کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و لێڕەوارەکانی مەریوان بەردەوامە

22:50 - 14 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: دارستانی دەوروبەری پاسگای نیزامیی کازمی لە مەریوان، هەتا ئێستا چەندین جار ئاگری تێبەر دراوە، بەڵام بەهۆی چڕوپڕی، ئەو دارستانە هێشتا زیندووە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە درێژایی دوێنێ شەو رێکەوتی ١٣ی گەلاوێژی ١٣٩٢ی هەتاوی، دارستان و لێڕەوارەکانی دەوروبەری \'\'بنکەی چەک و تەقەمەنیی سپای پاسداران بەناوی کازمی\'\' لە شاری مەریوان لەنێو ئاگردا سووتان.

شایەتحاڵیکی ئاگر کەوتنەوەکە لەو پێوەندییەدا بە ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: \'\'هەڵکردنی با هەر لەسەرەتای شەوەوە، دەرفەتی بۆ هێزەکانی جێگیر لە پاسگای چەک و تەقەمەنیی سپای پاسداران رەخساند و ئاگریان لە پووش و لێڕەوارەکان بەردا و بەهۆی زۆریی رێژەی باوە ئاگرەکە تەشەنەی سەند و لە ئەنجامدا باخ و باخاتی خەڵکیشی لەو دەوروبەردا گرتەوە\'\'.

ئاگرەکە هەتا درەنگانی شەو بەردەوام بوو و هیچ لایەنێکی پێوەندیداری رێژیم هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان نەدا.

ئەو دارستانەی دەوروبەری ئەو پاسگا نیزامییە، ئەمساڵ ئەمە چەندمین جارە ئاگر دەگرێت.

پێشتریش ئاگر، دوو گوندی \'\'بەیەڵە\'\' و \'\'ترخان ئاوا\'\'ی لە ناوچەی مەریوان گرتبووەوە کە بەهەوڵ و هیمەتی خەڵکی دڵسۆز و ژینگەپارێزی کوردستان کۆنترۆڵ کرا، بەڵام ئەمجارە بەهۆی ئەوەی کە شەو بووە و لە نزیک پاسگای نیزامیدا بووە، کونترۆڵ کردنی ئەستەم بووە و هەتا درەنگانی شەو ئاگرەکە بەردەوام بووە.