کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەئەمنییەتی ‌بوونی پرسی هەژاری لە ئێران و کوردستان‌دا

15:08 - 16 خەزەڵوەر 2721

ڕادەی هەژاری لە ئێران لە ماوی سێ ساڵی ڕابردوودا دوو هێندە زیادی كردووە. فەرشاد مۆئمێنی، ئابووریناس کە ڕابردووی چالاکیی سیاسی لەگەڵ ڕێفۆرمخوازەکانیشی هەیە، دەڵێ ئەم ڕادە لە هەژارییە لە سەد ساڵی ڕابردوودا بێ‌وێنە بووە و باس لە مەترسییەكی جیددی بۆ سەر کۆمەڵگەی ئێران دەكا و دەڵێ پرسی هەژاری لە ئێراندا بووە بە پرسێكی ئەمنییەتی. بەپێی قسەکانی ناوبراو لەماوەی نێوان ساڵەكانی ٩٦ تاكوو ٩٩ی هەتاوی ڕادەی ئەو كەسانەی كەوتوونەتە ژێر هێڵی هەژاری دوو هێندە زیادی كردووە، ئەمە لە حاڵێكدایە كە سیستمی کۆنتڕۆڵ و چاودێری لە ئێران فەشەلی هێناوە و ئاساییترین شتەكان نابینێ و بەئاسانی خۆی لێ ‌دەبوێرێ. کارناسانی ئابووری دەڵێن پرسی هەژاری بەرەبەرە خەریكە ڕەنگ و بۆی ئەمنییەتی پەیدا دەكا و وەک هێڵی سووری لێ دێ. ئەوەش وا دەکا کاردانەوەکان کاڵ ببنەوە و کاتێک بارودۆخەکە لەگرێژنە چووە دەرێ، ئیدی پێش بە لافاوی خرۆشاوی تووڕەیی خەڵك و ناڕەزایەتییەکان ناگیردرێ. قسەکانی ئەو ئاماژەیەکی ڕوون بۆ بارودۆخی خەڵکە کە خومەینی لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنیدا بە "وەلی نێعمەت" و خاوەنی شۆڕشەکە ناوی دەبردن و ئێستا لە قەراخی سفرەش جێیان نابێتەوە. ئەوان ئاماژە بە ناڕەزایەتییەكانی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ ناکەن، بەڵام وریاکردنەوەکانیان ڕوویان لە بەرپرسانی ڕێژیمە و دەڵێن كە سەرهەڵدانی خەڵك سەبارەت بە هەژاری و نەداری شتێک نییە کە ئەوان بتوانن باشاری بکەن و دوایە بەسەریدا زاڵ ببن. بەپێی لێکۆڵینەوەکان ئێران لە ١٠ بواردا تووشی قەیران هاتووە كە یەك لە گرینگترینەكانیان قەرا‌‌غ‌نشینی یان پەراوێزنشینیی شارە گەورەکان و قەیرانی چۆڵ‌بوونی گوند و دێهاتەكانە، بەجۆرێک کە لە ئێستادا حەشیمەتی پەراوێزنشین لە ئێران خەریكە سنووری ٢٥ لە سەدی گشتی حەشیمەتی وڵات تێدەپەڕێنێ. بەپێی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی ڕێكخراوی باڵای توێژینەوە، هێڵی هەژاری لە ساڵی ٩٧ی هەتاوی زۆرتر لە یەك میلیۆن و چوارسەد هەزارتمەن بووە كە لە ساڵی ٩٩دا گەیشتووەتە پێنج میلیۆن و حەوسەد هەزار تمەن و ئەمساڵیش تا ئێستا پاڵی داوە بە حەوت میلیۆن و سێ سەد هەزار تمەنەوە و هەندێك لە ڕاپۆرتەكان ئەم ڕەقەمە تا دە میلیۆن تمەنیش دەبەن، هەروەها نوێترین ڕاپۆرتی وەزارەتی كاری ڕێژیمدا كە ئاخری مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ بڵاو كرایەوە پیشان دەدا كە یەك لە سێی خەڵكی ئێران لە "هەژاریی موتڵەق" موتڵەق''دا دەژین. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە و بە لەبەر چاوگرتنی ئەوەی كە سەرانەی هێڵی هەژاری لە ساڵی ٩٩ بە سەتا ٣٨ زیادبوونی بە بەراوەرد لەگەڵ ساڵی ٩٨ گەیشتووەتە یك میلیۆن و ٢٥٤ هەزار تمەن -بۆ هەر ئەندامێكی بنەماڵە- و نیزیك بە دوو میلیۆن كەس لەم ساڵدا بەهۆی کۆرۆناوە كارەکانیان لەدەست داوە، کار گەیوەتە جێیەک کە حەشیمەتی ژێر هێڵی هەژاری لە ٢٦ میلیۆن كەس ڕا بۆ پتر لە ٣٠ میلیۆن كەس زیاد بکا. گەمارۆكانی