کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چارەنووسی بەرجام لە ئاکامی کەڵەوەکێشی و کات‌کوشتنی کۆماری ئیسلامیدا

15:19 - 16 خەزەڵوەر 2721

چارەنووسی "بەرجام" لەنێوان ئێران و وڵاتانی ئەندام لەو ڕێککەوتنەدا گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار. کۆماری ئیسلامی پاش چەند مانگ پەکخستنی دانیشتنەکان بۆ ژیاندنەوەی بەرجام ڕایگەیاندووە کە وتووێژەکان لەگەڵ سێ وڵاتی ئورووپایی ئەندام لە بەرجام دەست پێ دەکاتەوە؛ بەوحاڵەش دەبێ بەگومانەوە بڕوانینە ئەو وادەیە. کۆماری ئیسلامی کە پاش هاتنەسەرکاری ڕەئیسی و یەکدەست‌بوونی ڕەهای دەسەڵات مژوولی خۆگنخاندن و کات‌کوشتنە، وادیارە لە پێوەندی لەگەڵ چۆنیەتیی گەڕانەوە بۆ وتووێژەکانی بەرجام و سەپاندنی مەرجەکانیان بەسەر ئەمریکا و لایەنەکانی دیکەی ئەندام لە بەرجامدا هەڵوێستی توند و یەکدەستیان هەیە. ئەگەر ئاوڕێک لە بەرجام بدەینەوە، ئەو ڕێککەوتنە لە ڕاستیدا کەلێن و کەلەبەری زۆری بۆ پەرەپێدانی چالاکییە نیزامییەکان و بەستێنی لەباری بۆ درێژەدانی سیاسەتەکانی ڕێژیم لە پەرەپێدانی بەرنامەی مووشەکی، پەهپادی، درێژەدان بە سیاسەتی دەستێوەردەرانەی لە وڵاتانی ناوچە و سەرکوتی گەلانی ئێران و لەژێرپێنانی بەهاکانی مافی مرۆڤ پێک‌هێنا. بەرجام هەر لە سەرەتاوە بەپێچەوانەی ڕەزامەندیی باراک ئۆباما و دەوڵەتی دێموکراتەکان لە ئەمریکا و دەوڵەتی حەسەنی ڕووحانی لە ئێران، ئەم ڕێککەوتنە لەگەڵ ناڕەزایەتیی کۆماریخوازان لە ئەمریکا و سپای پاسداران و باڵی ئوسولگەرای زاڵ بەسەر دەسەڵات لە ئێران و هەروەها ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتانی ناوچە بەرەوڕوو بوو. لەلایەک کۆماریخوازانی ئەمریکا و ئیسرائیل و بەشێک لە نەیارانی کۆماری ئیسلامی لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە بەلەبەرچاوگرتنی نێوەڕۆک و ماوەی زەمەنیی بەرجام (١٠ ساڵ، واتە هەتا ساڵی ٢٠٢٥) ئەو ڕێککەوتنە ناتوانێ گەڕەنتیی دەست‌وێڕانەگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوکی و ڕاماڵینی دڵەڕاوکێی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچە و جیهان بکا، هەربۆیەش دژی ئەو ڕێککەتنە بوون و بە قازانجی کۆماری ئیسلامییان دەزانی؛ لەلایەکی دیکەش سپای پاسداران و باڵی ڕاستەقینەی دەسەڵات دژی بەرجام بوون و لەسەر ئەو باوەڕە بوون کە بەرجام دژی سیاسەتە گشتییەکانی نیزامە و کۆماری ئیسلامی لەو گەمەیەدا دۆڕاوە. تەنانەت خامنەییش وەک ڕێبەری نیزام هەر لە سەرەتاوە بە نابەدڵی و لەڕووی ناچاری و بەرژەوەندیی کاتییەوە ملی بۆ ڕاکێشا. ئێستا و لەبەرەبەری دەوری حەوتەمی دانووستانەکانی ویەن بە باوەڕی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئورووپاییەکانی دۆخەکە لەو ماوەیەدا و بەتایبەت