کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سووکە ڕێگەی دابین‌کردنی کەرەستەی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی

22:45 - 31 خاکەلێوه 2722

لەم ئێرانەی خۆمان یانی ئەو ئێرانەی فڕی بەسەر ئێمەوە نییە و لەو کاتەوە ناوی ئێرانیان بۆ هەڵبەستوە، بۆ تاقانە جارێکیش دەستەڵاتدارانی تەنانەت هەرزنیشیان بە کڵاوی ئێمە نەپێواوە، بەڵام ئێمە هەر دەڵێین ئێرانی خۆمان؛ دەسەڵاتدارانی تازەپێگەیشتووی ئێران لە دوای ڕووخانی حکوومەتی پاشایەتی، لە جیات سەوهانی قوم و گەزی ئیسفەهان و حەلوای ورمێ و فەرشی کاشان و پێڵاوی تەورێز و چەقۆی زەنجان و نان‌برنجیی کرماشان و شەرابی شیراز و زرشک و زەعفەرانی مەشهەد و پستەی ڕفسەنجان و تۆی حسێن‌تەڵایی سەقز، تەنیا بیریان لە هەناردەکردنی شۆڕش کردەوە. ئەلحەق و ئینساف دوای ئەوەی شۆڕشەکە هەنارده‌ی سووریە و لوبنان و بەتایبەت یەمەن کرا، خەڵکی ئەم وڵاتانە بە تێروتەسەلی لە داهاتی ئەم شۆڕشەیان خوارد، بۆیە بەردەوام بەدەم لستنەوەی پەنجە و دەم‌ولەوسیانەوە قرپی وایان دێتێ، دەڵێی شەمەندەفەری هەڵگری "ڕەزمەندە""گان" بە تەپ و تۆز و دوکەڵەوە لە قووڵایی گەدەیانەوە بە سورێنچکیاندا بە تەق‌وهۆڕەوە بەرەو قوڕگیان هەڵدەكشێ. دەسەڵاتی ئێران بۆ زیاتر هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی پێویستی بە خەڵکی مێشک‌بەتاڵە و ئێستایشی لەگەڵدا بێ، ئەوانی میشکیان بەتاڵ نەبێ نەک هەر دەسەڵات لایان لێ ناکاتەوە، بەڵکوو تووشی زیندان و ئەشکەنجە و لێدان دەبن و کوشتوبڕیشیان تێ‌دەکەوێ. ئەو بەمێشکانەی دەکەونە بەر غەزەبی دەسەڵاتەوە، زۆری وایان تێدایە ئەوەندە پڕن لێیان دەڕژێ. زۆر جار ئەمانە بێ سێ‌ و دوولێکردن ڕوو دەکەنە هەندەران و لەوێ دەبن بە مامۆستای زانکۆ و مانکۆ و یان دەبن به فەرمانبەری وڵاتان و هەندێکیشان دەبن بە دکتۆر و ئەندازیار و جاروبارە وەزیر و گزیر و نوێنەری پەرلەمانیش. بەرپرسانی هەناردەکاری شۆرشی ئیسلامی دوای هەناردەکردنی شۆڕش بۆ وڵاتانی دەرودراوسێ و ڕاکردنی زانا و پسپۆر و شارەزا بۆ هەندارانی دوور و وەستانی کارگە و کارخانە و شتی وا هەستیان بە بێ‌پارەیی کرد و ئابووریزانانی شڕ و شەپڕێویان وەخۆ کەوتن. ئەم ئابووریزانە شەق و شڕانە بیریان کردەوە لە بەرانبەر وەرگرتنی پارەیەکی باشدا مافی نێشتەجێ‌بوون بدەن بە خەڵکی وڵاتانی ئورووپا و ئەمریکا و بە مەرجی دانانی ٢٥٠ هەزار دۆلار، بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە ئێران ئیزنی مانەوەیان پێ بدەن. دوای ماوەیەک چاوەڕوانی کەس ملی نەدا لە ئورووپا و ئەمریکای بەهەشت‌ئاساوە بچێتە دۆزەخی کۆماری ئیسلامی. بۆیە ٢٥٠ هەزار دۆلاری گۆرین بۆ ٩٠ هەزار یۆرۆ کەم کرایەوە و دیسانیش کەس نەهات. دوای ئەوەی ئەم پیلانە سەری نەگرت، چازانان