کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مافی مرۆڤ وەک کارتێکی سیاسی لە هاوکێشەکانی کۆمەڵگەی جیهانی لەگەڵ ئێران‌دا

15:24 - 16 خەزەڵوەر 2721

لە دوای شەڕی جیهانیی یەکەم ڕێکخراوێک بە ناوی کۆمەڵەی نەتەوەکان پێک هات، بەڵام بە هۆی کەم‌ئەزموونیی وڵاتان لە هاوکاریی نێونەتەوەیی بە شێوەیەکی گشتگیر و لاوازیی یاسا و حقووقیی داڕێژراوی ئەو ڕێکخراوەیە بە نیسبەت کۆمەڵگەی جیهانیی ئەوکات و هەروەها نەبوونی بەشداریی تەواو یان زۆربەی وڵاتان لەو ڕێکخراوەیەدا، جیهان دوبارە تووشی شەڕێکی جیهانیی دیکە هات. لەدوای کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانیدا ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چێ کرا و چوارچێوە و یاساکانی جۆرێک داڕێژرا کە بە هەموو کەم‌وکوڕییەکانیەوە زۆربەی وڵاتانی جیهان خۆیان تێدا دیتەوە و ئێستا ئەندامی ئەو ڕێکخراوەیەن؛ ئەوەش بۆتە هۆی ئەوە کە بڕیارەکانی لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە بە هێند وەبگیرێ. لە ئێستادا پڕەنسیپ، یاسا و بنەما حقووقییەکانی ئەو ڕێکخراوەیە و پەسندکراو و کۆنڤانسیۆنەکانی ئیلهامدەری داڕشتن یان چاکسازیی وڵاتانن.  بە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی یاساکانی ئەو ڕێکخراوەیە بەتایبەت بەشی مافی مرۆڤ بەئاشکرا دەبینین کە هیچ نەتەوە و وڵات و کۆمەڵگەیەک نییە خۆی تێدا نەبینێتەوە و بەهۆی گشتگیر بوونی، نێوەرۆکێکی تەواو نێونەتەوەیی بەخۆی گرتووە. لە ڕاستیدا هەر یاسا و ڕێسایەک کە لەلایەن زۆربەی وڵاتانەوە بە فەرمی بناسرێ و دانی پێ دابنرێ و لە فۆڕمی پەیماننامە یان کۆنڤانسیۆندا گەڵاڵە بکرێ، دەبێتە بەشێک لە یاسای نێونەتەوەیی کە وڵاتان دەبێ ڕەچاوی بکەن و لە هەڵسووکەوتی نێوخۆیی وڵات و لە ڕەوتی جیهانیدا ڕێزی لێ بگرن. بەشی گرینگی مەسەلەکە ئەوەیە کە قبووڵ‌کردنی ئەو پەیماننامانە زەمانەتی ئیجرایی دەهێنێتە گۆڕ بۆ وڵاتان و جێبەجێ‌نەکردنیان دەبێتە هۆی سەرکۆنە و تەنانەت سەپاندنی سزای قورستر لەدژی ئەو لایەنە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە کاتێک ڕەوتێکی حقووقی لەلایەن پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ڕەوتی نێونەتەوەیی قبووڵ دەکرێ؛ حاڵەتی یاسا و ئیجبار و پڕەنسیپ بەخۆیەوە دەگرێ و وەک دەڵێن "لازم الاجرا" دەبێ. کەوایە جگە لە بەشی سیاسی و ڕەوتی کایەی وڵاتان لە هەڵسوکەوت لەگەڵ یەکتر، ئەوەی گرینگە بەشی داد و یاسایی ئەو ڕێکخراوەیە. هەرچەند کە حقووق و سیاسەت لە بەرامبەر یەکتردا جێ دەگرن و تەواوکەری یەکترین؛ بەو مانایە کە حقووق پانتایی بێ‌سنووری دونیای سیاسەت دیاری دەکا و سیاسەتیش بەپێی پێویست حقووقەکان پێناسە دەکا و بەفەرمییان دەناسێ. بەڵام لە هەمان کاتدا لە پرۆسەی داد یان قەزاییدا ئەو دوو بەشە جیا دەبنەوە و ڕادەی جیایی و سەربەخۆیی ئەو بەشانە نیشاندەری دروستی و خاوێنی ئەو پرۆسەیەیە. ئەو بابەتە بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەجێی خۆی‌دایە. یانی ئەوەی کە ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە جیهانییە یان باشتر بڵێین نەتەوەکان یان کۆمەڵگەکانی ژێرباڵی ئەو هەیکەلە (ئەگەر ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک دەسەڵاتێکی جیهانی ببینین، تەواوی وڵاتەکان وەک یەک وڵاتن لە پانتایی نیزامی سیاسی ئەو ڕێکخراوەیەدا ) لە هەمبەر بەشی