کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"بەرهەڵێخ" بە شێوازی دیکە نوێ دەبێتەوە

02:50 - 16 جۆزەردان 2722

زووتر لەم سەردەمە یانی بەر لە ئێستا، لای خۆمان دیواری ماڵان زیاتر بە قوڕ یان به خشتی کاڵ هەڵدەچندران. پاشان بە کاریتە و ئاڵووداران دارەڕا دەکران، بە پووش و پەڵاش و گڵەبان دادەپۆشران و سەربان و دەرودیواریان بە قوڕ سواغ دەدا. دوای چەند ساڵان ڕەشەبا و بۆران و بەفر و کڕێوە و هەردهەژیان و ڕووداوی سروشتی ئەم دیوارانەیان دەخستە لەرزە. خاوەنانیشیان یان به هۆی نەبوونی و بێ‌دەستەڵاتی یان لەبەر تەنبەڵی و تەوەزەلی بۆیان نەدەکرا باڵەخانەیەکی نوێ دابنێن و چەند ساڵی دیکە تێیدا بژین. لە دەرەوە یان لە ژوورەوەی خانوو دیوارێکیان بە دیواری لە ڕووخان‌نزیکەوە هەڵدەچنی و بەم دیوارەی دوواییان دەگوت "بەرهەڵێخ".   ڕابردوانی نەخوێندەواری زانا "بەرهەڵێخ"یان چۆن دروست کرد؟ هەزار ڕەحمەت لە گۆڕی ئەو پیر و پێشوونیانەی لەسەر نەخوێندەواریی خۆیان و دوور لە دەنگی ڕادیۆ و ڕووخساری تەلەڤیزیۆن و چاوبڕكێی بووکەڵەی نێو تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینترنێت و کوڕیژگەی خاوەن بڕوانامەی زانکۆ و کێژۆڵەی لێو ئەستووری دەم‌چەقوولەی "بێ‌جۆ"(گوێ)، زمانی نەتەوەی خۆیان وەک بیلبیلەی چاویان دەپاراست و خزمەتیان دەکرد. ئەوان بێ‌ئەوەی تیۆریی زمان بزانن و لە زانکۆ خەریکی "داتاشینی وشە" بن، هەر خۆیان وشەی "هەڵێخ"یان لە چاوگی "هەڵخستن"وە وەرگرتوە و پێشگری "بەر" یان داوتە "بەر" و ناوی "بەرهەڵێخ"یان بۆ ئەم زێدە دیوارە داناوە و بە "بەر" دیواری سەرەکیی مەترسی‌لەسەریان هەڵخستووە. دیارە لەزمانی کوردیدا ئەم زێدە‌دیوارە ناوی بەرهەڵێخە و نەتەوەی دیکەی دەرودراوسێشمان بەرهەڵێخیان داوەتە پاڵ دیواری لەرزۆکی لە ڕووخان‌نزیکیان، بەڵام هەر ناوێکی بۆیان داناوە بە من چی و ئەوە ئەرکی ئەو کەسانەیە زمانێک بۆ زمانێکی دیکە وەردەگێڕن.   هەوڵی ڕزگارکردنی بەرهەڵێخ لە مردن بەندەی موخلیسی هەموو لایەکتان، (مەبەست لە "هەموو لایەکتان" تەنیا ئەو کەسانەیە خوێندنەوە بە کارێکی قۆڕ و کاتبەر نازانن و به‌هۆی خوێندنەوەی زۆر بەسەر ئەم چەند دێڕەش دادەکەون و دەیخوێننەوە)، خەریکم "پێ‌"م  لە بەڕەی خۆ زیاتر ڕادەکێشم و دەست بۆ بڤەیەک دەبەم کاری من نییە. کاری زمانەوانی دەکەم. یانی خەریکم وشەی "بەرهەڵێخ" لە بن دیوارەوە بۆ شوێنی دیکە دەگوازمەوە. ئێستا لە زۆر شوێنی وەک ئابادان باڵەخانەی زۆر بەرز و ڕواڵەت جوان بە سەر هەموو شتی دەورو بەریاندا دەڕووخێن و ئەگەر بەرهەڵێخیشیان لەبەر بێت وای لێ دەکەن دوای هەڵگرتنەوەی داروپەردووی باڵەخانەی ڕووخاو و گەڕان بەدوای مردووان و گیان‌بەخت‌کردووان و ناسینەوەی