کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چاشۆڕش (چاکسازی-شۆڕش)!

15:12 - 16 خەزەڵوەر 2721

دوای داڕمانی بەرەی ڕۆژهەڵات "تیمووتی گارتێن ئەش "(Timothy Garton Ash) توێژەر و نووسەری بەناوبانگی بریتانیایی کە لە زانکۆی ئاکسفۆڕد وانەکانی مێژووی هاوچەرخ دەڵێتەوە، بە ڕوانینێکی نوێ ئاڵوگۆڕەکانی چارەگە سەدەی دوایی گەنگەشە دەکرد. تیموتی باس لە کودتاکانی مەخمەری ئورووپای ڕۆژهەڵات دەکا و پێی‌وایە ئەم شێوازە شتێکە لە نێوان "چاکسازی" و "شۆڕش". ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیە کە، ئەوەی لە وڵاتانی لەهێستان و مەجارستان ڕووی داوە زۆر بە دژواری دەکرێ ناوی "شۆڕش"ـی لەسەر دابنێین، لە ڕاستیدا ئەمە تێکەڵاوێکە لە چاکسازی و شۆڕش (چاشۆڕش)[*]. لەم دیاردەیەدا توخمێکی بەهێز و سەرەکیی "گۆڕان لەسەرەوە" بوونی هەبووە کە لەژێر سەرکردایەتیی "کەمینەیەکی ڕووناکبیر" لە ناخی حیزبە کۆمۆنیستەکاندا چالاکیی دەکرد؛ بەڵام توخمێکی زیندوو "گوشاری جەماوەر لەژێرەوە"ـش بوونی هەبووە، پێوەندیی نێوان ئەم دوو دیاردەیە بەگشتی بە نێوبژێوانی نێوان چینی هەڵبژاردە و ئێلیتی دەستەڵاتدار و دژبەران شەقڵی دەگرت. هەتا دوای ڕووخانی بەرەی ڕۆژهەڵات، دوانەی –چاکساز شۆڕش- بە سەر وێژەی سیاسی کە دەیویست ڕەوتی "گۆڕان" لە کۆمەڵگە جۆربەجۆرەکان شرۆڤە بکا، زاڵ بوو. بەڵام وردەوردە و بەتایبەت پشتی ڕەوتە فرەچەشنەکان گۆڕان لە حکوومەتەکانی سەر بە بەرەی ڕۆژهەڵات ئەدەبیاتێکی نوێی گووراند کە خۆی لە چەمکی "چاشۆڕش" (ئەم چەمکە لەلایەن تیوموتی گارتێن ئەش داهێنرا) بەشێوەیەکی قوڵتر و بەربڵاوتر لە مانای "تێپەڕین"(بەرەو دێموکراسی) نیشان دراوە. لێڕوانینی شۆڕشگێڕانە لە دەستەواژەکانی باوی دەیەکانی ئەم دواییە واتە "وەرگەڕاندن" و "ڕووخاندن خوازی" لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە دوای شۆرشی گەلانی ئێران سێبەری بەسەر زۆرێک لە ڕێکخراوە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆن داکێشاوە. هەروەها چەند ساڵێکیشە کە چەمکی گۆڕان و "گۆڕانخوازی"ـیش هاتوویە ناو کایەی ئەدەبیاتی سیاسی کە زۆرێک لە خەباتکاران هەرسێک ئەو مۆدێلانەیان دیوە و تاقی کردووتەوە و هەرکامیان بۆچوونی جیاواز و جۆراوجۆریان لەسەر ئەو شێوازانە هەیە. بەشێک پێیان‌وایە کە سەردەمی چاکسازیی خاتەمی بەسەر چووە و ئیتر ئەم تێرمە باوی نەماوە، هەڵبەت ئەوان پێیان‌وایە کە قۆناغی شۆڕشیش وێ ڕانەگەیشتووە، چوونکە شۆڕش کاتێک دەکرێ کە هیچ ڕێگایەکی دیکە بۆ خەڵک نەمابێ. ئەوەی کە ئێستا ئێمە تێیداین سەردەمی ڕێفۆرم و گۆرانکارییەکانە، سەردەمی –چاشۆڕشە-. بەو واتایە کە ئامانجەکانی ئێمە شۆڕشگێڕانەن بەڵام بە شێوازی چاکسازیی ئامانجی ئێمە گۆڕانی یاسای بنەڕەتییە، بەڵام ڕێبازەکەمان چاکسازانەیە. بە گشتی دەتوانین لەم دوو چەمکە – چاکسازی و شۆرش- لە بواری شێواز و ئامانج جیا بکەینەوە و زیاتر شی بکەینەوە کە تێدا چوار ڕەوش دێنە ئاراوە: ڕەنگبێ ئێوە هەم لە ئامانجەکەتان و هەمژی لە شێوازەکەتان شۆڕشگێڕ بن، ڕەنگبێ لەهەردووک جۆردا چاکسازیخواز بن، یان دەکرێ لە شێوازدا چاکساز و لە ئامانجدا شۆڕشگێڕ بن و دەنا لە شێوازدا شۆڕشگێر و لە ئامانجدا چاکسازیخواز. بەشێکی دیکەش پێیان وایە کە، چاکسازی لە ئێران تاقی کرایەوە جا ڕەنگبێ یان ئیمکانات هزری تەواوی تێدا نەبوو یان ئەوەی کە سەرکردایەتییەکەی تووشی کێشە بوون و یان خڕ ئەمە پیلانێک لەلایەن خودی حکومەتەوە بووە، ئەو بیرۆکەیە بە هەرحاڵ نەیتوانیوە خەڵک بە ئامانجە دڵخوازەکانی خۆی بگەیەنێ. دوای ئەمە خەڵک تووشی بنبەست نابن، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت ڕێگای خۆیان بەردەوام دەپێون و بەرەو پێش دەچن. ئەم دەستەیە پێیان وایە، وا بە هاسانی ناکرێ پێمان وابێ ئەم ڕێژیمە ئامادەی چاکسازی نییە، چوونکە گەلێک سیستەم هەن کە ئامادەی چاکسازی نین، چاکسازی دەبێ لەلایەن چاکسازیخوازانەوە پێیان بقەبڵێندرێ و بەسەریاندا بسەپێنرێ. یەکێک لە ئامرازەکانی چاکسازیخوازان گوتوبێژ و دیالۆگە، هەمیشە خۆ هەر ئاوا نییە کە ئێوە بە زمانی خۆش و کەنینەوە دەگەڵ یەکتر بدوێن، دیالۆگ لە شێوازی چاکسازیخوازان نەک تەنیا بۆ پێمڵکردنی لایەنی بەرامبەرە بەڵکوو بۆ سەپاندن و بە قەناعەت گەیاندنیەتی، واتە ئێوە دەبێ بە لایەنی بەرامبەرتان بقەبڵێنن و ڕازی بکەن. ئەوەش لەکاتێک‌ دایە کە ئێوە هێزی سیاسی و ئامادەتان لە مەیداندا هەبێ و بە پشتیوانیی ئەو بتوانن ڕەکەبەرەکەتان لە گوتوبێژدا ناچار بە پاشەکشە بکەن و پێی بسەلمێنن. هەموو شتێکیش هەر ئەوە نییە کە بگەین بە دوو ڕێیانێک بەناوی چاشۆڕش یان سێ ڕێیانێک بەناوی –شۆڕش، چاکسازی و شەڕ- لە باسە هزرییەکانی پێوەندیدار بە بابەتی دێموکراتیزاسیۆن جۆری فرە ڕەهەند و شێوازگەلێکی دیکەش هەن کە بە دێموکراسی دەگەن. "دۆناڵد شێر" چوار جۆر دێمۆکراتیزاسیۆن لە ڕێژیمە دەستەڵات‌خوازەکان ئاماژە پێ دەکا: سەرەتا، دێموکراتیزاسیۆنی