کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

من و شاهۆ

02:41 - 16 جۆزەردان 2722

پۆلێ لە پێشمەرگەکانی دیموکرات هەڵۆئاسا لە داوێنی شاهۆ پاش چالاکییەک گورج و گۆڵ ملی توولەڕێگا پێچاوپێچەکانی شاهۆیان گرتەبەر تا بگەنە نێو قەدی چیا و خۆیانی لێ حەشار بدەن. بە تیژایی سەرکەوتن بە هەورازا و جارجار ئاوڕدانەوە لەو گورزەی لە دوژمنیان دابوو چێژێکی تایبەت و وزەیەکی بێ‌کۆتایی بە شان و باڵیان دەبەخشی. دەنگێک بێدەنگیی شکاند: هاوڕێیان خێرا دابەش بن. هەناسەی قووڵ، دەست ڕاوەشاندن و فەرمان دەرکردن لە کاتی گونجاودا چەند هێندە کۆڕی یارانی بەرەو سیمای شەڕی مان و نەمان دەبرد. هاوڕێ بە قەراخی جۆگەیەکدا لە تەنیشت پەرژینی باخێک تێپەڕی، دەنگی زرمەی پێی هاوڕێ گوڵەشیلانێکی لە خەو ڕاپەڕاند، پەلێکی گوڵەشیلان لەنێو چنگ و پەلی تەیمان و پەرژینی باخەکەدا سەرەتاتکێی دەکرد، وا پێ دەچوو زیندانییەک بێ و بیهەوێ خۆی دەرباز بکا، لە ناکاو پەلاماری قاچی هاوڕێی دا و خۆی لە پانتۆڵەکەی ئاڵاند و گوتی: منیش لەگەڵ خۆت ببە، نامهەوێ ژێر پێ کەوم کاتێ نەیاران لێرەوە تێ‌دەپەڕن، ئەها چاوم بێگەردە، من ڕاستییەکان دەبینم لە پاشەڕۆژ کە دیسان ڕیشەم داکوتا دەیانکەم بە گوڵەشیلان و بۆ نەوەی داهاتوی دەگێڕمەوە. لە چەند چرکەدا گوڵەشیلانی دابڕاو لە باخەکە کەوتە بەر پشتوێنی هاوڕێ و بزەی بە لێویدا دەهات، زیاتر شێوەی لە منداڵێک دەچوو کە باوکی لە باوەشی گرتبێت. دەنگی قەلەڕەشێکی دەم هەراژ لەم کاتە هەستیارەدا پەیدا بوو: هاوڕێ ناترسی ئەو گوڵە سیخوڕ بێ و بڕوا لەوێ لای دوژمنان جارێکی تر لەوێ بڕوێ و نهێنییەکان بۆ لای نەیاران بەرێ؟ لە پڕ پەلی دارگوێزێ چەپۆکێکی دا بە سەر قەلەڕەشدا و گوتی: ئەوە لە ئێمە ناوەشێتەوە، گوڵ ڕیشەی هەیە، ئەوە ئێوەن بێ ڕیشە و گەڕۆکن هەر ڕۆژ دەبێتەوە ماڵەو ماڵ دەکەن و قسە و باس دێنن و دەبەن. پاشان دارە گوێز خۆی کێشایەوە و قەلەڕەش فڕی. لەگەڵ خۆکێشانەوەی، دارەگوێز نێو چاوی کرایەوە و گوتی: لێـــــــرەوە توولەڕێگا سینگی ڕاخستوە. ئەویش گوتی: هاوڕێ لێـــــــــرەوە. ڕێگا و بەرد و دار و سرووشت دەستیان دابوە دەستی یەک تا بتوانن مەودای گەیشتن بە سەنگەر کورت کەنەوە. کوڕەکان گەیشتنە گابەردەکان و هەر بەو جۆرەی کە پلانیان دانابوو، هەمو لە چەند چرکەدا سەنگەریان قایم کرد. کانیاوێک قسەی دەکرد، لە بەینی دوو گاشەبەردەوە هاتە زمان: فەرموو وەرن من ئاوی بەفراوم پێیە. پێشمەرگە ماندووییان حەسایەوە، چاوەڕێ بوون دوژمن هەڵکشێ و ئەوانیش سازی مەرگیان بۆ لێ بدەن. بەڵام بێدەنگی باڵی بە سەر چیادا کێشابوو. هەر بێدەنگی، هەر بێدەنگی. هاوڕێ دووربینەکەی نایە بەر چاوی تا بتوانێ درێژەی داستانەکە ببینێ، سەیری پێدەشتی بەردەم شاهۆی کرد، لەپڕ دیمەنێکی بینی! تۆپخانە دامەزرابوو. چەند