کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەلێنی نەتەوەیی، ناسیۆنالیزم و وەرچەرخانەکانی گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکرات

15:21 - 16 خەزەڵوەر 2721

کەلێنی نەتەوەیی، ناسیۆنالیزم و وەرچەرخانەکانی گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکرات (دەورەی پەھلەوی)

(بەشی سێهەم و کۆتایی)

  گوتاری سیاسیی شوناس‌خوازانەی بەشداری‌ویستی حیزبی دێموکرات ئەگەرچی لە قۆناغە جیاوازەکاندا، گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکرات لەژێر کاریگەریی ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا گۆڕانکاریی بەسەردا ھاتووە، بەڵام ئەم گۆڕانکارییە بە مانای شیفتێکی ئەرێنی و کاریگەر نەبووە، بەڵکوو بە ھۆی ئەوەی کە ئەم وەرچەرخانانە دژکردەوەیەک بووە بەرامبەر بە بارودۆخی زاڵ بە سەر ئێران و کوردستاندا، کەواتە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکان لە چوارچێوەی ئەم گۆڕانکارییە گوتارییەدا هێندێک جار سەرکەوتوو نەبووە. گوشارەکان و دژوارکردنی دۆخی چالاکیی سیاسی لە قۆناغێکدا و کرانەوەی ڕێژەیی کەش‌وھەوای سیاسی لە سەردەمێکی دیکەدا کە سەرچاوەی لە جۆری ناسیۆنالیزمی ناوەند دایە، بۆتە ھۆی گۆڕانکاری لە گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکرات لەو ساڵانەدا. دوای شکستی کومیتەی ئینقلابیی حیزبی دێموکرات لە شەڕی چریکی دژ بە ڕێژیمی پاشایەتیی پەھلەوی کە ئەم کومیتەیە ڕووخاندنەکەی کردبووە ئامانجی سەرەکیی خۆی، حیزبی دێموکرات وێڕای وەرچەرخانێکی گوتاری، حەولی ڕێکخستنەوەی خۆی دەدا و ھێندێک پلانی دێموکراتیک کە پەسندی حیزبی سەردەمی کۆماری کوردستان بوو دەخاتەوە نێو گوتارە سیاسییەکەیەوە. لە ڕاستیدا شکستی بزووتنەوەی چریکی و پێشوازی‌نەکردنی جەماوەر لەم جۆرەی خەبات لەو قۆناغەدا -بە پێچەوانەی قۆناغەکانی دواتر واتە لە ساڵەکانی یەکەمی هاتنەسە کاری کۆماری ئیسلامیدا کە خەباتی چەکداری پێشوازییەکی مەزنی جەماوەریی لێ دەکرێ- ھۆکاری سەرەکیی ھەڵبژاردنی دروشم و شێوازێکی نوێ لەلایەن حیزبی دێموکراتەوە بوو. «کەواتە لە ساڵی ١٣٥٠ەوە، دروشمی دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان وەرگیرا، ھەڵبژاردنی وەھا دروشمێک حەول بوو بۆ قەوارە بەخشین بە داواکارییەکانی کورد لە چوارچێوەیەکی گونجاودا بۆ ئێرانییەکان و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی»(رومانو، ١٣٨٨). ئەگەرچی خەبات دژ بە حکوومەتی پەھلەوی وەک گوتاری دژبەری گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکرات، قەوارەبەندیی گوتاریی ئەم گوتارە پێک دێنێ، بەڵام ھەرگیز