کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارمتەی چالاکێکی سیاسی لە روانسەر لەلایەن دەزگای قەزایی‌یەوە زەوت کرا

22:56 - 18 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: دەزگای قەزایی رێژیم لە شاری روانسەر دەستی بە سەر بارمتە (وەسیقە)ی چالاکێکی سیاسی و خوێندکاریی کورددا گرت.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، عادڵ مورادی چالاکی سیاسی و خوێندکاری، لە رێکەوتی ٢١/٨/١٣٩٢ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری روانسەرەوە لە گەڵ چەند هاوڕێیەکی دیکەی بە تۆمەتی چالاکیی سیاسی و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری رێژیمدا دەسبەسەر کرا.
ناوبراو بۆ ماوەیەک لە زیندانی ئەمنییەتی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان راگیرا و دواتر بە بڕیاری لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری روانسەر بە بارمتەی ٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.
ئەم چالاکە دواتر لە ژێر زەخت و گوشاری رێژیمدا بە ناچاری وڵاتی بەجێ هێشت و ئێستا لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێیە.
عادڵ مورادی لەو پێوەندییەدا بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: لەم ماوەیەدا رێژیم گوشارێکی زۆری بۆ بنەماڵەکەم هێناوە و تەنانەت دایکیشم کە تەمەنی ٧٠ ساڵە و بە ساڵاچووە، چەندین جار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کراوە و داوایان لێ کردوون کە گوشارم بۆ بهێنن بگەڕێمەوە ئێران، بەڵام بەهۆی سەر نەکەوتنی ئەو هەوڵانەی رێژیم، دەزگای قەزایی شاری روانسەر وەکوو تۆڵەکردنەوەیەک، ئەو بڕە پارەیان کە وەکوو بارمتە بۆ ئازادیی من دیاری کرابوو، پاش زەخت و گوشارێکی زۆر ئەو ٥٠ میلۆن تمەنەیان زەوت کردووە\'\'.