کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا: ئێمە تاقیکاریی مووشەکی ڕێژیمی ئێران دەبەین بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان

21:00 - 22 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: نوێنەری ئامریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە، ئامریکا پرسی تاقکاریی مووشەکی بالستیکی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرا دەبا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش و داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکا کە بۆ بەرەوڕوبوونەوەی چالاکییە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی هاوکاری یەکتر بکەن.

سامانتا پاوێر ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، سەرەڕای ئەوەیکە تاقیکاریی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران بە کردەوەیەکی مەترسیدار وەسف کرد ڕایگەیاند کە، ئێمە ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەشەمە، ڕاستەوخۆ ئەو پرسە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان باس دەکەین.

پاوێر جەختی کردەوە کە تاقیکردنەوەی مووشەکی لە لایەن سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە ئەوە دەسەلمێنێت کە دەبێ ئێمە لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان لە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی، هەوڵی بێ هێزکردن و لاوازکردنی توانای مووشەکی ڕێژیمی ئێران بدەین.

هەر لەو پەیوەندییەدا و ڕۆژێک دوای تاقیکردنەوەی مووشەکی بالستیک، جێگری وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران عەباس عێڕاقچی ڕایگەیاند کە، توانایی مووشەکی ئێران و تاقیکردنەوەی ئەو مووشەکانە کە لە لایەن سپای پاسدارانەوە درووست کراون، وڵاتانی ڕۆژئاوایی ناچار کرد کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دانووستان بکەن.

رۆژی ١٨ و ١٩ی ڕەشەمە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران مووشەکی بالستیکی تاقیکردەوە و هاوکات ڕایگەیاند کە، ئەو مووشەکانەی ئێمە توانایی ئەوەیان هەیە کە لە ٢٠٠ کیلۆمیتری شوێنی مەبەستی خۆیان بپێکن.

ئەو تاقیکردنەوەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران بوو بە هۆی نیگەرانی کۆمەڵگای جیهانی و لەو پێوەندییەدا هەردوو وڵاتانی ئامریکا و فەڕانسە ڕایانگەیاند کە، کۆماری ئیسلامی بەو تاقیکارییە مووشەکییە بڕیارنامەی ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی پێشێل کرد.

بڕیارنامەی ٢٢٣١ کە لە نێوان کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی ٥+١ دا واژوو کراوە باس لەوە دەکات کە، لە ڕۆژی واژووکردنی بڕیارنامەکە تا ٨ ساڵ دواتری، کۆماری ئیسلامی مافی ئەوەی نییە کە هەر چەشنە چالاکییەک لە پەیوەندی لەگەڵ مووشەکی بالستیک ئەنجام بدات کە توانایی هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمییان هەبێت.