کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیندان‌بەزێنەکانی ئێمە (محێدین مەلائیبڕاهیمی و هووشەنگ ڕەزایی )

01:03 - 16 بانەمەڕ 2722

محێدین مەلائیبڕاهیمی[/caption] "محێدین مەلائیبڕاهیمی" تەمەن ٤٤ ساڵ، خێزاندار و خەڵکی گوندی ئاڵکاوێی سەر بە شاری شنۆ یەک لە زیندانییانی سیاسیی کوردە کە لەئێستادا لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ بەند کراوە. محێدین ڕۆژی ١٣ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٩٦ی هەتاوی لەگەڵ پۆلێک لە کۆڵبەرانی دیکەی هاوڕێی لە ناوچە سنوورییەکانی شاری شنۆ کەوتە بەر دەستڕێژی هێزێکی سپای پاسداران و سێ فیشەک بەر لاقی کەوت. محێدین بە برینداری دەستبەسەر و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێدا ڕاگیرا و دواتر بەڕێی گرتنگەی حیفازەت ئیتلاعاتی ئەو شارە کرا و بە مەبەستی داننان بە تۆمەتی "هاوکاری‌کردنی حیزبێکی کوردی"ـی دژبەری کۆماری ئیسلامی خرایە ژێر ئەشکەنجەوە. محێدین ڕۆژی ٢٩ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی لە لقی دووی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتیی قازی شێخ‌لو بەبێ هەبوونی پارێزەر بە تۆمەتی "بەغی لە ڕێگای هاوکاری‌کردن لەگەڵ حیزبێکی کوردی" و "شێواندی تەناهیی نەتەوەیی" دادگایی کرا و سزای ئێعدامی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دواتر لە لقی ١٩ ی دیوانی بەرزی وڵاتدا وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە. ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕۆژی ١٤ ڕەزبەری ساڵی ١٣٩٩ لە بەیاننامەیەکدا داوای لە دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد کە پێداچوونەوەیەکی دادپەروەرانە بە حوکمی "محێدین مەلا ئیبڕاهیمی"دا بکا. محێدین ئیبراهیمی لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەند جار بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و هەروەها پێشێل‌کرانی مافەکانی لە زینداندا مانی لە خواردن گرتوە. شایانی باسە محێدین پێشتریش لە ساڵی ١٣٨٩ هەتاویدا دەستبەسەر و بە تۆمەتی لایەنگری "حیزبی دێموکرات" ماوەی ساڵێک و دوو مانگ زیندانیی کێشابوو. هەروەها لە ساڵی ١٣٩٦دا برایەکی محێدین بەناوی "نورەدین" کە ئەویش  هەر کۆڵبەر بوو، بەهۆی دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی کوژراوە.

***

    هووشنگ ڕەزایی[/caption] هووشنگ ڕەزایی زیندانییەکی سیاسیی دیکەی کوردە کە ساڵی ١٣٦٤ی هەتاوی لە شاری نەهاوەندی سەر بە پارێزگای هەمەدان لەدایک بووە. هووشەنگ ڕۆژی ٢٩ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی لە شاری تاران لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر و لە بەندی ٢٠٩ وەزارتی ئیتلاعاتدا بۆ ماوەی ٦ مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا زیندانی و ئەشکەنجە کرا. هووشەنگ ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی شاری تاران بە سەرۆکایەتیی قازی موقیسە بەبێ هەبوونی پارێزەری خۆی بەتۆمەتی "موحاربە"  بەهۆی "هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵە" و "بەشداری لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی ساڵی ١٣٨٨" و "هەڵگرتنی چەک و چوونەدەرێی نایاسایی لە وڵات" بە ١٠ ساڵ زیندان و ئێعدام مەحکووم کرا. ئەو ڕۆژی ١ی بانەمەڕ ساڵی ١٣٩١ بەڕێی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج و لە ڕێکەوتی ٦ی پووشپەر دیسان ڕەوانەی بەندی ٢٠٩ کرایەوە. هەروەها بۆ جاری دوویەم دیسان بۆ ماوەی ٦ مانگ لە ژووری تاکەکەسی خرایەوە ژێر ئەشکنجە و لێپرسینەوە و تۆمەتی کوشتنی "عەلی محەممەدی"، زانایەکی ئەتۆمیی درایە پاڵ کە دواتر لەو تۆمەتە بێبەری کرا. داوای پێداچوونەوەی هووشەنگ بە حوکمەکەی لە ساڵی ١٣٩٦ لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاراندا تاوتوێ کرا و دواجار ساڵی ١٣٩٨ سزای ئێعدامی لەسەر هەڵگیرا، بەڵام تۆمەتی "بەغی"، "هەڵگرتنی چەک" و هەروەها "چوونەدەرێی نایاسایی بۆ دەرەوی وڵات"ی لەسەر ساغ کرایەوە و لەو سۆنگەیەوە سەرجەم بە ٢٥ ساڵ زیندان مەحکووم کرا. هووشەنگ لە ماوەی ١٢ ساڵ بەندکرانیدا لە مافی مەرەخسی بێبەش بووە و هەروەها بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشکی نەخۆشیی قەندی گرتوە. ئەو لە ماوەی بەندکرانیدا چەند جار ناڕەزایەتیی بە دۆخی ڕاگیران و بەندکرانی دەربڕیوە و مانی لە خواردن گرتوە (دواجار ٢٢ خاکەلێوەی ئەمساڵ) و هەر ئێستا کە ئەو دێڕانەی لەسەر دەنووسرێ خراوەتە سللولی ئینفڕادییەوە.