کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بارودۆخی شەقام و کۆڵانەکانی شاری مەریوان نالەبارە

16:23 - 30 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: بارودۆخی زۆربەی کۆڵان و شەقامەکانی شاری مەریوان نالەبارە و بەرپرسانی پێوەندیداری رێژیمی ئێران لەو شارەدا بەنیسبەت ئاوەدان کردنەوە و نۆژەنکردنەوەیان کەمتەرخەمن.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەم چەند ساڵەی رابردوودا زۆربەی کۆڵان و شەقامەکانی مەریوان تێکڕووخاون و لە بارودۆخێکی نالەبار دان و پێویستییان بە نۆژەنکردنەوەیە.
کۆڵان و فەزای سەوزی گەڕەکی \'\'دارسەیران\'\' لە شاری مەریوان لە دۆخێکی نالەباردایە و هەتا ئێستا هیچ چەشنە بەدواداچوونێک لەلایەن شارەوانیی ئەو شارەوە بۆی ئەنجام نەدراوە.

6786.jpg


بەپێی هەواڵی گەیشتوو لە شاری مەریوانەوە، پاش چەندین ساڵ بەدواداچوون، شارەوانیی ئەو شارە ژمارەیەک لە شەقامە خراپەکانی قیرتاو کرد، بەڵام پاش کۆتایی هاتنی ئەو قیرتاوە کەبە شێوەیەکی ناستاندارد کرابوو، تەپۆڵکە خاکەکان کە بۆ پێشگیری لە هاتوچۆی ماشینەکان داڕژابوو، هەروا ماوەتەوە و دیمەنێکی ناشیرینی بە سیمای شاری مەریوان بەخشیوە.

6787.jpg


هاووڵاتییەکی مەریوانی لە پێوەندی لەگەڵ چالاکییەکانی ئیدارەی ئاوەدان کردنەوە و خزمەتگوزاریی مەریوان بە ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: ئێمە رۆژانە بۆ کاروباری پێوەندیدار بە ئاوەدان کردنەوە، سەردانی ئەو ئیدارەیە دەکەین، بەڵام هیچ فەرمانبەرێک بۆ پێڕاگەیشتن بە کارەکانمان بوونی نییە و بە شوێن کاروباری تاکەکەسیی خۆیاندا شوێنی کارەکەیان بەجێ هێشتووە.