داددا بەرامبەرن و تاوان‌کردن وەک خۆی بەو جۆرەی کە لە یاسادا دیاری کراوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێ، ئەودەم دەتوانرێ ڕادەی سڵامەتی و عادڵانەی بەشی دادپەروەرییەکەیمان بۆ دەرکەوێ. بەڵام پێچەوانەی ئەو حاڵەتەش دەبێتە هۆی تێکەڵاوی و گرێدراویی ئەو بەشە لەگەڵ بەشی هەڵسوکەوت و بەرژەوەندیی سیاسی وڵاتەکانی دیکە. هەرچەندی ڕێز لە جاڕنامەکانی ئەو ڕێکخراوەیە بگیردرێ، جا چ بە ڕەچاوکرانی لەلایەن وڵاتان، چ بە سزادان و بەدواداچوونی لە بەرامبەر وڵاتانی پێشێلکەر، نەزمی جیهانی، ناوچەیی و تەنانەت نێوخۆیی وڵاتانیش سەقامگیریی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێ؛ لە لایەکی تریش دەبێتە هۆی پتەوی و پەلگرتنی زیاتری ئەو مافانە و زەمانەتە ئیجراییە دیاری‌کراوەکانی. بەڵام بەو ڕادەیەش کە ئەو بەشە بێتە بەشێک لە دانوستانە سیاسییەکان و بەکارهێنانی وەک کارت لە کایە و ڕۆڵی نێونەتەوەییدا، بەو ڕادەیە دەبێتە هۆی لاوازی و گوێنەدان و کاڵ وونەوەی ڕۆڵ و ئەرکی سەرەکییەکەی ئەو یاسا و قانوونانە و ئەو بەشەی ڕێکخراوەکە. ئێستا بە وردبوونەوە لە رەفتاری سیاسیی وڵاتێکی وەک ئێران دەبینین کە مافی مرۆڤ و ناوەندە سەرەکییەکانی ئەو بەشە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا تا چ ڕادەیەک بەپێی ئوسوول و عورفەکەی وەڵامی کردەوەکانی ئێرانیان داوەتەوە و تا چ ڕادەیەکیش ئەو کردەوانەی بۆتە بیانوو و کارتی فشار لە کات و ساتی پێویست بۆ وڵاتە زلهێزەکان، نەک ئەو ڕێکخراوەیە. چونکی ڕەفتاری سیاسی و حقووقی و پێملیی ئێران بە پەیماننامە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ لە چوار دەیەی ڕابردووی ئەم ڕێژیمەدا هەموو کاتێک لەگەڵ ڕەخنەی کۆمەڵگەی جیهانی بەرەوڕوو بۆتەوە. تازەترین ڕاپۆرتی ساڵانەی جاوید ڕەحمان، ڕێپۆرتەری تایبەتیی شوڕای مافی مرۆڤ بۆ ئێران باس لە بەردەوامیی و زۆریی ئێعدامەکان، ئێعدامی منداڵان و ئێعدامە نهێنییەکان، سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندان و جووڵانەوە ناڕەزایەتییەکان، ڕەچاو نەکردنی سەرەتاییترین بنەماکانی ماف و دادپەروەری لە نیزامی دادئەستێنی، بەردەوامیی گرتن و ئەشکەنجە و ئازاردانی چالاکانی سیاسی و مەدەنی لە بەندیخانە کاتییەکان و هەروەها گرتووخانەکانی سەرانسەری وڵاتدا دەکا. ڕەخنەیەکی دیکەی کۆمەڵگەی جیهانی ئەوەیە کە ئێران ڕێگە نادا ڕێپۆرتێر و پشکنێرەکانی شوڕای مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی دیکە سەردانی ئێران بکەن لە نیزیکەوە تاوتوێی ڕەوشی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە بکەن و ناچارن تەنیا پشت بەو بەڵگە و ڕاپۆرتانە ببەستن کە لەلایەن ڕێکخراوە مەدەنییەکان و کەسانی سیاسی و بەپەرۆشی دۆخی مافی مرۆڤەوە دەگاتە دەستیان. ڕەخنەش لە کۆمەڵگەی جیهانی ئەوەیە کە ڕاپۆرتەکانی جاوید ڕەحمان و ناوەندەکانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرژەوەندیی نێوان وڵاتاندا ون دەبێ. ڕاستە ئێران بەردەوام و هەموو ساڵێک مەحکووم دەکرێ، بەڵام ئەو مەحکووم‌کردنانە ئێرانی نەوەستاندووە و ڕەفتاری سیاسیی ئەو ڕێژیمەی نەگۆڕیوە. ئەو سزاگەلەش کە لەلایەن کۆمەڵگەی جیهانی (یەکیەتیی ئورووپا و ئەمریکا)وە لە پێوەندی لەگەڵ مافی مرۆڤدا خراوەتە سەر کۆماری ئیسلامی ئەوەندە گوشارەی دروست نەکردووە کە ڕێژیم ناچار بە گۆڕینی سیاسەت و