کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنیاتی درۆ و گوتاری شەقام!

22:56 - 25 بانەمەڕ 2722

شەماڵ تەرغیبی

"بترسید از آن روزی کە این مردم بفهمند در باطن ذات شما چیست؟ و یک انفجار حاصل بشود. از اون روز بترسید کە ممکن است یکی از ایام‌اللە خدای نخواستە باز پیدا بشد و اون روز دیگر قضیە این نیست کە برگردیم بە ٢٢ بهمن، قضیە این است کە فاتحە همە مارا میخوانند."

ئەمە چەند قسەیەکی خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئیرانە کە هەر لە سەرەتاکانی بەدەستەوەگرتنی دەسەڵات و خۆفەرزکردنی بەسەر خەڵکانی نیشتەجێ لە جوغڕافیای ئێران ڕوو لە کاربەدەستانی حکومەتی کردی و دەری دەخات کە خۆیشی دەیزانی، بنیاتی ڕێژیمێک کە بە درۆ و دەلەسە و فرتوفێڵ دابنرێ، دواجار ناگاتە مەنزڵ و دەڕوخێ بەسەریدا. ئەگەرچی لەو کاتوساتەدا کە شۆڕش تازە بە ئەنجام گەیشتبوو و خەڵک وەک ئێستە لە چییەتی و نێوەڕۆکی ڕێژیمە تازە ئیسلامییەکەی نەگەیشتبوون، بەڕێوەبردنی دەسەڵات بەشێوازی سەدەنێوەڕاستی و بە دەمامکی ئیسلامەوە تا ڕادەیەک ئاسایی دەهاتە بەر چاو بەڵام ڕۆژ لەدوای ڕۆژ و لەگەڵ هەرجارەو دەرکەوتنی درۆیەک و فێڵوتەڵەکەیەکی نوێی کاربەدەستان، خەڵکیش زیاتر نێوەڕۆکەکەیان بۆ دەرکەوت و زیاتر لێی دوور کەوتنەوە و کەلێن بەهۆی دووچاوگی و هەڵاواردنە جۆربەجۆرە سیستماتیکەکان لە نێوانیاندا درووست بوو.

ئەگەر لەو سەردەمەدا جیابیر و دژبەرانی ئەم ڕێژیمە و جیهانبینییەکانی تەنیا کۆمەڵێک نوخبە و ڕووناکبیر و کەسانێکی سیاسیی دەروەست بوون، ئەوا ئێستە هیچ توێژێک نابیندرێ کە خۆی لە بەرەی دژ بە جەماران نەبینێتەوە و دژی تێڕوانینە نامرۆڤانەکانی تاران نەوەستێتەوە، ئەگەر تەنانەت لە ناخی خۆیشیدا بێت!

لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەم پرسە زیاتر لە هەر کاتێکی تر خۆی دەرخست؛ کاتێک کە حکومەت بێ لەبەرچاوگرتن و گرینگیدان بە باری مەعیشەتی و بژێوی ژیانی خەڵک دەستی کرد بە گرانکردنی سەرەتاییترین و لە هەمان کاتدا ئەساسیترین پێداویستییەکانی ژیانی خەڵک لەوانەش نان و ڕۆن و برینج.

هۆکاری ئەوەیکە دەوترێ کەلێنی نێوان خەڵک و حکومەت زیاتر لە هەر کاتێکی دیکەیە و لە ئێستەدا خەڵک تا سەر ئێسقان دژ بە تەواوییەتی کۆماری ئیسلامین دەگەڕێتەوە بۆ ئەو دروشمانەی کە لە شەقامدا دەوترێت و دەبیسترێ؛ ئەگەر لە خۆپیشاندان و ڕێپێوان و مانگرتنەکانی پێشووتردا دروشمەکان زیاتر لە ئاستی داواکاری سینفی یان ڕوو لە بەشێکی دیاریکراوی دەسەڵات بوو، ئەوا لەم ناڕەزایەتی دەربڕینانەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕووی قسەی خەڵک و دروشمەکانیان تەواویەتی کۆماری ئیسلامی لەخۆ گرتووە و تێیدا دژ بە خامنەیی، خومەینی و کۆماری ئیسلامی دروشم دەدرێ و بنیاتە درۆیینەکانیان ئاگر دەدرێ! کە ڕەنگە نموونەی هاوشێوەی، جیا لە کوردستان، تەنیا لە بەفرانباری ٩٦ و خەزەڵوەری ٩٨دا ببیندرێت کە ئەودەمیش خامنەیی و دارودەستەکەی کرانە ئامانج.

بەڵام بۆ دەڵێین جیا لە کوردستان؟ زۆر جاران لە ڕابردووشدا بیستوومانە کە دەوترێ کوردستان سەنگەری ئازادیخوازی ئێرانە. پڕئاشکرایە کە کوردستان بەهۆی ئەو بەگراوەندە مێژوویی و سیاسییە کە هەیەتی هەموو کات جیاواز بووە لە سەرانسەری ئێران؛ ئەو سەردەمەی کە خەڵکانی ئێران وێنەی خومەینییان لە مانگدا دەبینی و لەبەیکیان بە کوشتارەکانی سەرەتای شۆڕش دەوت و پۆل‌پۆل بەسیج دەبوون تا بێن و خەڵکی کوردستان تاڵان بکەن، ئەوە خەڵکی کورد بوو کە دژی دەوەستایەوە و ئاسایشی سیاسی لە خاکەکەی خۆیدا دابین دەکرد کە کەمەجیابیرە فارس و عەرەب و تورک و بەلوچەکان بتوانن دژ بە تاران بوەستن و دەنگ هەڵبڕن! ئەو دەمەی کە کورد "نا"ی بە کۆماری ئیسلامی دەوت، خەڵکی باقی شوێنەکانی ئێران دەکەوتنە بازنەی خەیاڵ و خەونێک کە خومەینی و دارودەستەکەی بۆیانیان وێنا کردبوو؛ کەواتە کوردستان جیاواز بووە و هەیە لەو هاوکێشەی کە ئەمڕۆکە لە ئێراندا دەبیندرێ.

بەگشتی ئەوەیکە لێرەدا دەبێ هەمووان وەک کەتواریکی سیاسی – کۆمەڵایەتی پێی پێمل بن ئەوەیە کە تاقەڕێگا و کاناڵ بۆ دەربازبوون لە نەهامەتییەکانی زاڵ و تەنیا ڕێڕەوی گەیشتن بە بەختەوەری، بێ ئەوەیکە وێنەی کەسێک لە مانگدا ببیندرێت، گوتاری شەقامە! گوتاری شەقام بەو واتایە کە تەنیا خەڵک خۆیانن کە دەبێ و دەتوانن ڕێژیم لە گشتییەتی خۆیدا لەنێو ببەن و بڕیار بۆ دامەزران و هێنانەسەر کاری سیستمێک بدەن کە مافەکانیانی دەستەبەر کردبێ؛ گوتاری شەقام بەو واتایە کە نوسخەیەک نییە لە دەرەوەی جەغزی ژیانی ئەوان پێچرابێتەوە بەڵكوو نوسخەیەکە کە لە ناخی کۆمەڵگا و بۆ کۆمەڵگا، لە ناخی خەڵک و بۆ داهاتووی خەڵک سەری هەڵداوە و هەڵقوڵیوە؛ کەواتە با هەمووان بە هەر بیروباوەڕ و ئایدیایەکەوە کە هەین لە بەرەی دژایەتی کۆماری ئیسلامیدا جێ بگرین کە تاقەڕێگای دەربازبوونمانە.