کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی ڕۆحی سەوزی جەنگاوەری داڵاهۆ ماڵئاوایی لە ژیان کرد

16:03 - 9 خەزەڵوەر 2717

کوردستان میدیا: باوکی شەهیدی فەرماندە، شەهید خەلیل زارعی ناسراو بە خەلیل خەلەبان بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاک یەدوڵڵا زەر باوکی شەهید خەلیل خەلەبان لە تەمەنی ٩٥ ساڵیدا لە شاری کرماشان کۆچی دوایی کرد.

شەهید خەلیل خەلەبان، ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی، لە شاری دێرینی کرماشان چاوی بە دنیا هەڵێنا و خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندیی هەر لەو شارە تەواو کرد و بە هۆی هەست کردن بە چەوساوەیی و زوڵم و زۆری ڕێژیم لە سەر نەتەوەکەی بڕیاری دا بڕواتە زانکۆی ئەفسەری و لەو ڕێگایەوە بتوانێت نەختێک لە ئازاری نەتەوەکەی کەم بکاتەوە و دواتر بتوانێت خزمەت بە گەلەکەی بکات.

شەهیدی فەرماندە لە سەر ئەو بڕیارەی خۆی لە تاقیکاریی زانکۆی ئەفسەریدا بەشداری کرد و بە پلەیەکی بەرز لە بەشی فڕۆکەوانی لە کۆلێژی ئەفسەری لە تاران وەرگیرا و پاش چەند ساڵ ئەو بڕگەیەی لە خوێندن تەواو کرد و بوو بە فڕۆکەوانێکی کارامە و لێهاتوو.

شەهید خەلیل، بە هۆی کارامەیی و لێهاتوویی لە کاری فڕۆکەوانیی سەربازیدا پاش تەواوکردنی خوێندن لە کۆلێژی ئەفسەری لە لایەن ئەرتەشی ئێرانەوە بۆ درێژەی خوێندن و پسپۆڕی لە فڕۆکەوانیدا ڕەوانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کرا.

شەهیدی فەرماندە دوای تەواو کردنی خوێندن لە ئامریکا گەڕایەوە تاران و لە هێزی هەوایی ئەرتەشدا وەک فڕۆکەوان دامەزرا.

فەرماندەری شۆڕشگێڕ، بە هۆی هەستی شۆڕشگێرانە و خەباتکارانەی کەوتە بەر چاوەدێری دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم و بۆ شکاندنی کەسایەتی بەرزی شەهید خەلیل ڕەوانەی کوردستان کرا تا لە ڕێگەی فڕۆکە جەنگییەکانەوە ئاگر و ئاسن بە سەر خەڵک و پێشمەرگەکاندا ببارێنێت، بۆ ئەوەی کەسایەتی و ناوی لە ناو خەڵکدا خەوشدار ببێت.

فەرماندەری بوێر لە بەرانبەر ئەو سیاسەتە دژە گەلیەی ڕێژیمی ئاخوندیدا ڕاوەستا و ئامادە نەبوو پشت لە نەتەوەکەی بکات، هەر بۆیە ناچار بوو خۆی لە دەستی دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم ڕزگار بکات و خۆی بگەێنێتە ئورووپا.

دوای ڕۆیشتنی شەهید خەلیل بۆ دەرەوەی وڵات، پێوەندی بە تێکۆشەرانی دێموکرات گرت و بوو بە ئەندامی حیزبی دێموکرات و دواتر لە ڕێگای تورکیەوە خۆی بە ڕیزەکانی پێشمەرگە لە کوردستان گەیاند.

خەلەبانی شۆڕشگێڕ سەرەتا لە مەڵبەندی باکووری کوردستان مایەوە و پاشان پێوەندی بە ڕێبەری مەزن شەهید دوکتور قاسملوو گرت و ڕوو لە دوکتوری شەهید وتی: ئامادەم ڕۆڵێکی زیاتر لە بزاڤی ئازادیخوازنەی کوردستاندا بگێڕم.

شەهید خەلیل دواتر لە لایەن دفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتەوە بانگهێشت کرا و لە ‌هێزی ١١٠ی بەیان سازمان درا و بە هۆی لێهاتوویی نیزامی ئەرکی ڕێخەریی عەمەڵیاتی ئەو هێزەی پێ ئەسپێردرا.

دوای کۆنگرەی ٦ی حیزبی دێموکرات بڕیاری دا کە لە ناوچەی کرماشان چالاکی بکات، هەر لەو پێوەندییەدا بڕیار درا هێزی داڵاهۆ دروست ببێت و لە لایەن دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات ئەرکی فەرماندەی هێزی داڵاهۆ بە شەهید خەلیل خەلەبان ئەسپێردرا.

ڕێژیمی تێرۆریستی ئێران بە هۆی ئەوەیکە لە ئازایەتی و قارەمانییەتی شەهیدی فەرماندە کۆڵی دابوو، لە ڕێگای چڵکاوخۆرەکانی خۆیەوە لە سەر ڕێگای کوزەران لە پیلانی بە دیل گیرانی شەهیدی فەرماندە سەرکەوت.

دوای ئەو پیلانەی ئەهریمەنیەی ڕێژیم و شایی ڕەشی ناو دڵی چڵکاوخۆرەکانی ڕێژیم شەهید خەلیل بۆ زیندانی دیزڵئاوای کرماشان ڕاگوێزرا.

دوای ئەشکەنجە دانێکی زۆر لە لایەن جەلادەکانی ڕێژیم، ئوستوورەی دێموکرات، شەهید خەلیل خەلەبان، لە ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ١٣٦٤ی هەتاوی لە لایەن خوێنڕێژەکانی ڕێژیمەوە ئێعدام کرا و تێکەڵ بە کاراونی شەهیدان بوو و لە گوندی کانی چەرمگ بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری کاک یەدوڵڵا دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.