و لێزانانی شەق و شڕ دەستەوەستان دانەنیشتن و ڕێگەیەکی دیکەیان گرتەبەر، ئەویش ئەمە بوو لەسەر یەکێک لەو فێڵانەی ساڵانی بەرێ بەردەوام بن. ئەم فێڵەش زۆر پێچەڵپووچ نییە و تەنیا کەمێک سەبر و چاوەڕوانیی دەوێ. هیچ پێویست ناکات ئەوەند چاوەڕوانی بێگانان بی و بۆ  پینج ساڵان مانەوە ٩٠ هزار یۆرۆ بدەن. ئەوەی لە کۆتاییدا بیری لێ کراوەتەوە زۆر ئاسانترە و پلانەکە بەم جۆریە ئەوانەی چەند ساڵ لەمەوبەر بە خواستی خۆیان چوونەتە دەرەوە و بوونەتە هاووڵاتیی وڵاتانی دیکە، ئێستا هەوای کەونەلان لەسەریان دەدا و بەرەبەرە بە مەبەستی سەردانی کەسوکاریان دەگەڕێنەوە. هەر چوارپینج کەس لەمانە بکرێنە نێچیر و بخرێنە زیندانه‌وە کار تەواوە. دوای ئەوەی ئەو دۆلارانەی لەگەڵ خۆیان هێناویانە ئێران هەموویان خەرج کرد و خەریک‌ بوون بگەڕێنەوە، دەکرێ لە فرۆکەخانە بەربینگیان پێ ‌بگری و بە تۆمەتی سیخۆڕی و دژایەتی‌کردنی وڵات بەرەو زیندان گلیان بدەیەوە و چاوەڕوان بی هەواڵی گیرانیان بە جیهاندا بڵاو بێتەوە. بە دوای ئەمەدا دژبەرانی هاووڵاتی لە نێوخۆ و دەرەوە سەریان قاڵ دەبێ و خێرا خێرا هەواڵی گیرانیان بڵاو دەکەنەوە. ئەو وڵاتانەی لێیانەوە هاتوون، داوای ئازادکردنیان دەکەن و دەکرێ لەبەرانبەردا داوا لەم وڵاتانە بکەی لە ئاست هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی نەرمتر بن و نێونێوە تۆمەتی ئەم گیراوانەش قورستر بکەی و جاروبار دەرفەتیان پێ بدەی هەواڵی گیران و ژیانی نێو زیندانیان دزە بکاتە دەرەوە و میدیاکان بە خۆیەوە سەرقاڵ بکا و ئاگایان لە زۆر شتی دیکە نەمێنێ. دوای یەک دووساڵ دانووستان و گفتوگۆ لە گەڵ ئەو وڵاتانەی لێیەوە هاتوون، ساتوسەودایەک دەکرێ و ئەوان ڕازی دەبەن بۆ ئازادکردنی ئەم هاووڵاتیانەیان پارەیەکی باش بدەن. ئەو پارەی ئەوان دەیدەن هیچ نەبێت چەندین هیندەی ئەو پارەیەیە دەکرا لەوانە دەست بکەوێ کە دەبوایە بە ٩٠ هەزار دۆلار بۆ مانەوەی پێنج ساڵە بێنە ئێران. ئەم شێوازە سوودی بێ‌ئەژماری هەیە و بەشێک لەم سوودانەش بریتین لە : ١- ئەوانەی دەگیرێن‌ هاووڵاتیی ئێران و وڵاتانی دیکە بە هاووڵاتیی خۆیانیان دەزانن. ٢- وڵاتانی جیهان ئەوەندە پێیەوە سەرقاڵ دەبن، لەنێوخۆ کەڵ و وشتران بخنکێنە و لە هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامییش بەردەوام بە، چاوی لێ‌ دەنووقێنن ٣- هەرکەس لەنێوخۆ دژایەتیی دەسەڵاتی کرد، بیگرە و بیخنکێنە، هەواڵی ئەوان لە پەنا هەواڵی جەماعەتی "دوو تابعییەتی"‌دا شرت و گوم دەبێ. ٤- ئەو پارەیەی له فرۆشتنەوەیان بە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەست د‌ه‌کەوێ زۆر لە دەستمایەی دابین‌کردنی کەلوپەلی هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی بۆ وڵاتانی دراوسێش زیاد دەبێ.