وەک قۆناغی پێشوو شەڕی چریکی بەشێک لە ڕەفتاری سیاسیی ئەم حیزبەی پێک نەدەھێنا، لە ڕاستیدا لەم قۆناغەدا گوتاری سیاسیی حیزب فۆرمێکی واقع‌بینانە و نێوانگیرتر بە خۆیەوە دەگرێ و خۆی لە چوارچێوەیەکدا جومگەبەندی دەکا کە ھەم کەشی دژایەتی ڕابگرێ و ھەم سەرنجێکی تایبەت دەداتە ئیمکانی وەرگرتنی کۆمەڵایەتی و ڕێک‌خستنیان لەم چوارچێوە گوتارییەدا. بەشێوەیەک کە ئەم گوتارە بە ڕاکێشانی سەرنجی ژمارەیەکی زۆر لە جەماوەر، بەرەوپیری شۆڕشی گەلانی ئێران لە ٥٧دا دەڕوا و بە ورووژاندنی بابەتی سەرنج‌ڕاکێشتر لە سەر بنەمای داواکارییەکانی کۆمەڵگەی کوردی، بەشێکی زۆری خەڵک لەگەڵ خۆی ھاوڕێ دەکا، بە چەشنێک کە پاش سەرکەوتنی شۆڕش، دەبێتە گەورەترین حیزبی سیاسیی کوردستان و تەنانەت ناوچە نەتەوەییەکانی ئێران، بە پێگەیەکی مەزنی کۆمەڵایەتییەوە. لە دۆخێکدا کە کوردستان دەستەویەخەی گەشەی ناھاوسەنگی پلانە گەشە تەوەرکانی محەمەدڕەزا شا بوو، بەشێکی زۆر لەو لاوانەی کورد کە وێڵی کار بوون ڕوویان کردە ناوەند، ئەم کۆچە بەپێچەوانەی ناوچەکانی ناوەندی ئێران کە بووە ھۆی تێکچوونی شوناسی ناوچەییان بە قازانجی شوناسی نەتەوەیی (سەراسەری)، لە کوردستان بووە ھۆی بەھێزبوونی  شوناسی ئیتنیکی و، تێگەیشتنێکی بە نیسبەت دوا کەوتوویی کوردستان لە  بەرامبەر ناوەند دا ساز کرد. حیزبی دێموکرات لەو ساڵانەدا ببوە سێحەبی ڕێبەرایەتییەکی جیاواز کە وێڕای ئەوەی کە دەرکێکی دروستی لە دۆخی سیاسیی ئێران ھەبوو، گەڕانەوەی بۆ دروشمە سەرەکییەکانی کۆماری کوردستان کە خودموختاری بۆ کوردستان و دێموکراسی بۆ ئێران بوو کردبووە نەخشە ڕێگای خۆی، ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە ئەزموونی ساڵەکانی بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی ئێران لە دەورەی مەسەدیقدا، ھاوکاری لەگەڵ حیزبی تودە و شەڕی چریکیشی ھەبوو. کەواتە دەبوو گوتارێکی سیاسی نوێنەرایەتی بکا کە لە لایەکەوە ئیمکانی باسکردنی لە چوارچێوەی ئێراندا ھەبێ، لەلایەکی دیکەوە ئیمکانی ڕاکێشانی سەرنجی کۆمەڵانی کوردستانی ھەبێ و هەروەها ئیمکانی ئەوەشی هەبێ کە شوناسی کوردی کە بە ھۆی گەشەی ناھاوسەنگ پڕڕەنگتر ببوو وەک چەمکێکی گرینگی ئەم گوتارە جومگەبەندی بکا. ئەوەش لە کاتێکدا بوو کە حیزبی دێموکرات وەک تاکە ھێزی سیاسیی کورد، دوای کۆنگرەی سێهەمی خۆی ئەو دروشمانەی بۆخۆی ھەڵبژارد کە بەستێنەکانی گەیشتن بە دۆخی شۆڕشگێڕانەی خۆش دەکرد و پتر لە ھەر قۆناغێکی دیکە چارەنووسی خۆی بە چارەنووسی گشتیی کۆمەڵانی ئێرانەوە گرێ دابۆوە. کەواتە لەو سەردەمەدا، گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکرات پێویست بوو