کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سمیناری "نەتەوەسازی" و "ڕۆژنامەنووسیی نهێنی"

04:27 - 4 بانەمەڕ 2722

بە بەشداریی شاندێکی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە سمینارێکدا کە "ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی کۆیە" و "سەنتەری مێترۆ" بە هاوبەشی و بەبۆنەی یادی ١٢٤ ساڵەی دەرچوونی "کوردستان"، ڕۆژی ڕۆژنامەنووسیی کوردی لە شاری کۆیە ڕێکیان خستبوو، لە دوو پانێلدا پرسی "نەتەوەسازی" لە ڕەوتی ڕۆژنامەنووسیی کوردیدا و هەروەها ڕەوتی "ڕۆژنامەنووسیی نهێنی" خرانە بەرباس. لەو سمینارەدا کە ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٣ی بانەمەڕ لە شوێنی کۆبوونەوەکانی ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی کۆیە بەڕێوەچوو، سەرەتا د. حەیدەر لەشکەری باسێکی لەسەر کاریگەریی ڕەوتی ڕۆژنامەنووسیی کورد لە دروست‌کردنی ناسنامە و نەتەوەسازیی سەربەخۆ بۆ کورد لە بەرانبەر هێزەکانی نەیار و ئەویتردا پێشکێش کرد. لە پانێلی دووهەمیشدا ڕەوتی ڕۆژنامەنووسیی شاخ، یان ڕۆژنامەنووسیی نهێنیی کورد لەلایەن د. نەوزاد عەلی‌یەوە تیشکی خرایە سەر. لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو سمینارەدا ١٠ ڕۆژنامەنووسی بەڕابردوو کە بەشێک لەوان سەروو ٢٠ هەتا ٣٠ ساڵ ئەزموونی کار لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جۆراوجۆریان هەبوو، لەلایەن ڕێکخراوی ڕۆشنبیریی کۆیەوە ڕێزیان لێ گیرا، کە هاوڕێ عەلی بداغی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان و سەرنووسەری ڕۆژنامەی "کوردستان"، زمانحاڵی حیزبی دێموکرات یەک لەوان بوو.