کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگربەس لە سووریه کوژراوی زیاتری لێ‌کەوتەوە

14:42 - 16 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەس لە سووریە، ١٣٥ کەس لەو وڵاتە بە هۆی شەڕ وپێکدادان کوژران.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ڕێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤی سووریه لە لەندەن، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٥ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، بڵاوی کردەوە کە لە یەکەم حەوتووی ئاگربەس لە سووریەدا، ١٣٥ کەس کوژراون.

ئەو کوژراوانە لەو ناوچانە بوونە کە بڕیاری ئاگربەسی تێدا جێبەجێ کرابوو، بەڵام ئەو کەسانە بە هۆی بۆردومانەکانی ڕووسیه و ڕێژیمی ئەسەد و هێزە میلیشاکانی سەر بەو ڕێژیمە گیانیان لەدەست داوە.

ئۆپۆزیسیۆنی سووریه ڕایگەیاندووە کە؛ زیاتر لە ١٠٠ حاڵەت شکاندنی ئاگربەس لە لایەن ڕووسیه و ڕێژیمی ئەسەد ڕووی داوە کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئامریکایان لێ ئاگادار کردووەتەوە.

لەو پێوەندییەدا، ژان مارک ئیرۆ، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٠ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی گووتی کە؛ هێرش کراوەتە سەر ئۆپۆزیسیۆنی میانەڕەۆی ئەسەد و بۆ سەلماندنی ئەو ئیدعایەش ئێمە بەڵگەمان لەبەردەستدایە.

وڵاتی فەڕانسە داوای دانیشتنێکی بەپەلەی بۆ هێزە تایبەتییەکانی سووریە کرد، تا پرسی پێشێل‏کردنی ئاگربەس بخرێتە بەر باس و لێکۆڵینەوە.

هەروەها، سەرتیپ ئەسعەد ئەلزەعبی سەرۆکی هەیئەتی دانووستانکاری دژبەرانی ئەسەد باسی لەوە کردبوو کە ئاگربەست پێش ئەوەیکە جێبەجێ بێت، پێشێل کراوە و هێرش کراوەتە سەر دژبەرانی ڕێژیمی ئەسەد.

ڕۆژی دووشەممە ڕێكەوتی ٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٤ی هەتاوی، هەردوو وڵاتی ئەمریكا و ڕووسیە لەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە ڕۆژی ٨ی ڕەشەمە لە سووریە ڕێككەوتن و بەپێی ڕێکكەوتنەكەش، ئاگربەست هەردوو گرووپی تیرۆریستی داعش و جەبهەتولنوسرە ناگرێتەوە و هەموو لایەنەكان لە لێدانی ئەو دوو گرووپە بەردەوام دەبن.
ئەو ئاگربەستە دواتر لە لایەن ڕێژیمی ئەسەد و ڕووسیهوە پێشێل کرا.