سەر ئێران لەسۆنگەی بەرنامەی ناوكیی ڕێژیم، سیاسەت و مودیرییەتی چەوتی ئابووری و سیاسەتی دەرەوە، پەرەسەندنی كۆرۆنا و گەندەڵیی گشتگیر و سیستماتیک لە وڵاتی ئێران هۆكاری سەرەکیی كەم‌بوونەوەی داهات و داڕمانی ئابووری و بێكاری لە ئێران ڕاگەیەندراوە. گوشاری ئابووری لە ئێران گەیوەتە ئاستێک كە كەیفییەتی ژیان و خۆراكی خەڵكیشی گرتووەتەوە و سفرەی خەڵكی بچووک و بچووكتر كردووەتەوە. بەپێی بەراوردی ناوەندی ئاماری ڕێژیم نرخی كیلۆیەك گۆشتی مریشك و گۆشتی سوور لە ماوەی یەك ساڵی ڕابردوودا دوو هێندە زیادی كردووە و هاوکات لەگەڵ ئەوە لێکۆڵینەوەکان دەڵێن لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا خواردنی گۆشت لەنێو خەڵكی ئێران لە سەتا٤٠ كەمی كردووە ڕوخساری دزێوی هەژاری لە دیمەنی كارتۆن خەوەكان، گۆڕخەوەكان، منداڵانی كار، پەرەسەندنی پەراوێزنشینی، زۆربوونی چاولەدەستی و سواڵكردن و لەنێوچوونی چینی مامناوەندی كۆمەڵگە و ئاشكراتربوونی کەلێنی نێوان چینە جیاجیاكانی كۆمەڵگەدا دەردەکەوێ و ڕاپۆرتەكانیش هەموو ڕۆژێ باس لە گرانیی خانووبەرە، چوونە سەرێی نرخی کرێنشینی و خواردەمەنی و بژیوی ژیانی خەڵك دەكەن. "غوڵام حوسێن شافێعی"، بەرپرسی ژووری بازرگانیی ڕێژیم دەڵێ: ئابووریی وڵاتی ئێران تەواو بچووک بۆتەوە و بەدوور لەو بانگەشانەی کە دەکرێ گەشەی ئابووری لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا خوارتر لە سفر بووە. لەم ساڵانەی دواییشدا بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگە بە تایبەت کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشین‌کراوان بە کۆبوونەوە و دەربڕینی ناڕەزایەتی لە هەر دەرفەتێکدا ویستوویانە باری نالەباری ژیان و بارودۆخی خراپی خۆیان پیشان بدەن کە هیچ ئاکامێکی نەبووە جگە لە سەرکوت و وادە و بەڵێنی بەدرۆی بەرپرسان. دیارە ئەگەرچی هەژاری و بێکاری لە ئێران دیاردە و قەیرانێکی گشتییە، بەڵام لە پارێزگاکانی کوردستان ئەم قەیران‌گەلە زۆرتر بەرچاو دەکەوێ. حاشاهەڵنەگرە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام خاوەنی ئاوی زۆر، زەویی بەپیت، کەشوهەوای لەبار و نەوت و گاز و زۆر کانزا و سەرچاوەی سروشتیی دیکەی زۆر و زەوەندن، کەچی بە هۆی ڕوانینی ئەمنییەتی بەردەوام پاشگوێ خراون. بۆ نموونە ناوەندی ئاماری ڕێژیم دەڵێ ئاماری بێکاری لە ساڵی ٩٩ی هەتاوی دوو ڕەقەمی بووە بەڵام لە کوردستان بەدرێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی نرخی بێکاری دوو ڕەقەمی بووە و بە داننانی پارێزگارەکان لە کوردستان سەروو سەتا ٣٥ بووە. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەموو کاتێک دژی ڕەوتی مافخوازی و دادپەروەری و شوناس‌خوازیی خەڵکی کوردستان وەستاوەتەوە و بە توندترین شێوە سەرکوتی کردوون و بەردەوام هەوڵی داوە لە تەنیشت هۆکاری ئەمنییەتی، ئابوورییش وەک کارتێکی گوشار لەدژی خەڵکی کورد بەکار بێن. بۆ ئەوەش دوو مەبەستی بووە: لەلایەک بە سەرقاڵکردنیان بە کێشە و ئارێشەی ئابوورییەوە لە خواستە سیاسی و مەدەنییەکانیان دوور خاتەوە و هەمیش ئەو پرسیارە بورووژێنێ کە کوردستان بەو دۆخەوە چۆن دەتوانی خەونی سیاسی و گەورەی خۆی هەبێ.