کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پرێس کۆنفرانسی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەر پرسی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان

21:21 - 1 خەرمانان 2722

وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەسەر یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزب، پرێس کۆنفرانسێکی بۆ ڕۆژنامەنووس و میدیاکان بەڕێوە برد. ڕۆژی دووشەممە ٣١ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی، بەرێز خالید عەزیزی وتەبێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوای ڕاگەیاندنی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزبی دێموکرات، لە شاری هەولێر بۆ مێدیاکار و ڕاگەیاندنەکان، لەسەر یەکگرتنەوەی حیزب، پرێس کۆنفرانسێکی بەرێوە برد و ڕایگەیاند کە دوو لایەنی حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دوای دانوستانێکی چارەنووس‌ساز ڕۆژی ٣٠ی گەلاوێژ لە ڕاگەیاندنێکی هاوبەشدا یەکگرتنەوەیان وەکوو مزگێنییەک بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا و لە ژێر ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران درێژە بە خەبات و تێکۆشان دەدەن. بەڕێز عەزیزی لە درێژەی پرێس کۆنفرانسەکەدا، بە ئاماژە بە کەند و کۆسپەکەکانی سەر ڕێی یەکگرتنەوەی دوو لایەنی حیزبی دێموکرات، وتی: لە بەرژەوەندیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەردوو لایەنی حیزبی دێموکرات ڕێککەوتنی یەکڕیزییان واژۆ کرد و لە ژێر ناو و لۆگۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران درێژە بە خەبات و چالاکییەکانی خۆیان لە نێو خۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدەن و لە کاتێکدا ئەو ڕێککەوتنە واژۆ کراوە کە کۆماری ئیسلامی لە بازنەی سیاسیی کەلانی نێودەوڵەتی‌دا بابەتی ڕۆژە و بەردەوام دێتە بەر باس کە چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو رێژیمەدا بکرێ. هەروەها بەڕێزعەزیزی وتیشی؛ لە لایەن خەڵکی ڕۆژهەڵات و پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە پەیامی پیرۆزباییان پێگەیاندووین، بە تایبەت خەڵکی ڕۆژهەڵات بە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات زۆر دڵخۆش بوون و ئەو یەکگرتنەوەیە پەیامێکی باشی تێدایە بۆ حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە ئێرانییەکان کە بەدژی کۆمار ئیسلامیی ئێران خەبات دەکەن. لە ئێستادا کە ئاڵوگۆڕەکان لە ناوچەکەدا بە خێرایی تێدەپەڕی پێویستە هەموو لایەنەکان یەکگرتوو و هاوئاهەنگ بن بۆ دەسبەرکردنی مافەکانیان لە ئێران.