کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بناری شاهۆ ئاگری تێ بەر درا

15:46 - 14 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: ئاگرکەوتنەوەیەک لە بناری چیای شاهۆ لە پارێزگای کرماشان رووی دا کە بە هەوڵی هاووڵاتییان کۆنترۆڵ کرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، دارستانە و لێڕەوارەکانی بناری شاهۆ لە نزیک شارۆچکەی \'\'مەنسوور ئاقایی\'\' لە بەخشی شاهۆ، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٣ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، لەلایەن کەس یان کەسانێکی نەناسراوەوە ئاگریان تێ بەردرا.

بەپێی ئەم راپۆرتە بەشێکی زۆر لە سروشت و ژینگەی بناری شاهۆ بەهۆی ئەو ئاگرەوە سووتاوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: هێز و دەست و پێوەندییەکانی سپای پاسداران ئاگریان لەو دارستان و لێڕەوارانە بەر داوە و هیچ ناوەندێکی فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە هەوڵی کوژاندنەوەی ئەو ئاگرەیان نەداوە.

ئەو سەرچاوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ وتیشی: خەڵک دەوروبەری ئەو ناوچەیە بە شێوەیەکی خۆڕسک بەرەو پیری ژینگەی کوردستانەوە چوون و بە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر، توانییان پێش بە تەشەنەی زیاتری ئاگرەکە بگرن.