کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندان‌بەزێنەکانی ئێمە (چەنگیز قەدەم‌خێر)

22:44 - 15 خاکەلێوه 2722

چەنگیز قەدەم‌خێر زیندانیی سیاسیی پێشووی کورد لەدایکبووی ١٣٦٧ی هەتاوی لە گوندی "هنیمن" سەر بە شاری کامیارانە. ئەو کە ئەندامی حیزبێکی سیاسیی دژبەری کۆماری ئیسلامی بوو، ساڵی ١٣٩٠ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە دەستبەسەر کرا. چەنگیز دوای زیاتر لە ساڵێک مانەوە لە گرتنگەکانی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم و بەرگەگرتن لە هەمبەر ئازار و ئەشکەنجەدانی زۆر بۆ وەرگرتنی داننانی زۆرەملێ، سەرەنجام لە خەرمانانی ساڵی ١٣٩١ لە لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سنە بە سەرۆکایەتی قازی "حوسێن بابایی" دادگایی کرا. ئەو بێ ئەوەی دەرفەتی بەرگری‌گردن لە خۆی بدریتێ یان ئیزنی گرتنی پارێزەری هەبێ، بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئەمنییەتی وڵات لە ڕێگەی ئەندامەتی لە "کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان"دا سزای ٤٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ شاری "مەسجێد سولێمان" لە پارێزگای خوزستانی بەسەردا سەپا. چەنگیز تانەی لە بڕیارەکەی دادگا دا، بەڵام سەرەڕای ناڕەزایەتیی ناوبراو و داوای پێداچوونەوە بە حوکمەکەی، هیچ وەڵامێک بەو داوایە نەدرایەوە و پەروەندەکەی بەڕێ دادگای سەرووتر نەکرا و دواجار لە خاکەلێوەی ساڵی ١٣٩٢دا ڕەوانەی زیندانی مەسجێد سولیمان کرا. ئەو کە لە کاتی دەستبەسەرکرانیدا درابووە بەر دەستڕێژی هێزە چەکدارای ڕێژیم و بە برینداری کەوتبووە بەر دەستی هێزەکانی سپای پاسداران، بەهۆی برینداری و پێڕانەگەیشتنی پزیشکی لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپادا یەکێک لە گورچیلەکانی کە فیشەکی بەر کەوتبوو لەدەست دا و گورچیلەکەی دیکەشی لەو ماوەیەدا کە لە زینداندا بوو، بەردەوام تووشی چڵک و خوێنڕێژی بوو. بەڵام بەرپرسانی زیندان لە ماوەی ئەو دە ساڵەدا هیچ هەوڵێکیان بۆ باشتربوونی دۆخی ئەو نەدا. چەنگیز لە ماوەی ١٠ ساڵ بەندکرانیدا لە هەموو مافێکی زیندانییەکی سیاسی بێبەش بوو. ئەو ساڵی ١٣٩٤ بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان بە ماوەی چەند ڕۆژ ئەویش بە دانانی بارمتەی زۆر قورس نێردرابووە مەرەخسی، بەڵام دواتر بەهۆی دژایەتیی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیاران چیدی ئەو مافەی پێ نەدرایەوە. هەربۆیە چەنگیز لە ڕێکەوتی ٢٠ ی سەرەماوەزی ساڵی ١٣٩٨ هەتاوی بەمەبەستی ناڕەزایەتیی دەربڕین لەمەڕ پێڕانەگەیشتنی پزیشکی مانی لە خواردن گرت و پاش ١٣ ڕۆژ بەهۆی خوێنرێژیی بەردەوامی گورچیلەکانی و بە دانی وادە و بەڵێنی بەدرۆی بەرپرسانی زیندان و لەسەر داوا و پێداگریی بنەماڵەکەی و چالاکانی مافی مرۆڤی کورد مانگرتنەکەی شکاند. ئەو دواتر و بۆ جاری دوویەم لە ڕێکەوتی ١٤ ڕەشەممەی ساڵی ١٣٩٨ هەتاوی هەم بەهۆی پشتگوێ‌خرانی و نەناردنی بۆ نەخۆشخانە و هەم ناڕەزایەتی دەربڕین بە دژایەتیی ئیدارەی ئیتلاعات لەمەڕ نەدانی مەرەخسی پێی، مانی لە خواردن گرتەوە. چەنگیز لە ڕێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٩ بەهۆی ناجێگیربوونی باری تەندروستی و لەشساغییەکەی لە زیندانی مەسجێد سولێمانەوە بۆ شوێنێکی نادیار گوازرایەوە. یەکێک لە هاوژوورییەکانی چەنگیز لە پێوەندییەکی تەلەفوونی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ڕایگەیاندبوو کە بەرپرسانی زیندان بە بیانووی نەخۆشی و باری ناجێگیری سڵامەتیی چەنگیز ناوبراویان لە زیندان ڕاگواستوە. کەمتەرخەمی و ئاوڕنەدانەوە لە دۆخی تەندروستیی چەنگیز لەلایەن بەرپرسانی نەخۆشخانە لە حاڵێکدا بووە کە بنەماڵەی ناوبراو لە ماوەی ئەو ١٠ ساڵەدا بەردەوام داوایان لە کاربەدەستانی ناوەندە ئەمنیەتییەکان و هەروەها زیندان کردبوو کە لەسەر ئەرک و خەرجیی بنەماڵە هەنگاو بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانی چەنگیز هەڵگرن و دەست لەسەر دەست دانەنێن؛ بەڵام بە بەردەوامی دژایەتیی ئەو داوایەی بنەماڵەی ناوبراو کراوە و پێیان گوتراوە لە کاتی پێویستدا بۆ خۆیان بەدواداچوون بۆ ڕەوشی تەندروستیی چەنگیز دەکەن. گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٩ی هەتاوی لە ئاکامی پەرەسەندنی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی چەنگیز، ئەو زیندانییە بەمەبەستی چارەسەکردنی پزیشکی نێردرا بۆ زیندانی ئەهواز و لەو ماوەیەدا کە لە زیندانی ئەهواز بەند دەکرێ، پزیشکەکانی دادوەری بە بەرپرسانی زیندان دەڵێن کە چەنگیز پێویستی بە نەشتەرگەریی خێرا هەیە. کەچی سەرباری ئەوەش بەرپرسانی زیندان بە دەم داوای پزیشکانی دادوەری ناچن و، سەرەنجام پاش دەستێوەردانی وەزارەتی ئیتلاعات لە ڕەزبەری ساڵی ١٤٠٠ بەڕێی زیندانی مەسجێد سولێمان دەکرێتەوە. چەنگیز قەدەم‌خێر پاش کێشانی ١٠ ساڵ زیندان بە نەخۆشی و لە دۆخێکی نالەباری سڵامەتیدا، لە ڕەشەممەی ١٤٠٠ کە بە دانانی بارمتەی ١ میلیارد تمەنی نێردرایە مەرەخسی، بەڵام ئەو لەو دەرفەتە کەلکی وەرگرت و وڵاتی بەجێ هێشت و خۆی گەیاندەوە ڕێزەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان. ئەو ئێستا کە جارێکی دیکەش بەرگی پێشمەرگانەی لەبەر کردۆتەوە، زۆر چیرۆک و بەسەرهاتی زیندانیانی سیاسیی کوردی لەلایە کە بۆمانی دەگێڕێتەوە. دوای ئەوەی چەنگیز قەدەم خەیر پاش ١١ سال بەندکران لە چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕزگاری بوو، رۆژی ٢٤ی ڕەشەممەی ١٤٠٠ هەیئەتێک لە ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی بەخێرهێنانەوەی سەردانی ناوبراویان کرد. لەو سەردانەدا، بۆ ڕێزگرتن لە خەبات، خۆڕاگری و تێکۆشانی ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە ڕێزنامەی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پێ درا و هاوکات کتێبی دیرۆکی خۆڕاگری کە ژیان و بەسەرهاتی دەیان بەندکراوی سیاسیی تێدا نووسراوەتەوە پێشکەش کرا.