کەرەستەکانی دروست‌کردنی، شوێن و پێگە و جێگە و بایەخی بەرهەڵێخ بۆ کەس ساغ نابێتەوە. لە سەردەمێکدا دیواری قوڕین و خشتین نەماوە و ئاسن و شووشە و کۆنکرێت جێگەی قوڕ و "کا"ی گرتووەتەوە و فووگە و ئالوومینیۆم و پی‌ڤی‌سی و کاغەزدیواری شوێنی خۆڵەبان و سواخ‌کردنی داگیر کردوە، بە دوور نییە ئەم وشە‌ کۆنانەی وەک "بەرهەڵێخ" لەبیر بچنەوە و ڕەنجی چەندین ساڵەی باوانمان ئاوەوئاو بڕوات. پاساویشم ئەمەیە نەوەی ئێستامان مانای وشەی بەرهەڵێخ نازانن.   گەندەڵی و بەرهەڵێخ مانەی ئەم دوو وشەیە زۆر لەیەکتری دوورن. گەندەڵی بەو بەسەرچوون و نێوڕزین و فاسیدبوونانە دەگوترێ بە هۆکاری جوداوە دروست دەبن. لێرەدا مەبەست لەم قسانە خوای نەخواستە بەروڕووبوونەوەی گەندەڵی نییە. بەڵام ترسمان لەمە هه‌یە بە هۆی گەندەڵییەوە شێرازەی زۆر شت تێک‌بچێت و دوخی زۆر شت بشێوێت و زۆر شت وەک خۆیان نەمێنن و زۆر شتی پێروزییان لەدەست بدەن. لە کاتێکدا ئێمە بەهیچ کلۆجێک نامانهەوێت دۆستان و دوژمنانمان بەهۆی شوبهاندیان بە گەندەڵ یان گەندەڵکار لێمان زویر بن. بە شێوەیەکی سنووردار باسی گەندەڵی دەکەین. بۆ وینە دەڵێین گەندەڵی لە بەستێنی، سیاسی، ئابووری، کولتووری و ئەخلاقی و... دا گەشە دەکات. گەشەش نا، چوونکە گەشە بە شتی ئەرێ و باش دەگوترێت. دیارە بۆ ئەوەی دەڵی گەندڵکارانمان لێ نەڕەنجێت، دەتوانین بڵێین گەندەڵی لە بنەڕەت‌ڕا خراپ نییە، بەڵام گەشە ناکات و تەشەنە دەستێنێت. لە سەردەمێکدا پێشوونیانمان بە کوێرەوەری و ڕەنجێکی زۆر بەرهەڵێخیان دروست کردوە و بەر دیواری گەندەڵیان داوە و ئێستاش به هۆی ئاسن و ماسن و سیمان و میمان و ئالوومینیۆم و مالومیۆم و پی‌ڤی‌سی و می‌ڤی‌سی و ئەم شتانە دیواری قوڕینمان نییە لە کاتی لەرزۆک بوونیدا بەرهەڵێخی وەبەر بدەین، ئەم بەرهەڵێخە بۆ ئاقاری ئابووری و سیاسەت و کولتوور و ئەخلاق دەگوازینەوە.   دەکارکردی نوێی "بەرهەڵێخ" بۆ ئەوەی کارکردی بەرهەڵێخ لە بواری جیاجیای ئەم سەردەمەدا بزانین، تەنیا ئاماژە بە چەند نموونەی بچووک دەکەین و خوێنەر هەرچەندە ناکاراش بێت دەتوانێت چەندین نموونەی دیکەی هاوشێوەی ئەم بەکارهێنانە بە دوای یەکدا ڕیز بکات و بەمجۆرە "بەرهەڵێخ" لە مردن ڕزگار دەبێت. ١-‌ هێزی ئەمنی و سەربازی بەرهەڵێخی چارەسەرکردنی سەرهەڵدانی سەرشەقام و بەرەوڕووبوونەوەی دیاردەی کۆڵبەرییە. ٢- هاندانی بڕواداران بە سینگ‌کوتان و ڕەشپۆشی بەرهەڵێخی پتەوبوونی بیرکردنەوە و زانینە. ٣-‌ فراوان‌کردنی هیلالی شیعە بەرهەڵێخی مانەوە و بەردەوامیی کۆماری ئیسلامییە ٤- ... بەرهەڵێخ خۆی بووە بە "تەن" (مادە)، هەرگیز لەنێو ناچێت. کێشی هەیە و بەشی خۆی بۆشایی دادەگرێ، بڵام لە بیچم و شێوازێکەوە بۆ بیچم و شێوازی دیکە دەگۆڕێت.