ھەم جەخت بکاتە سەر ئامانجەکانی کۆماری کوردستان و گوتارە شوناس‌خوازانەکەی، ھەم ئەوەیک ە وەک سەردەمی موسەدیق بیر لە ھاوڕێیەتی لەگەڵ بزووتنەوەی سەراسەریی ئێران بکاتەوە. جەخت‌کردنەوەی دووبارە لە سەر دروشمی خودموختاری بۆ کوردستان و دێموکراسی بۆ ئێران، زیادکردنی وشەی «ئێران» بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان و گەڕانەوەی ئەندامانی ڕێبەرایەتیی حیزب لە عێراق و ئورووپاوە بۆ ئێران و بڵاوبوونەەوەیان بە شارەکانی کوردستان و تاراندا (حەسەن‌زادە، ١٣٨١)، بەشێک لەو کردەوە گوتارییانە بوون کە ھەوێنی گوتاری سیاسیی کوردیان لەو سەردەمەدا پێک دەھێنا. ئەگەرچی دروشمی ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی لەنێو ئەم گوتارەدا بوونی هەبوو، بەڵام تەنانەت لە مانگەکانی کۆتایی تەمەنی ئەم حکوومەتەشدا شەڕی سەربازی و چریکی وەک قۆناغی پێشوو پێڕەو نەکرا. ھەروەک گوترا، بەھێزبوونی شوناسی کوردی بەھۆی گەشەی خۆئاگایی گشتی کوردەوە کە بەرھەمی گۆڕانی کۆمەڵگەی ئێران و گەشەی شارنشینی و پێشکەوتی ڕێژەیی ئابووری و گەشەی ناھاوسەنگی کوردستان بە نیسبەت ناوەند و ناوچە ناوەندییەکانی ئێران بوو، داواکاریی پێشکەوتن و گۆڕانی بارودۆخی ئابووری خەڵکی بۆ یەکەم جارکەوتە پلان و ئەدەبیاتی سیاسی کوردەوە. گەشەی شوناسی کوردی لە پێوەندی لەگەڵ چەمکی ئیتنیکدا نەبوو، بەڵکوو جۆرێک ھەست بە ھەڵاواردن بە نیسبەت ناوچەکانی دیکەی ئێران بوو، «ئەم خۆئاگاییە نوێیەی کورد، بە ھۆی سەرنجدان بە دواکەوتوویی کوردستان پەرەی ئەستاند»(مک داول، ١٣٨٠) بەو ھۆکارانە؛ گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکرات، لە چوارچێوەی ئەم دروشم و کردەوە گوتاریانە و ھەستی ھەڵاوردنەدا پێک ھات. کەواتە شوناسی غەیری ئیتنیکی، ئەم چەمکە گوتارییەیە کە لەم قۆناغەدا وەک واتایەکی پارادۆکسیکاڵ دەبێتە دالی ناوەندی کە لە ئاکامی ھاوڕێیەتی لەگەڵ واتاگەلێکی وەک دێموکراسی بۆ ئێران، زیادبوونی ناوی ئێران بە حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە کۆتاییدا بەشداریی لە خەباتی سەراسەری دژ بە حکوومەتی پەھلەویدا مانا پەیدا دەکا و ئەو چەمکانە بە دەوری خۆیەوە جومگەبەندی دەکا.   ئاکام گۆڕانی ڕوانگەی دەسەڵاتدارانی ئێران لە قاجارەوە بۆ پەھلەوی بەو ھۆیەی کە گۆڕانکارییەکی مەزن لە شێوەی دەسەڵاتدارێتیدا بوو، بووە ھۆی گۆڕانی بنەڕەتیی بەستێنی کۆمەڵایەتیی ئێران. ئەم گۆڕانکارییانە بە شێوەیەک ڕوویان دا، کە بووە ھۆی ڕوودانی ھێندێک گۆڕانی گەورە لە کوردستانیشدا. ناسیۆنالیزمی کەوناراخوازی قەومیی پەھلەوی کە ئەویتری خۆی لە جۆراوجۆری ئێراندا دەدی، باشترین ڕێگای گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی بە سڕینەوەی ئەم جیاوازییە ئیتنیکی و نەتەوەییانە دەزانی. لە ڕاستیدا دەوڵەت-نەتەوەسازییەکەی ڕەزاشا لەسەر بنەمای ئاسیمیلاسیۆن و سڕینەوەی جیاوازییە ئیتنیکی و کولتوورییەکان نەتەنیا نەیتوانی لە خزمەت ناسیۆنالیزمی دەوڵەت‌سازدا بێ بەڵکوو بووە ھۆی قووڵ‌بوونەووی کەلێنی نەتەوەیی وەک یەکێک لە کەلێنە شوناسییەکانی کۆمەڵایەتی. قووڵ‌بوونەوەی ئەم کەلێنە و پێکهاتنی حیزبی دێموکرات وەک حیزبێکی کوردی ناسیۆنالیست لە دەوری کەلێنی قەومی-نەتەوەیی، نیشانەی ناسەرکەوتوبوونی ئەم پرۆژەیە بوو، کە بە سازبوونی ھەلومەرجی تایبەتیی دوای خەرمانانی ١٣٢٠ و سازبوونی بۆشایی دەسەڵات، کوردستان ئەو ھەلەی بۆ ڕەخسا دژکردەوە نیشان بدا و بە دامەزرانی حیزبی دێموکرات و پاشان کۆماری کوردستان بناغەی یەکەم گوتاری سیاسیی کورد دژ بە گوتاری ناسیۆنالیستی کەونارا خوازی ڕەزاشا بە پێشەنگێتیی دێموکرات داندرا.  کەواتە لە دەورەی پەھلەوییەکاندا و وەک دژکردەوە بە نیسبەت ناسیۆنالیزمێک کە سەرچاوەی شێوە ڕوانینیان بۆ جیاوازییەکانی ئێران بوو، کەلێنی قەومی یا نەتەوەیی بەردەوام زیندوو بووە و لە بەستێنی سیاسیی ئێراندا بۆتە ھۆی پێکهاتنی قەیران و کێشە، کە دامەزرانی حیزبی دێموکرات و درێژە بە چالاکی و گۆڕانی گوتارەکەی بەرھەمی ئەم بارودۆخەیە. وەک باس کرا لە سەرەتای دامەزرانی حیزبی دێموکراتەوە تا شۆڕشی گەلانی ئێران لە ٥٧دا، گوتاری سیاسیی کورد چوار قۆناغی بە خۆیەوە دیتووە کە بە کاریگەری لە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی و شێوە ڕوانینی دەسەڵاتدارانی ئێران گۆڕانی بەسەردا ھاتووە. دیارە لە سەرجەمی ئەم قۆناغانەدا، ناسیۆنالیزم وەک ڕۆحی گوتاری سیاسی، ھەڵبەت لە دژکردەوە بە نیسبەت جۆری ناسیۆنالیزمی ناوەنددا بوونی ھەیە و لەھەر سەردەمێکدا تایبەتمەندیی خۆی دەبەخشێ بە گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکرات. دیارە گوتارەکان بە نیسبەت بارودۆخ و ھەلومەرج و پێداویستیی کۆمەڵگە دێنە مەیدانەوە و گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکراتیش بەپێی زەروورەتە مێژووییەکەی و لە دژایەتی لەگەڵ گوتاری سیاسی ناوەنددا ھاتۆتە گۆڕەپانی سیاسییەوە و لە دژایەتی لەگەڵ واتا و دالەکانی ئەم گوتارە دژبەرە، گۆڕانی بەسەردا ھاتووە یا شکڵی گرتووە. لە ڕاستیدا گوتاری سیاسیی حیزبی دێموکرات و لە ئاکامدا گوتاری سیاسیی کورد گوتارێکی دژکردەوەییە و لە وەڵامی گوتاری ناوەنددا خۆی ڕێک خستوە و بە گۆڕانی ئەو گوتارە گۆڕانی پێدا ھاتووە. جگە لە قۆناغی چوارەم، واتە قۆناغی کۆتایی کە گوتاری سیاسیی  حیزبی