پەرەسەندوو یان تێپەڕینی ئارام بەرەو دێموکراسی بە ڕەزامەندی و بەشداریی ڕێبەرانی ڕێژیم. (ئەم جۆرە لە تێپەڕین بریتییە لە جۆرێک دان و ستان، ئەو چاکسازیخوازانەی دەچنە نێو دەسەڵات و دەتوانن لە گۆڕینی هێور ڕۆڵیان هەبێ و لەو هەمووە دەستەڵات‌خوازییەی ڕێژیم دابەزێنن و بخوازن بەرەو وەدیهاتنی دێموکراسی هەنگاو بنێن). بە باوەڕی "سامویێل هانتینگتۆن" زۆربەی حاڵەتەکانی دێموکراتیک‌سازی لە "شەپۆلی سێهەمی" بەرەو دێموکراسی (لە نیوەی دەیەی ١٩٧٠ بە وڵاتی پورتەغاڵ) بەم شیوەیە ڕوویان داوە و ئیسپانیا و بڕێزیلیش بەڵگەیەکی زیندوون. دووهەم، تێپەڕین بەرەو دێموکراسی بە شێوازی دیالۆگ و ئاشتی و سازان و پێکهاتن، کە بە جۆرێک تێپەڕینی خێرا بە ڕەزامەندیی ڕێبەرانی ڕێژیم دەژمێردرێ. ئەم جۆرە لە تێپەڕین لە دۆخێکدا ڕوو دەدا کە بەرەی دژبەران و ناڕازییان بەهێز بووە و بزووتنەوە جڤاکییەکانی پشتیوانی دێمۆکراتیزاسیۆن سەریان گرتووە و حکومەت یەکپارچەیی خۆی لەدەست داوە توانایی پێویستی بۆ سەرکوت و کۆنترۆڵ‌کردنی ڕەوشەکەی لەدەستدا نەماوە. بەپێی توێژینەوەی هانتینگتۆن، نزیک سێ لە یەکی ئەو ڕەوتانەی تێپەڕین لە "شەپۆلی سێهەم" (بەتایبەت میناکی ئەفریقای باشوور) ئەزمونێکی ئاوایان هەیە. سێهەم، تێپەڕین بە شێوەی خەباتی شۆڕشگێڕانەی درێژماوە یان تێپەڕینی دوورمەودا، بەبێ ڕەزایەتی دەستەڵاتدارانی ڕێژیم، تێپەڕینێک کە بە خەباتی توندوتیژ بەستراوبێتەوە و دەخوازێ حکومەت بڕوخێنی و ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی بەسەردا بێنی. ئەوەی دوایەمینیش: تێپەڕین بە شێوەی لێک‌ترازان، تێپەڕینێک کە بە شێوەی خێرا و بە دژی ڕێبەرانی ڕێژیم و حکومەت ڕوو دەدا و بە شۆڕش (شۆڕشی گەلانی ئێران)، کودەتا (نیجێرییە)، ڕووخان یان سپاردنی دەستەڵاتی سیاسی- بە هێرشی دەرەکی (عێراق) بەئاکام دەگا. ئەم شێوازناسییە لە باسگەلی بەرەو دێموکراسی زۆرن، هەروەک هانتینگتۆنیش ئاماژە بە چوار جۆر تێپەڕین دەکا (لێنزیک وەک ئەوەی شێر):١. بەڕێگای دان و ستان لە قەوارەی سیاسی دەستەڵات. ٢. بە ڕێگای دیالۆگ و لە یەک‌تێگەیشتن. ٣. جێگۆرکێ (دەستاودەست کردنی دەستەڵات). ٤. بە شێوازی نیزامی(جا چ لە نێوخۆ چ بە هاوکاریی دەرەکی). ***   - چاشۆڕش: لە وێژەی سیاسیی فارسیدا چەمکی "اصقلاب" هاتووە. - بەشێک لە گوتوبێژەکان و بۆچوونەکانم لە وتاری "دوگانە اصلاحات یا انقلاب؛ اشتباه رایج"، "مهرداد قاسمفر، رادیو فردا" وەرگرتووە.