کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: تاقیکردنەوەی مووشەکی ئێران جێگای نیگەرانیی وڵاتانی ناوچەکەیە

21:53 - 19 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: دووای تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە، فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند کە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دووای ڕێکەوتنی ئەتۆمی و هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکان، هەر لە سەر کار و کردەوەکانی خۆی بەردەوامە.

ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، ڵووییز ئاستین فەرماندەی هێزە دەریاییەکانی ئامریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە کۆمسیۆنی هێزە چەکدارەکانی مەجلیسی سنای ئامریکا ڕایگەیاند کە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێستاش هۆکاری سەرەکی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

ناوبراو جەختی کردەوە کە ئامریکا و وڵاتانی ناوچە لە تاقیکردنەوەی مووشەکی ڕێژیمی ئێران و چاندنی مین لە ئاوەکانی کەنداو و هەروەها چالاکییە تێکدەرانە و خرابکارانەکانی خۆی لە ڕێگە سپای پاسدارانەوە نیگەرانن.

هەر لە پەیوەندی لەگەڵ تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک لە شوێنە جیاجیاکانی ئێران لە لایەن سپای پاسدارانەوە، ئامریکا و فەرانسە هەلوێستیان گرت و ڕایانگەیاند کە، ئەگەر ئاشکرا بێت کە مووشەکە تاقیکراوەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمیان هەیە، دەبێ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری پێویست لەو پێوەندییەدا بدات.

بە هۆی ئەوەیکە دووای ڕێکەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و وڵاتانی ٥+١ ئەوە بۆ جاری دووهەمە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تاقیکردنەوەی مووشەکی ئەنجام دەدات، وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاند کە، ئێمە بە وردی چاوەدێری تاقیکارییەکانی مووشەکی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دەکەین.

هاوکات وڵاتی فەرانسەش ڕایگەیاند کە، ئەکەر مووشەکە تاقیکراوەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەبێت، ئەوە کۆماری ئیسلامی بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێل کردووە.