیبێ، ببێتە شوێنی وەرگرتنی سکاڵای خەڵک و شارومەندان و ناوەندی بەدواداچوونی ئەو بابەتانە. دادخوازی بۆ مافی پێشێلکراو لە دوو حاڵەت و جۆر بەدەر نییە. یەکەم: تاکێکی کۆمەڵگە سكاڵایەک بە نیسبەت تاکێکی دیکە لەو شوێنە تۆمار دەکا. حاڵەتی دووهەم: ئەوەیە کە تاکێکی کۆمەڵگە لەسەر دەوڵەت یان ئۆرگانێکی دەوڵەتی یان حکوومەتی لە دادگا یان دەسەڵاتی دادوەری سکاڵا تۆمار دەکا. لە حاڵەتی دووهەم دایە کە بۆمان دەردەکەوێ سەربەخۆیی ئەو دامەزراوەیە (دادگا) لە هەمبەر سكاڵا و پڕۆسەی بەدواداچووندا بۆ وەدیهێنانی عەداڵەت و دادپەروەری چەندە گرینگ و پێویستە؛ کە نەتەنیا ئەوە بۆ ئاسایشی گشتی وڵات و پاراستنی نەزم یەکێک لە ئەساسەکانی کۆمەڵگەیە، بەڵکوو یەکێکە لە پێکهاتە پێویستەکان بۆ مەسەلەی دێموکراسی و پەرەسەندنی لەنێو کۆمەڵگەدا. کەوایە لە پارێزراو نەبوونی سەربەخۆیی دادگا لە بواری یاسایی و پراکتیکدا کە ئامانجی سەرەکیی ئەو شوێنەیە، چەمکێک بە ناوی عەداڵەت قەت وەدی‌ نایە. بۆیەشە دادگا دەبێ لە گرێدراویی سیاسی و بەرژەوەندیی هاوبەش و پێکهاتەی ئیدئۆلۆژیک لە دەسەڵاتی سیاسیی وڵات جیا بێ. لەم ڕووەوە یەکێک لە پێش‌مەرجەکانی وەدیهاتنی عەداڵەت و دادپەروەری لەهەر نیزامێکی سیاسیدا، سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەرییە و دادخوازیش لە ڕاستیدا خواستێکە بۆ وەدیهاتنی ئەو پێش‌مەرجە. گرینگیی سکاڵا بۆ کۆمەڵگەیەک کە تووشی بە تووشی دەسەڵاتی تۆتالیتێر بوە هەر لەوە دایە. لەو پێناسانەدا پرسیارێک دێتە پێش کە چ جیاوازییەک لەنێوان سکاڵای شەخسی بە نیسبەت سکاڵا لە دەوڵەت یان کەیسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەیە؟ لە ڕووی فۆرمەوە هیچ جیاوازییەک نییە بەڵام لە ڕووی ماهەوییەوە جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە. چوونکە لە شێوەی دادرەسیی هیچکامیان ناکرێ شێوەیەکی شەخسی بەکار بهێنرێ. بەڵام لە ئێران و لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، زیاتر هەوڵ دەدرێ سكاڵا حقوقییەکان تا ئاستی تۆڵەسەندنەوەی شەخسی بهێنرێتە خوارێ و بەرپرسیارێتیی دەوڵەت لەو بابەتانەدا کەم بکرێتەوە یان بەگشتی حەزف بکرێ. یاساکانی ئێران لەبەر ئەوەی لە "فیقهـ" وەرگیراوە، لەسەر بنەمای سزادان، کووشتنەوە و تەعزیراتە و لەبنەڕەت‌ڕا بناغەی "فێقهـ" لە سكاڵا حقوقییەکاندا زیاتر تۆڵەکردنەوەیە. لە حاڵێکدا لە کەیسێکی حقوقیدا دەسەڵاتی دادوەری بەرپرسیارێتیی سزای شەخسی بکا، شێوازێکی ڕەت کراوەیە و لە سەردەمی ئێستادا وەلا نراوە. بۆ نموونە لە کەیسێکی قەتڵ یان کووشتندا یاسا لە ئێران دەڵێ لێی خۆش بن یان خوێنبایی وەرگرن یان بیکوژنەوە. ئەوە وەک ئەوە وایە کە ئەسڵەن دەسەڵاتێک و دەوڵەتێک لەسەر کار نەبێت و ئەگەریش هەبێت شتێک بە ناوی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی نەناسێ. ئەوەی لەو بابەتەدا خستوومانەتە بەر تیشک ئەوەیە کە کاتێک لە کەیسێکدا لایەنی بەرامبەر دەوڵەتە، ئایا پڕۆسەی دادخوازی وەک خۆی دەچێتە پێش یان نا؟ بۆ نموونە لە کەیس و پەروەندە سیاسییەکاندا کە دەوڵەت دەستدرێژی دەکاتە سەر مافی شارومەندان، یان دەستدرێژی‌کردنی دەوڵەت بۆ سەر مافە سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەرەتاییەکانی وەک ئازادیی ڕیپێوان، ئازادیی دەربڕینی ڕا و بۆچوونەکان، ئازادییە شەخسییەکان و هتد. ئەو جۆرە کەیسانە کە دوو حاڵەت لە خۆی دەگرێ یەکەم باری حقووقییەکەیەتی، دووهەم باری سیاسییەکەی، بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەمەیە کە دەزگای دادوەری وەک خۆی ڕەچاوی پرۆسەی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە و حوکمدان ناکا. بۆ نموونە ئایا ئەو کەسانەی کە لە بەندیخانە کاتییەکان دان یان لەنێو زینداندا دەکوژرێن، بنەماڵە و کەسوکاریان دەتوانن سكاڵا تۆمار بکەن و بەدوای مافی پێشێلکراویان بکەون و بە نیسبەت دەوڵەت و ئۆرگانەکانی دەوڵەت لە دەسەڵاتی دادوەری داوای گەڕاندنەوەی عەداڵەت لە بەرامبەر ئەو دەستدرێژییە بۆسەر گیانی ئەندامانی خێزانەکەیان بکەن؟ یان کۆڵبەرێک کە لەپێناو دابینکردنی پارووەنانێک بۆ بنەماڵەکەی بەناچار هاتوچۆی سەرسنوور دەکا و بەدەست هێزە چەکدارەکان دەکوژرێ، یا خۆ تاکێکی کورد وەسەر مینەچێندراوەکانی دەپەڕێ و دەکوژرێ یان نقوستان دەبێ، مافەکانیان چیی بەسەر دێ؟ یان تەنانەت ئەو کەسانەی لە ڕێگاوبانە ناستانداردەکانی کوردستاندا دەبنە قوربانی، یان حەرام و قەدەغەکردنی پێکووتە و دابین‌نەکردنی شتە زەروور و پێویستەکان لە کاتی پەتای کۆرۆنادا؟ لە هەموو ئەو حاڵەتانەدا دەوڵەت بەرپرسیارە، ئەگەرچی لە زۆربەی ئەو جۆرە کەیسانەدا یان خۆی لە بەرپرسایەتی دزیوەتەوە، یان هەوڵی ئەوە دەدا کە ئۆرگانێکی بچووکی دەوڵەتی تەنانەت کەسانێک کە لەو شوێنانە بەرپرسایەتییەکی نزمیان هەیە بە لایەنی بەرامبەری ئەو سکاڵایانە بناسن و بەرپرسایەتییەکەی لە دەوڵەت و ئۆرگانە سەرەکییەکانی حکوومەت ڕاماڵن. بەڵام بەپێی بەرپرسیارێتی گشتی بە تایبەت لە تاوانە قورسەکانی وەک دەستدرێژی بۆ سەر گیان و ماڵ و جەستەدا، بەرپرسانی حکوومەت هەمووی لێی بەرپرسیارن، نەک تەنیا کەسێک لەو سیستەمەدا. بۆ نموونە دەبینین کاتێک لە وڵاتێکی ئازاد و دێموکراتیک کردەوەیەکی قێزەون لەلایەن بەرپرسێکی تەنانەت ئاست‌نزمیش ڕوو دەدا، یان ڕووداوێک بە هۆی کەمتەرخەمی بۆ هاووڵاتییەک دێتە پێش، جاری وایە کەسی یەکەمی ئەو وڵاتە دەست لە کار دەکێشێتەوە، یان کەسانی ئاست‌بەرز