کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: داعش چەکی شیمیایی بەکار هێناوە

20:36 - 24 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: ئامریکا ڕایگەیاندووە، گرووپی تیرۆریستیی داعش بە مەبەستی ترس و تۆقاندن لە مەیدانەکانی شەڕدا ، کەڵکی لە چەکی شیمیایی لە جۆری گازی خەردەل وەرگرتووە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، جان بێرنار بەڕێوەبەری ڕێکخراوی زانیاریی ئامریکا سیا (CIA) گوتویەتی کە دەوڵەتی ئیسلامیی داعش چەندین جار لە سووریه و عێراق چەکی شیمیایی بە کار هێناوە و ئەو گرووپە تیرۆریستیە دەتوانێت چەکی وەکوو گازی خەردەل و کلۆرینـیش بەرهەم بێنێت.

هەر لەو پێوەندییەدا، جێمز کلاپێر هاوئاهەنگکەری سرویسی زانیارییەکانی ئامریکا رۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە گرووپی دەوڵەتی ئیسلامی کەڵکی لە گازی خەردەل وەرگرتووە.

هەروەها ماوەیەک پێش ئێستاش بەرپرسێکی ئامریکایی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بڵاوی کردبووە کە داعش کەڵکی لە گازی خەردەل وەرگرتووە.

رادیو فەرانسە لەم بارەیەوە بڵاوی کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستانیش پێشتر ڕاگەیاندبوو کە داعش دژی پێشمەرگە لە ناوچەی مەخموور چەکی شیمیایی بەکار هێناوە.

لەم بارەیەوە، وەزارەتی پێشمەرگە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی، لە بەیانییەیەکدا بڵاوی کردووە کە تاقیکردنەوە و پشکنینی برینەکانی ٣٥ پێشمەرگە کە لە شەڕ و پێکدادانەکانی باشووری ڕۆژئاوی شاری هەولێر بەشداربوونە، شوێنەواری سولفۆری خەردەل لە جەستەیان دەردەکەوێ.

هەروەها، هامش دی بریتۆن کارناسێکی بریتانی لە بواری چەکە کۆمەڵکوژەکاندا، مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ ڕایگەیاندبوو کە گرووپی تیرۆریستیی داعش بەم دواییانە بەرامبەر بە پێشمەرگەکان کەڵکی لە گازی خەردەل وەرگرتووە کە٣ هەزار جار لە گازی کۆلۆر کوشندەترە.