تۆپێکی قەپۆزدرێژ بە وێنەی گورگ لە سەر چنگ ڕوو لە شاهۆ دەم بە قوتەوە ئامادە بوون بلورێنن. قەلەڕەشیش لەسەر دەمی لوولەی تۆپێک بە دەندووکی جاسووسیی لەنێو قەدی شاهۆ گرتبوو. هـــــا سیخوڕ تۆیش لەوێی؟! گۆڕانێک بەسەرداهات. دارستان خۆێان کۆ کردەوە. ڕێگاکان خۆیان ون کرد، گابەردەکان خۆێان گۆڕی لە نواندنەوە بۆ سەنگەر. کانی بە پێچەوانەوە قومی لێدا، هەرچی ئاوی لە گەروودا بوو گەڕاندیەوە بۆ نێو دڵی شاهۆ. وا پێدەچو ئەوانیش خۆیان بۆ شەڕێکی دەستەویەخە ئامادە دەکەن . دەنگی تۆپخانە بێدەنگیی شکاند و لوورەی گورگ دەستی پێ کرد، کاتێ یەکەم گورگ لووراندی، قەلەڕەش بوو بە دووکەڵ و ئاسەواری نەما ، چارەنووسی خۆفرۆش لەمێژە دیاری کراوە. تۆپ لە دوای تۆپ لە سەر و چاوی شاهۆی ئەدا. گوللەتۆپ بەرەو سینگ و شان و ملی شاهۆ بە وێنەی پۆلێ چۆلەکە دەفڕین، گوایە دەیانهەوێ لەوێ هێلانە درووست بکەن، کاتێ دەگەیشتنە شاخ و داخە بەردینەکان لە فڕین دەکەوتن و بە دەنگێکی زۆر بێزارکەرەوە پرش و بڵاو دەبوونەوە، شاخە بەردەکان دەنگەکەیان لە نێوان خۆیاندا دەستاودەست پێ دەکرد تا لە کۆتایی دەیان خنکاند. خاکی‌پۆشان دەستیان بە گوێی خۆیانەوە گرتبوو، لەم گرمە گرمەدا تەنها چاوەکان قسەیان دەکرد و ڕێنماییان دەگواستەوە. هاوڕێ سەیری گوڵەشیلانی کرد: تۆ بۆچی هاتی بۆ ئێرە؟ شیلان چاوی هەڵێنا، ترس و ناز لە چاویا تێکەڵ ببوو، بەڵام بە ورەوە چاوەڕێی کۆتایی چیرۆکەکەی دەکرد. گوللەتۆپێک زۆر نزیک دای لە بەردێک. تەڵەزمێکی بەرد و پارچە ئاسنێکی تۆپ و پەلی دارە بەڕوویەک کەوتنە بەردەم هاوڕێ. دیمەنێکیان درووست کرد کە پڕ بوو لە داستان. دارە بەڕوو ڕووی کردە پارچە ئاسنەکە: مەگەر تۆ ڕۆژێک مشار نەبووی لە قەدی من لانکەت درووست دەکرد بۆ منداڵان و ئەم کوڕانەیش لێیان دەنووسی یا کوردستان یا نەمان؟ تەڵەزمی بەرد ڕووی کردە پارچە ئاسن: مەگەر تۆ نەبووی لە تاقەوسان بووی بە چەکوش و سەر و چاوی منت دادەپاچی تا داستانی ئەوینی شیرین و فەرهاد وەڕازێنی؟ ئەی بۆ ئێستا پێچەوانەی ئەرکی خۆت بەجێ دێنی؟ کزە بایەک لە لووتکەی شاهۆ بە نێو دۆڵ و شاخ و داخا خۆی لوول دا و کۆتایی بە چیرۆک و تۆپ و هەموو قسە و باسێک هێنا. چەند گوللە تۆپێک بە فیکەلێدان ڕوویان کردە کلیلە بەفرەکان، بەفریش بە پێچەوانەی بەردەکان قریشکەی تۆپیان بۆ کەس نەگێڕاوە، هەر لەوێ لای خۆیان چزەیان لێ هەڵدەستاندن و دەیان خنکاندن. تۆپەکان لە چەنەبازی کەوتن. دیسان بێدەنگی خۆی دەنواند. چەند باڵندەیەک هاتنەوە سەر پەلی دارەکان. کاتێ جریوە جریوی ئەوان دەکرایەوە بە کوردی بە یەکتریان دەگوت: تەواو بوو؟ بچینەوە هێلانەکەمان؟ لە پڕ دەنگی فەرماندە ڕێگای هەموو خەیاڵەکانی بردەوە سەر یەک سەرچاوە: دەی کوڕینە ڕۆژی خۆتانە. هاوڕێ: دەی گوڵەشیلان تۆماری بکە کاتی دروێنەیە...