کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکەمین دادگا بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی ڕێژیمی بەسار ئەسەد دەست پێدەکات

12:02 - 31 بانەمەڕ 2724

لە سەرانسەری ئورووپادا چەندین دۆسییە لە دژی ڕێژیمی سووریە کراونەتەوە کە بریارە ڕۆژی سێشەممە ١ی جۆزەردان لە یەکەمین دۆسییەی پێوەندیدار بە سووریە، سێ بەرپرسی باڵای ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە دادگای تایبەتی پاریس بەهۆی بەشداریکردنیان لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ و کوشتنی دوو کەسی فەرانسەوی-سوری کە لە ساڵی ٢٠١٣ دەسبەسەر کرابوون، دادگایی بکرێن.

عەلی مەملووک، بەرپرسی پێشووی ئیدارەی ئاسایشی نەتەوەیی کە باڵاترین دەزگای هەواڵگرییە لە سووریە، جەمیل حەسەن، بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی هەواڵگریی هێزی ئاسمانی و عەبد سەلام مەحموود، بەڕێوەبەری پێشووی لێکۆڵینەوەکانی ئەو ناوەندە، کە بڕیاری دەسبەسەرکردنی نێودەوڵەتییان هەیە، لەم دۆسییەیەدا دادگایی دەکرێن.

دادگاییکرانی ئەو کەسانە بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەڕێوە دەچێت. دانیشتنەکانی ئەو دادگایە بۆ ئەوەی لە ئارشیڤی مێژوویی دادپەروەریدا تۆمار بکرێن، هەڵدەگیرێتەوە.

پێشتریش دۆسییەی دژی ڕێژیمی سووریە لە وڵاتانی دیکەی ئورووپا‌ وەکوو ئاڵمان،‌ سویس، هولەند و سوید تۆمارکراون بەڵام لەو حاڵەتانەدا ئەو کەسانەی کە دادگایی دەکران، بەرپرسی پلە باڵا نەبوون و بە گشتی لە دانیشتنەکانی دادگادا ئامادە دەبوون.

ئاژانسێکی هەواڵی فەرانسە لە زاری پارێزەری کۆمەڵێک لە کەسانی سکاڵاکەرەوە، دەڵێت: بە گشتی لەبیرمان دەچێت کە تاوانەکانی ڕێژیمی سووریە هێشتا ئەنجام دەدرێن و ئەم دادگاییکردنە وەک بیرخستنەوەیەکە کە نابێت لە هیچ بارودۆخێکدا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ڕێژیمی بەشار ئەسەد ئاسایی بکەینەوە.

بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریە و ماهر ئەسەدی برای و دوو ژەنەراڵی ئەرتەشی ئەو وڵاتە لە ساڵی ٢٠٢٣وە بڕیاری دەسبەسەرکردنی نێودەوڵەتییان لەلایەن دادگای فەرانسەوە بە هۆی بەشدارییان لە تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و ئەنجامدانی هێرشی کیمیایی لە ٢٠١٣ سووریە بۆ دەرچووە.