دێموکرات هاوڕێ لەگەڵ سەراسەری ئێران بەرەو پیری شۆڕشێک دەچن کە ئاکامەکەی ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتییە، لەم قۆناغەدا وێڕای ئەوەیکە لە ناوەند و بە تایبەت لە مانگەکانی ئاخردا چاکسازی بەڕێوەیە و چاوەڕوان دەکرێ کە حیزبی دێموکرات بۆ وەڵامی ئەم چاکسازییە گوتارێکی نەرم بەکار بێنێ، بەڵام ئەو شتە ڕوو نادا و بڕیاری ڕووخانی پاشایەتی ھەر لە ئارادایە و حیزبی دێموکرات بە شێوەیەکی کردەوەیی گوتارەکەی خۆی بە سەر کۆمەڵگەی کوردیدا زاڵ دەکا، بە چەشنێک کە پاش ڕووخانی ئەم حکوومەتەش ئەم گوتارە وێڕای ئەوەی کە حیزب و لایەنی دیکەش دێنە مەیدانی سیاسەتی کوردییەوە، بەڵام ھەر زاڵ دەمێنێتەوە و ئەو لایەنە نوێیانە نەخشی وردە گوتاری سیاسیی کورد لە دەورانی کۆماری ئێسلامیدا دەگێڕن، کە تا ئێستاش ئەم دۆخە وەک خۆی ماوەتەوە. ***   سەرچاوەکان:    کوردی - قاسملوو، عەبدولڕەحمان و عەبدوڵڵا حەسەنزادە. (١٣٨١)، کورتە مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.    فارسی - آبراهامیان، یرواند. (1383). ایران بین دو انقلاب. ترجمەی احمد گل محمدی و محمد ابراهیم فتاحی. چاپ دهم. تهران: نشر نی. - احمدی، قاسم. (1387) جامعه شناسی تاریخی حزب دموکرات کردستان ایران. تهران: فصلنامەی ڕوژڤف شمارە 8و9و10. - انتصار، نادر. (1390). سیاست کردها در خاورمیانه. ترجمە عرفان قانعی فرد. تهران: نشر علم. -ایگلتون، ویلیام. (1361). جمهوری 1946 کردستان. ترجمەی محمد صمدی. مهاباد: انتشارات سیدیان. - ایوبی، حجت الله. (1387). شکاف های قومی و خشونت در پیکارهای سیاسی. تهران: فصلنامەی مطالعات ڕاهبردی. دورە اول، شمارە 23 -رضایی، یونس. (1385). زبان عرصەی هویت زایی و هویت زدایی. مریوان: فصلنامەی زریبار. سال دهم، شمارە 60. - رومانو، دیوید.(1388). چالش های هویت جویی کردی و حکومت‌های ایران (از قاجاریه تا خاتمی)، ترجمەی منصور ساعی. تهران: فصلنامە ڕوژڤ، شمارە 11 و 12و 13. - کوچرا، کریس، (1373). جنبش ملی کرد. ترجمەی ابراهیم یونسی. تهران: انتشارات نگاه. - فوران، جان. مقاومت شکننده. (1385). ترجمه احمد تدین. تهران: مؤسسەی خدمات فرهنگی ڕسا. - فرقانی، محمد مهدی. (1381) تحول گفتمان توسعە سیاسی در ایران از مشروطه تا خاتمی. تهران: فصلنامەی علوم اجتماعی، شمارە 17. - مک داول، دیوید. (1380). تاریخ معاصر کرد، ترجمەی ابراهیم یونسی. تهران: انتشارات پانیذ. - نادری، محمود.(1394). حزب دموکرات کردستان ایران. تهران: مؤسسەی مطالعات و پژوهشهای سیاسی   ئینگلیزی   -Lipset, S. M., & Stien, R. (1967). Party Systems and Voter Allignment. New York, US: Free Press.