کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات کۆچی‌دوایی کرد

16:57 - 13 رەزبەر 2717

کوردستان میدیا: کاک سولەیمان کەمانگەر باوکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە شاری کامیاران ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٢ لەسەر ١٣ ڕەزبەری ١٣٩٦ی هەتاوی، کاک سولەیمان کەمانگەر باوکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات لە شاری کامیاران ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

کاک سولەیمان ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، لە گوندی تفێن لەدایک بووە و لە تەمەنی ٧٢ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی لە یەکێک لەنەخۆشخانەکانی شاری کامیاران دڵی لە لێدان کەوت.

تەرمی ناوبراو لە نێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاک ئەسپێردرا.

کاک سولەیمان کەسایەتییەکی خۆشناو و نیشتمانپەروەر بوو، کە چەندین کەسی بنەماڵەکەی لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتن و ناوبراو هەمیشە شانازی بە منداڵەکانییەوە دەکرد کە لە ڕیزەکانی حیزب دان.

کوڕێکی کاک سولەیمان بە ناوی سیروان کەمانگەر پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و چەکی بەرگری لە نیشتمانی لە شان کردووە.

هەروەها کوڕ و کچێکی کاک سولەیمان بە ناوەکانی کامران و شەیدا کەمانگەر ئەندامی حیزبی دێموکراتن و لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.