کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی تەندروستیی سدیق كەبوودوەند لە گرتووخانەی ئێڤین نالەبارە

19:44 - 16 رەشەمه 2715

كوردستان میدیا: بارودۆخی تەندروستیی موحەممەد سدیق كەبوودوەند، ڕۆژنامەوان و چالاكی بەندكراوی مافی مرۆڤ لە بەندی ٣٥٠ی گرتووخانەی ئێڤین نالەبارە. بەرپرسانیش سەرەڕای نەبوونی پێداویستیی دەرمانییەكان لەو گرتووخانەیەدا، ڕیگا نادەن ناوبراو بنێردرێت بۆ نەخۆشخانە.

یەكێك لە كەسوكاری ئەو بەندكراوە كوردە لە وتووێژێكدا لەگەڵ هەواڵدەریی هێرانا ڕایگەیاندووە: كەبوودوەند سەرەڕای نەخۆشیی گورچیلە و نە خۆشییەكانی كۆئەندامی هەرسكردن (گوارش) و پەستانی خوێن و هەروەها ٢ جار وەستانی دڵ لە زینداندا، لەگەڵ دژایەتیی توندی دادستان بەرانبەر بە داخوازی ناردنی بۆ نەخۆشخانە بەرەوڕوو بووە.

ئەو ڕۆژنامەوان و چالاكەی مافی مرۆڤ كە بە هۆی چالاكییەكانی لە بواری مافەكانی مرۆڤدا هەنووكە زیندانییە، لە ماوەی ٩ ساڵ و ١٠ مانگ بەندكرانی خۆیدا تەنیا جارێك و ئەوەش پاش مانگرتنێكی درێژماوە لە خواردن، مەرەخەسیی پێ درا و بێجگە لەوە هیچ مەرەخسییەك یان ئیمكانێكی دیكەی بۆ هاتنەدەر لە زیندان پێ نەدرا.

شایانی باسە، موحەممەد سدیق كەبوووەند دامەزرێنەری ڕێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان كە هەنووكە نۆیەمین ساڵی بەندكرانی خۆی لە بەندی ٣٥٠ی گرتووخانەی ئێڤین تێپەڕ دەكات، لە ڕێكەوتی ١٠ی پووشپەڕی ١٣٨٦دا دەستبەسەر كرا و پاش دادگایی كردن بە گشتی حوكمی ١٠ ساڵ و نیو زیندانی بە سەردا سەپێنرا.

ناوبراو كە ساڵی ٢٠١١ یەكێك لە كاندیدەكان بۆ بردنەوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل بوو، لەو ماوەیەدا لە نێو گرتووخانە تووشی هەوكردنی گورچیلە، دابەزینی لە ڕادەبەدەری شەكرەی خوێن و لاوازییەكی جەستەیی زۆر بووە.