کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزی خەزانی مافی مرۆڤ لە کوردستان

15:05 - 16 خەزەڵوەر 2721

[ لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئیستا ١٥٠ کۆڵبەر بە دەستڕێژی هێزە چەکدارەکان کوژراون یان بریندار بوون، هەروەها ٣٥١ کەس گیراون و ٣٢ بەندیی کورد ئێعدام کراون]   به‌ پێی بانکی زانیاریی ناوه‌ندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەک مان و نیو سەرەتای پاییزی ئەمساڵدا لانیکەم ١٦ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆ، یان بەربوونەوە لە شاخ بەهۆی ڕاوه‌دوونانی هێزه‌ چه‌کداره‌کانی کۆماری ئیسلامی کوژراون و بریندار بوون. لەو ١٦ کاسبکارە ٨ کەسیان بریندار بوون و ٨ کۆڵبەریش کوژراون. کوژران و برینداربوونی ١٦ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد لە مانگی پووشپەڕ لەحالێک‌دایە کە لە ماوەی سێ مانگی هاوینیشدا ٨١ کۆڵبەر و کاسبکاری ناوچە سنوورییەکانی کوردستان ببوونەتە قوربانیی سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرحەق بە گەلی کورد. کە ٢٢ کەسیان کوژرابوون و ٥٩ کۆڵبەریش بریندار ببوون. هەروەها لە وەرزی بەهاری ئەمساڵیشدا ٥٣ کۆڵبەری کورد کەوتبوونە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە ١٥ کەسیان کوژرابوون و ٣٨ کۆڵبەریش بریندار ببوون. بەو پێیە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئیستا ١٥٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی هێزەکانی ڕێژیم کە ٤٥ کەس لەوان کوژراون و ١٠٥ کەسیان بریندار بوون. شایانی باسە کە لە ساڵی ڕابردوو (١٣٩٩)یشدا  ٢٢٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین، بەربوونەوە لە بەرزایی لە سۆنگەی ڕاوەدوونان و هەروەها ڕەق‌هەڵاتن لە سەرما گیانیان لەدەست دا یا بریندار ببوون. لەو ٢٢٦ قوربانییەی ساڵی ڕابردووی هەتاوی ٨٠ کەسیان کوژرابوون و ١٤٦ کەسیش بریندار ببوون.   لەو یەک مانگ و نیوەدا هەروەها ٤ زیندانیی کورد ئێعدام کراون. "چاونیوز" ڕایگەیاندووە کە ئەم ٤ کەسە بە تۆمەتەکانی پێوەندیدار بە مادەی هۆشبەر و کوشتنی بەئانقەست لەدار دراون. ئێعدام‌کرانی ئەو ٤ بەندکراوە لەو ماوەیە لە حاڵێک ‌دایە کە دەزگای قەزایی ڕێژیم لە شەش مانگی هاوین و بەهاری ئەمسالیش‌دا ٢٨ بەندکراوی کوردی لەدار دابوو، بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئیستا ئێعدام کراون لانیکەم ٣٢ کەس بووە. ئاماری ئێعدامەکان لە کوردستان لە ماوەی ساڵی ١٣٩٩یشدا لانیکەم ٤٩ کەس بووە کە چوار کەس لەوان بەندیی سیاسی بوون.   ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە سەرەتای پاییزەوە تا ئێستا لانیکەم ٥٨ کەسیان لە کوردستان بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی دژی کۆماری ئیسلامی و ئەندامەتی یان هاوکاری‌کردنی حیزبێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی دەستبەسەر کردووە. بەپێی ڕاپۆرتی "چاونیوز" لەو ٥٨ کەسە  ١٩ کەسیان دادگایی و سزای چوار مانگ هەتا ١٣ ساڵ (سەرجەم ٧١ ساڵ و ٧ مانگ) زیندانیان بەسەردا سەپاوە. ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە کوردستان لە وەرزی بەهاریشدا ١٢٦ کەس و لە وەرزیش هاوینیشدا ١٦٧ کەسیان لە بە تۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گرتبوو، بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا گیراون ٣٥١ کەس بووە. جێی بیرهێنانەوەیە کە ساڵی ڕابردوو (١٣٩٩)یش لانیکەم ٦٤٠ کەس لە خەڵکی ئاسایی و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لەلایەن دەزگا ئیتلاعاتتییەکانەوە بەتۆمەتی چالاکیی ئەمنیەتی و سیاسی لە دژی کۆماری ئیسلامی و بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕێژیمە گیرابوون. لەو ٦٤٠ کەسەی لە ماوەی ئەمساڵدا دەسبەسەر کراون، لانیکەم ١٨٩ کەسیان دادگایی و سزای لە سێ مانگ هەتا سزای درێژخایەنی ٢٥ ساڵ (زیندان سەرجەم ٨٨٢٥ مانگ) و تەنانەت سزای ئێعدامیان بەسەردا سەپابوو.   لە یەک مانگ و نیوی پاییزی ئەمساڵدا لانیکەم ٨ کەس لە کوردستان بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون کە "چاونیوز" ناو و شوناسی ٤ کەس لەوانی ئاشکرا کردووە. لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ئه‌مساڵدا تەقینەوەی مینە لەکارنەخراوەکان لە کوردستان زیاتر لە ٢٥ قوربانیی وەرگرتبوو کە چاونیوز شوناسی ١١ کەس لەوانی ئاشکرا کردبوو. بەو پێیە ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەهۆی تەقینەوەی مین کوژراون یان بریندار بوون لانیکەم ٤٠ کەس بووە کە شوناسی ١٥ کەس لەوان زاندراوە. ژمارەی قوربانییانی مینە لەکارنەخراوەکان لە ساڵی ڕابردووشدا  لانیکەم ٥٠ کەس بوو کە ناو و ناسناوی ٣١ کەس لەوان بۆ میدیاکان و ناوەندەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ ئاشکرا بووە. بەپێی زانیارییەکانی "چاونیوز" لەو ٣١ کەسە ٢١ کەسیان بریندار و نقوستان و ١٠ کەسیشیان گیانیان لەدەست دابوو.   لەو ماوەیەی پاییزدا زیاتر لە ٢٠ کەس لە کوردستان خۆیان کوشتوە کە شوناسی ١٠ کەس لەوانی ئاشکرا بووە. لە ماوەی شەش مانگی سەرەتای ساڵیشدا سەرەتای ئەمساڵیشدا زیاتر لە ١٠٠ کەس لە کوردستان خۆیان کوشتبوو کە "چاونیوز" شوناسی ٧١ کەس لەوانی تۆمار کردبوو، بەو پێیە ژمارەی ئەو کەسانەی لە کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە خۆکوشتن کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە و بە ناونیشانیان زاندراوە، لانیکەم ٨١ کەس بووە. ساڵی ڕابردووش لانیکەم ١٥٣ کەس له‌و سه‌دان که‌سه‌ی به‌هۆی جۆراوجۆی وه‌ک هه‌ژاری، بێهیوایی و کێشه‌ی خێزانییەوە هه‌وڵی خۆکوشتنیان دابوو‌، هەوڵەکانیان بەداخەوە سەرکەوتوو ببوو.   لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا دەیان کرێکاری کورد لە کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران بوونەتە قوربانیی ڕووداوی کار کە ناوەندی مافی مرۆڤ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو ماوەیەدا ناو و ناسناوی لانیکەم ٣٨ کرێکاری کوردی  ئاشکرا کردوە کە بەهۆی جۆراوجۆری وەک سووتان، بەربوونەوە لە بەرزایی و بڕق‌ گرتوویی گیانیان لە دەست داوە.  خاڵی جێی سەرنج ئەوەیە کە بە هۆی ئەوەی بەشی هەرە زۆری کرێکاران لە کوردستان کرێکاری وەرزی و هەروەها بیمەنەکراون و هیچ ناوەندێکی یاسایی چاودێرییان ناکا، کەمتر هەواڵی گیان‌لەدەستدان و برینداربوونیان مێدیایی دەکرێ.