لەدوای هاتنەدەرێی ئەمریکا لە بەرجام لە ساڵی ١٣٩٧ (٢٠١٨) بەملاوە زۆر گۆڕاوە. ئیدارەی نوێی ئەمریکا خوازیاری گەرانەوە بۆ بەرجام و پێبەندبوونی کۆماری ئیسلامی بەو ڕیککەوتنەن و ڕایانگەیاندووە کە هەڵپەساردنی بەشێک لە گەمارۆ ئابوورییەکان بەستراوەتەوە بە ڕاگرتنی چالاکییە ناوکییەکانی ئێران و هاوکاریی بێ‌بەربەست و هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتومی و چاودێریی هەموو ناوەندە ئەتومییەکانی ئێران لەلایەن ئاژانسەوە. دیارە ئەگەر ئەمریکای دوناڵد تڕامپ لە بەرجام هاتە دەرێ و سیاسەتی گوشاری لەڕادەبەدەر و دوورپێچی ئابووریی هۆشمەندانەی خستە سەر کەرتی پێترۆشیمی و کەرتەکانی دیکەی ئابووریی کۆماری ئیسلامی و مافیای زەبەلاحی خامنەیی و سپای پاسداران و، بەو شێوەیە نیزامی کۆماری ئیسلامیی تەنگەتاوکرد؛ دەسەڵاتدارانی ئێرانیش لەلایەک ڕێژەی پیتاندنی ئۆرانیۆمیان گەیاندە ئاستی لە سەتا شێست و هەروەها ئۆرانیۆمی کانزاییان پیتاند کە یەکێک لە پێداویستیی و مەرجە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی چەکی ناوکییە. بەمجۆرەش دژی ڕێککەوتنی بەرجام و نیزیک‌بوونەوە لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکیی هەنگاوی زۆر کتووپڕیان نا. جگە لەوەش سپای پاسداران بەشێوەیەکی بەربڵاو بەرنامە مووشەکییەکانی پەرەپێ دا، بەجۆرێک کە لە قووڵایی زەوی لە چەندین شوێنی شاراوە! شاری مووشەکییان چێ کردووە و بوون بە هەڕەشە بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچە. ئەو مووشەکانەش کە حیزبوڵلای لووبنان و حەماس و جەهادی ئیسلامی لە فەلەستین، ئیسرائیلی پێ دەکەنە ئامانج و مووشەکەکانی حوسییەکانی یەمەن کە بوون بە هەڕەشەی سەرەکی بەدژی عەرەبستان و دەوڵەتی یاسایی یەمەن، دیاریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە! کۆماری ئیسلامی لە سیاسەتی دەستوەردان و خۆشکردنی ئاگری شەڕ و ئاژاوە لە وڵاتانی ناوچە بەردەوامە و بەهەموو هێز و ئیمکاناتەوە، چ بە کردەوەی تێرۆڕیستی و هێرشکردنە سەر بنە و بارەگاکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچە و چ بە شەڕی نیابەتی لەگەڵ نەیارانی نیشانی‌ داوە کە بە گەماڕۆ و سزای ئابووری –بە نرخی چارەڕەشیی گەلانی داماوی وڵات- واز لە سەرکێشییەکانی ناهێنێ. بە لەبەرچاوگرتنی سووربوونی لایەنەکانیش لە هەڵوێست و بۆچوونەکانیان گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە هەموو لەسەری کۆک بن، زۆر ئاستەمە ئەو کەڵافە ئاڵۆزە لە وتووێژەکانی دەوری حەوتەمی "ویەن"یشدا چارەسەر بکرێ. ئەوەی لەو نێوەدا گرینگە دوا دەربڕینی هاوبەشی ئەمریکا و سێ وڵاتی فەڕانسە و بریتانیا و ئاڵمان وەک چوارلایەنی بەرجامە کە دەڵێن کات بۆ یەکلابوونەوەی ئێران و سەبری ئەوانیش سنووردارە. ئەو وڵاتانە