کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی: دەبێ لە ماوەی ٥٠ ڕۆژی داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری بەڕێوە بچێت

11:51 - 31 بانەمەڕ 2724

محەممەدساڵح جۆکار، سەرۆکی کۆمسیۆنی کاروباری نێوخۆی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بە ئاماژەدان بە مەرگی ئیبراهیم ڕەئیسی ڕایگەیاند، پێویستە لە ماوەی ٥٠ ڕۆژی داهاتوودا هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری بەپێی یاسای بنەرەتی ئەنجام بدرێت و پێویستە سەرۆککۆماری داهاتووی کابینەی نوێی بۆ وەرگرتنی دەنگی متمانە بە مەجلیس بناسێنرێت.

لەو پێوەندییەدا وتەبێژی شۆرای نیگابان وتوویەتی: بە نەمانی سەرۆککۆمار شۆرایەک لە سەرۆکی مەجلیس و سەرۆکی دەزگای دادوەری و بەشێک لە بەڕێوەبەران پێک دەهێنرێت و ئەم شۆرایە لە ماوەی ٥٠ ڕۆژدا ئەرکدارە کە هەلومەرجی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئامادە بکات.

هێلیکۆپتێری هەڵگری ئیبراهیم ڕەئیسی، ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی بانەمەڕ، کەوتە خوارەوە و دوای زیاتر لە ١٢ کاتژمێر، ڕاگەیەندرا کە خۆی و ٩ کەسی دیکە یەک لەوان حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهییان وەزیری دەرەوە، لەو ڕووداوەدا کوژراون.

بەپێی یاسای کۆماری ئیسلامیی ئێران، جێگری یەکەمی ناوبراو بە ڕەزامەندیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، دەسەڵات و بەرپرسیایەتیی سەرکۆکۆمار لە ئەستۆ دەگرێت.

ئیبراهیم ڕەئیسی تەمەن ٦٣ ساڵ لە ساڵی ١٤٠٠ لە شانۆیەکی بەناو هەڵبژاردن کە کەمترین ئاستی بەشداری خەڵکی تێدابوو، وەک سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران هەڵبژێردرا.

لە پێداچوونەوە بە کارنامەی ئیبراهیم ڕەئیسیدا، ئەوەی لە سەرووی هەموو شتێکەوە زیاتر دێتە بەرچاو، ڕۆڵی ناوبراو وەک یەکێک لە چوار ئەندامی ''هەیئەتی مەرگ''  لە ئێعدامەکانی ساڵی ١٣٦٧ـە.