کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاسەوارە مێژوویی و فەرهەنگییەکانی شارستانی کەنگاوەر مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە

14:52 - 10 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: کەمتەرخەمیی بەرپرسانی رێژیم و نەبوونی بەڕێوەبەری و بوودجە، بووەتە هۆی ئەوەی کە ئاسەوارە مێژوویی و فەرهەنگییەکانی شارستانی کەنگاوەر، هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەر بێت.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کەمیی بوودجە و ناکارامەیی بەڕێوەبەرانی میراتی فەرهەنگی، ئاسەوارە کەونارایی و فەرهەنگییەکانی شارستانی \'\'کەنگاوەر\'\'ی تووشی زیان کردووە و مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە.
کەنگاوەر یەکێک لە کۆنترین شارستانەکانی پارێزگای کرماشانە و ئاسەواری مێژوویی و کەونارایی زۆری تێدایە، بەڵام بەهۆی ناکارامەیی و نەبوونی بەڕێوەبەریی دروست لە ئاستی پارێزگا و ئیدارەی میراتی فەرهەنگیدا، زۆربەی ئەو ئاسەوارانە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەر و لەگەڵ لەناوچوونی تەواو بەرەوڕوو بوونەتەوە.
مەعبەدی ئاناهیتا، حەمامی تەوەکول، حەمامی گەورە، حەمامی ئەسغەرخان و هەروەها ماڵی قەمەر خاتوون، بەشێک لەو ئاسەوارە کەونارایی‌یانەن کە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەر دایە.
لەم پێوەندییەدا پێشتریش بەرپرسی ئیدارەی میرات فەرهەنگیی شارستانی کەنگاوەر، وتبووی: \'\'بەهۆی کەمیی بوودجە، نۆژەنکردنەوە و پێڕاگەیشتن بەو بینا مێژوویی‌یانە وەدوا کەوتووە\'\'.
مەعبەدی ئاناهیتا دووهەمین مەعبەدی بەردی لە ئێران دایە کە پێشینەکەی بۆ سەردەمی دەسەڵاتی ئەشکانی و ساسانییەکان دەگەڕێتەوە و رووخانی ئەو مەعبەدە لە کاتێک دایە بەشێکی زۆری هەتا ئێستا بە وەشێراوی ماوەتەوە و نهێنییەکانی هێشتا ئاشکرا نەبوون.
کارناسانی ئاسەوارناسی لەو بڕوایەدان، بەرپرسانی رێژیمی ئێران هەتا ئێستا نەک هیچ هەنگاوێکیان لەمەڕ پاراستنی ئەو ئاسەوارانە لەپێش نەگرتووە بەڵکوو خۆیان بەشێک لە هۆکاری رووخان و لە ناوچوونی ئەو ئاسەوارانەن.
بەپێی هەندێ لە راپۆرتەکان، لە شاری کەنگاوەر میراتگەلێکی فەرهەنگیی زۆر وەکوو تەپەی کەونارایی گۆدین، بازارێکی مێژووی، سێ حەمامی مێژووی، مزگەوتێکی کۆن، ئیمامزادەیەک، قەناتی گازرخانی و خانوویەکی مێژووی، بە تەواوەتی مەترسیی لەناوچوونیان لەسەر.
پشکنین و گەڕانە نایاسایی‌یەکان لە تەپەی گۆدین و کەڵکاوەژووی مرۆیی لەو ئاسەوارە، بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو ئاسەوارە شتێکی ئەوتۆی لێ نەمینیت و بەتەواوەی لەناو بچێت.