بەڕاشکاوی ڕایانگەیاندووە کە ئێران قەت دەستی بە چەکی ناوکی ڕاناگا و ئامادەن بۆ ئەو مەبەستە ئەگەر دانووستان چارەسەر نەبێ، ڕێگەی دیکەش بگرنەبەر. هاوتەریب لەگەڵ ئەوان ئیسرائیلیش وەک دژبەری سەرەکیی بەرجام بەڕوونی و بە بەردەوامی ڕایگەیاندووە کە ئەگەر پێویست بکا ڕاستەوخۆ و بەبێ هاوکاریی هاوپەیمانان گورزیی سەربازی لە ناوەندە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران دەوەشێنن. لە چەند ساڵی ڕابردووشدا کە هێزەکانی قودسی سپای پاسداران و حیزبوڵلای لوبنان لە سووریە هەن، ئەم وڵاتە بۆ بەرگرتن لە نیزیک‌بوونەوەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی لە سنوورەکانی، بە سەدان جار بنکە و ناوەندە سەربازییەکانی رێژیمیان کردووەتە ئامانج، بەبێ ئەوەی ڕێژیم متەقی لێوە بێ. کۆماری ئیسلامی لە دوای هاتنەدەرێی ئەمریکا لە بەرجام زۆر تێکۆشا نێوانی وڵاتانی ئۆرووپایی ئەندام لە بەرجام و ئەمریکا لێل بکا و لەو بەینەدا ئورووپاییەکان بەلای خۆیدا ڕاکێشێ؛ بۆ ئەوەش سیاسەتە چاوەڕواننەکراوی دۆناڵد ترامپیش یارمەتیدەری بوو، بەڵام بەوحالەش ڕێژیم نەیتوانی لەو کێشمەکێشەدا براوە بێ، پێچەوانە بە زیادکردنی سانتریفیوژەکانی و پیتاندنی ئۆرانیۆم و پەرەپێدان بە بەرهەمهێنانی مووشەکە دوورهاوێژەکان و درێژەدان بە سیاسەتە ناوچەییەکانی، لەڕاستیدا ئەمریکا و ئۆرووپای لە ئاست کردەوەکانی خۆی لێک ‌نیزیک کردەوە. خامنەیی و دەمڕاستەکانی ڕێژیم لەسەر ئەو باوەڕە بوون بە سەرکەوتنی بەربژێری دێموکراتەکان لە هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا ئەوا هەموو گەمارۆکان لەسەریان لا دەچێ و دەرگاکان بەرەوڕوویان دەکرێتەوە و بە دەیان میلیارد دۆڵاریان بۆ دەگەڕێتەوە، لەحاڵێکدا ئەمریکای ئێستا ئەگەر لەگوتاردا جیاوازی لەگەڵ ئەمریکای سەردەمی کۆماریخوزەکان هەیە، لە هەڵوێست لەئاست کۆماری ئیسلامیدا جیاوازییەکی ئەوتۆیان نییە؛ بگرە دێمۆکراتەکان ئەگەر خوازیاری گەڕانەوە بۆ بەرجامن، لەڕاستیدا مەبەستیان بەرجامێکە کە نەک هەر لاوازییەکانی ڕێککەوتنی پێشوو قەرەبوو دەکاتەوە، بەڵکوو سیاسەتەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی وەک پەرەپێدانی بەرنامە مووشەکییەکانی و دەستێوەردان لە ناوچە و ناسەقامگیرکردنی وڵاتان و تەنانەت لەئاستی نێوخۆی ئێرانیشدا کێشەی لەژێر پێنانی مافی مرۆڤ و ئازادییەکانیش لەخۆ دەگرێتەوە. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ ئاخۆ خامنەیی و دەسەڵاتی یەکدەستی کۆماری ئیسلامی پاش تێچووی دەیان میلیارد دۆڵاری لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەدا و کێشمەکێش و ململانێی سەخت لەگەڵ جیهانی دەرەوە، ئامادەن لەژێر گوشاری نیودەوڵەتی دەسبەرداری بەرنامەی ناوکی و سیاسەتە دەرەکییەکانیان بن کە بوون بە هەڕەشە بۆ جیهان و بەتایبەت خۆرهەڵاتی نێوەڕاست؟ ئاکامی ٢٠ ساڵ پەرەپێدانی بەرنامە ناوکییەکان و بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران کە ئێستا زۆرینەیان لەوپەڕی هەژاری و نەداری و چارەرەشیدا دەناڵێنن، بەکوێ ‌دەگا؟ ئاکامی بەفیرۆدانی دەیان میلیارد دۆڵار لە سەروەت و سامانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لەپێناو بەرنامە ناوکی و مووشەکییەکانی ئاخوندەکان، ڕێک وەک سەدان میلیارد دۆڵاری دیکە دەچێ کە ڕێژیم لە ماوەی تەمەنی نگریسیدا بۆ پیشوەچوونی سیاسەتە دژی‌گەلییەکانی بەفیڕۆی داوە و لە بەرانبەریشدا ئێرانی وێران و خاپوور کردووە. هەر ئەوەندە کە هێڵی هەژاری لە ئێراندا سەرووی ١٠ میلیۆن تمەنە و بێکاری نیوەی هێزی کاری وڵاتی داگرتووە و دەوڵەت توانای دابینکردنی حەقدەستی کرێکاران و مامۆستایان و زۆربەی مووچەخۆرەکانی نییە، دەربڕی دۆخی دۆزەخی گەلانی وەزاڵەهاتووی ئێرانە. ئەزموونی زیاتر لە چل ساڵ دەسەڵاتدارەتی ڕێژیم نیشانی‌ داوە ئەو نیزامە گەندەڵ و دژی‌گەلییە قەت بە پێخۆش‌بوونی خۆی ئامادە نییە تۆزقاڵێک لە مەبەست و ئامانجەکانی خۆی پاشگەز بێتەوە، هەربۆیەش لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامە ناوکییەکان و زۆر سیاسەتی دیکەی لە نێوخۆ و دەرەوە، ئەوە تەنیا کۆدەنگی و گوشاری هەمەلایەنەیە کە دەتوانی ئەو ڕێژیمە ناچار بە پاشەکشێ و ملکەچ بوون بکا. لەئاست گوشارە نێونەتەوەییەکاندا خامنەیی و سپای پاسداران زیاتر لە دوو ڕێگەیان لەپێش نییە؛ یان دەبی ملکەچی ئیرادەی جیهانی بن و بە "سازانی قارەمانانە" واتە شکانی سەرشۆڕانە، واز لە مەزنخوازی ڕابردوویان بێنن و جامی ژاری خومەینی دیسان بنۆشنەوە، کە ئەوەش بێگومان لە دەرەوە و بەتایبەت لە نێوخۆی وڵات یانی شکانی هەیبەت و هەیمەنەی ڕواڵەتی کۆماری ئیسلامی و سڕینەوەی ترس و دڵەراوکێ و تۆقانی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران لەو ڕێژیمە و سەرهەڵدانی ڕاپەڕین و شۆرش، لەچەشنی بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨ کە بەستێنەکەی لە هەموو بارێکەوە ئامادەیە؛ یان درێژە بە سەرکێشییەکانی خۆیان بدەن و ئەزموونی کوریای باکوور دووپات بکەنەوە و ئێران و نیزامە چەپەڵەکەیان لەوە زیاتر لە جیهاندا تەریک بخەنەوە و لەوە زیاتر خەڵکی تووشی چارەڕەشیی بکەن. ب ێگومان کۆمەڵانی خەڵکی ئێران جیاوازی زۆریان لەگەڵ خەڵکی وڵاتی کوریای باکوور هەیە و بەو سوونەتە خەباتکارییەی کە لە مێژووی زیاتر لە سەد ساڵی ڕابردوودا تۆماریان کردووە، ئەو دۆخە قەبووڵ ناکەن و بەدڵنیاییەوە ناڕەزایەتییەکان پەرەدەستێنن و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەواوییەتی خۆیدا ناتوانێ خۆی لە لێکەوتەکانی ئەو شەپۆلە بەهێزانە لە ناڕەزایەتییەکان دەباز بکا.