کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئازادیی مەرجداری زیندانییەکی سیاسیی کورد لە زیندانی مەهاباد

14:22 - 23 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: لە زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد چوارەمین زیندانیی سیاسیی کورد لە کاتێکدا ٣ مانگ لە حوکمەکەی مابوو، بە شێوەیەکی مەرجدار ئازاد کرا.


بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی موکریان، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢١ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، زیندانییەکی دیکەی سیاسیی کورد بەناوی \'\'جەعفەر سەداقەت\'\' لە زیندانی ناوەندیی شاری مەهاباد ئازاد کرا.
جەعفەر سەداقەت، بەتۆمەتی \'\'کۆبوونەوە و هەوڵدان لەدژی تەنایی نەتەوەیی\'\'، ٩ مانگ سزای زیندانی تەعزیریی لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بەسەردا سەپابوو.
جەعفەر سەداقەت چوارەمین زیندانیی سیاسیی کوردە کەلە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا لە زیندان ئازاد کراوە.
پێشتریش سێ زیندانیی سیاسیی دیکەی کورد بەناوەکانی \'\'هەمزە سوبحانی، حامید زوودی و محەممەد غەریب فاتمی\'\' پێش تەواو بوونی حوکمەکەیان لە زیندان ئازاد کرابوون.
بەگوێرەی ماددەی ٣٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی، هەر کەسێک کە بۆ یەکەمین جار مەحکووم بە زیندان بێت و لە ماوەی زینداندا هیچ چەشنە سەرپێچییەکی لە چوارچێوەی ئاییننامەی ئیداریی زیندانەکاندا نەبووبێت، پش تێپەڕ بوونی نیوەی حوکمەکەی، مافی کەڵک وەرگرتن لە ئازادیی مەرجداری هەیە.
ئازادیی ئەو زیندانییە سیاسییانە لە کاتێک دایە، کە چەندین مانگ پاش تەواو بوونی نیوەی حوکمەکەیان ئازاد کراون و دەزگای قەزایی رێژیم و ئیدارەی زیندانەکان بۆ پڕوپاگەندەی خۆیان ئازادیی زیندانییان هەتا هاتنی بۆنەیەکی وەکوو جێژنی قربان وەدوا دەخەن.
لە تێکڕای ئەو زیندانییە سیاسییە کوردانەی کەلە زیندانەکانی رێژیمی ئێران دان، تەنیا لەگەڵ ئازادیی مەرجداری ئەو کەسانە رەزامەندی نیشان دەدرێ کە ٢ یان ٣ مانگ لە حوکمەکەیان ماوە.
هەنووکە ژمارەیەکی زۆر لە زیندانییانی سیاسیی کورد کە چەندین ساڵە بەردەوام لە زیندانەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران دان، لە تێکڕای مافەکانی خۆیان وەکوو مەرەخەسی و ئازادیی مەرجدار بێبەشن.