لە بەرپرسایەتیدا دەکێشرێنە دادگا. لە ئێران شێوەی بەدواداچوونی دەسەڵات بۆ ئەو جۆرە کەیسانە یان بەسیاسی و بەئەمنیەتی کردنە، یان دیزەبەدەرخۆنە و خۆدزینەوە لە بەرپرسایەتییەکان. بەڵام ئەوەی جێی سەرسووڕمانە لە کەیسە سیاسییەکان بە تایبەت کەیسە سیاسییەکانی کوردستاندا نەتەنیا دەسەڵاتی داد وەڵامی سکاڵا و داواکارییە قانوونییەکانی کەسی مافخوراو ناداتەوە، بەڵکوو گوشاری لەڕادەبەدەریش دێنێ بۆ سەر تاکی دەسبەسەرکراو و بنەماڵەکەی بۆ دەست‌هەڵگرتن لە مافی ڕەوای خۆیان و قبوڵ‌کردنی زووڵم و زۆری و مافە پێشێلکراوەکانی. تەنانەت زۆر جارانیش دیتراوە کە پارێزەری ئەو کەسانەش لەسەر کەیس و بابەتی سیاسی، کۆمەڵایەتی و زۆر جارانیش کولتووری کەوتوونە بەر مەترسی و هەڕەشە لە خۆیان و نیزیکەکانیان. لەڕاستیدا لە ئێران شتێک بە ناوی سکاڵا بۆ قەرەبووکردنەوەی مافی ماف‌پێشێلکراوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونێکی نییە و لە هێندێک حاڵەتیشدا لە چەشنی یاسایی و حقووقی دێتە دەرێ و تەواو  بە ئەمنییەتی دەکرێ. یەکێک لە سەرەکیترینی ئەو پێشێلکارییانە لە هەمبەر سکاڵای بنەماڵەی قوربانییانی سیاسەتی سەرکوت و زەبروزەنگی کۆماری ئیسلامییە. ئەوەی کە دەستبەسەرکراوێکی کورد بەهۆی نادیار لە ئیتلاعات و بەندیخانە کاتییەکاندا بکوژرێ بۆتە بابەتێکی مەترسیدار و بەردەوامیش دووپات و چەندپاتە دەبێتەوە. بەڵام کاتێک پارێزەر یان بنەماڵەی قوربانییەکان سکاڵای خۆی دەباتە دەسەڵاتی دادوەری، نەتەنیا هیچ وەڵامێکیان لەبارەی ئەو دەستدرێژییە گیانییە -وەک دەسبەسەرکردنی تاوانباران، دادگایی‌کردنیان، سەپاندنی حوکمی نایاسایی، دەرکردنیان لە کار و کۆمەڵێک حاڵەتی دیکە- وەرناگرێ، بەڵکوو لە سەرەتاییترین مافی پێشێلکراویشیان وەک مافی زانینی ڕاستییەکان بێبەری دەبن. تەنانەت بۆشیان ڕوون ناکەنەوە کە چۆن و بە چ شێوەیەک ئەو مەسەلەیە هاتۆتە پێش، دەستی بەئانقەست بووە یان نا و... هتد. مەسەلە ئەوەیە کە بەئەمنییەتی‌کردنی پرسە حقووقییەکان لە کوردستان بە نیسبەت بەشەکانی دیکەی ئێران چەند قات زیاترە. بۆیە کاتێک دەسەڵات هیچ ڕێگەیەکت بۆ ناهێڵێتەوە کە لە ڕێگەی یاسای وڵاتەوە و بە کاناڵی بەرزکردنەوەی سکاڵا و خواستەکان بۆ قەرەبووی ماف، بۆ ڕوونکردنەوەی مەسەلەکان و بۆ وەڵامدانەوەی لایەنە پێوەندیدارەکان، ئەو پەیامە بۆ ئێمە دەنێرێ کە دەسەڵاتی ئەمنی لەو بەشە جێگەی دەسەڵاتی دادوەریشی گرتۆتەوە؛ هەربۆیە کاتێک دەوڵەت خۆی لە بەرامبەر مافی تاک یان مافی کۆمەڵێک کەس بەرپرسیار نەزانێ و داواکارییەکانیش دژبەرانە وڵام داتەوە و بەرپرچیان بداتەوە، مافی قەرەبووکردنەوەی ماف پێشێل‌کراوەکان بۆ تاک، بە هەموو شێوەیەک پارێزراو و بەحەق دەمێنیتەوە.