ڕەفتارەکانی بکا؛ بەڵکوو بە پێچەوانە ڕێژیمی دڕەندەتر کردووە. ڕەخنەیەکی دیکەش ئەوەیە کە وڵاتانی ڕۆژئاوایی ڕوانگەی ئامرازییان بۆ مافی مرۆڤ هەیە و لە کۆمەڵە بەستێنێکی تایبەتدا بۆ گوشاری سیاسی لەسەر ئێران بە مەبەستی پێملکردنی لە پرسێکی غەیری مافی مرۆڤدا، پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی وەک کارتێک لە دژی ڕێژیم بەکار دێنن. ئەوە لە حاڵێک‌دایە کە مەنشووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مافی مرۆڤی پێ گرینگترین یان یەکێک لە گرینگترین کۆڵەکەکانە بۆ سەقامگیری هێمنی و ئەمنییەتی جیهانی و نێونەتەوەیی. بۆیە پرسی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران دەتوانێ یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی دانوستانی کۆمەڵگەی جیهانی لەگەڵ ئێران و لە ئێستاشدا بەشێک لە وتووێژەکانی بەرجامێش بێ. لێرەدایە کە ئەو پرسیارە دروست دەبێ کە ئەگەر بەڕاستی مافی مرۆڤ ببێتە قوربانی دەستی بەرژەوەندییە سیاسییەکان و تا ڕادەیەکی ئاوا بەرچاو پەراوێز بخرێ، ئاخۆ ئەوە نابێتە هۆی لاوازی و بێ‌متمانەیی بەو پرسە سەرەکی و سەرەتاییەی کۆمەڵگەکان و ئەو بەشەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان یان ئادرەسێک بۆ وڵاتانی تۆتالیتێر و دیکتاتۆری دیکە؟ یان مافی مرۆڤ لە ئاوێنەی مانا و چەمکی خۆیدا وردە وردە نابێتە هۆی سازبوونی نەریتێکی ناوچەیی و بوون بە قوماری دەستی وڵاتانی دیکەی لە جۆری کۆماری ئیسلامی؛ بە تایبەت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستدا؟ ئەوەش کە کۆماری ئیسلامی بە ئارخەیانی و بی‌ترس دەست بۆ هەموو جینایەتێک لەدژی خەڵک و پێخوست‌کردنی مافەکانیان درێژ دەکا، بە مانای ئەوە نییە کە زلهێزەکان یان هێندێک لە وان بوونەتە بەشێکی یارمەتیدەر بەو پرۆسەیە لە دانوستان و باج وەرگرتنەکانیان لەو دەسەڵاتە؟ بێدەنگی لە هەمبەر ئەو هەڵسوکەوتانە و کاریگەریی لەسەر وڵاتانی دۆستی کە لە چەشنی خۆین، زەنگی هۆشدارێک نییە بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و چوارچێوەی ئوسووڵ و عورفی نێونەتەوەیی؟ تا ئەو جێیەی کە جاوید ڕەحمان لە تازەترین ڕاپۆرتی خۆیدا بڵێ کە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران تا بڵێی ناڕوون و تاریکە؟ ڕوون و ئاشکرایە ئەو سڕی و بێدەنگییەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و میکانیزمەکانی بەردەستی بە نیسبەت ڕەوشی مافی مرۆڤ لە ئێران تاکوو ئێستا و، وەڵامنەدانەوەیەکی جیدی و ئەوتۆ بەو پێشێلکارییانە، تەنیا خەڵکی ئێران دەخاتە دۆخێکی خراپتر لە زۆربەی بوارەکانی دیکەشەوە. بۆ نموونە کۆماری ئیسلامی جگە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، جینایەتە ئاشکرایەکانیشی بە نیسبەت کۆمەڵانی خەڵک بەتایبەت ئەو کەسانەی کە لە هەمبەر ئەو پێشێلکارییانە و دەست‌درێژکردنانە بۆ سەر مافەکانیان ڕادەوەستن، زیاتر کردووە. یەکێک لەو شتانەی کە بوو بە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی جیهانیی دووهەم لاوازی و لە پاشان هەڵوەشانەوەی ڕێکخراوی کۆمەڵەی نەتەوەکان بوو؛ بەڕاستی لە پێشێلکارییەکانی لە ڕادەبەدەری ئێران و بێدەنگیی وڵاتان، بەتایبەت ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە نیسبەت مافی مرۆڤ، جگە لە نەتەوەکانی ئێران و عورفی نێودەوڵەتی کە جێ کەوتووە، کێی دیکە زەرەری لێ دەبینێ؟