ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خاکەلێوە، وێبینارێک بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لەلایەن کۆمیتەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتەکانی فەرانسە، ئاڵمان، بێلژیک و هولەند لە پلاتفۆڕمی زووم بۆ کەریم پەرویزی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دێموکرات بەڕێوە چوو.
سەرەتای وێبینارەکە بە بەخێرهاتنی ئامادەبوان و سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد و دواتر ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان ڕاگیرا.
کامیل ئازەریوون پێشکەشکاری بەرنامەکە وێرای بەخێرهاتنی کەریم پەرویزی، داوای لێ کرد کە باسەکەی لەسەر ١٠ی خاکەلێوە، پێشکەش بکات.
کەریم پەرویزی یادی شەهیدانی ئەم دواییەی کوردستانی لە دەڕەشار و مەڵەکشاهییەوە تا و ئەو تێکۆشەرانەی لە سەنگەری خەباتدا شەهید بوون بەرز نرخاند.
ناوبراو لە دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر دۆخی سەردەمی کۆماری کوردستان و وتی: "لەو هەلومەرجە هەستیارەی ئەو کاتەدا، پێشەوای نەمر ڕێبەرایەتیی حیزبێکی دەکرد کە توانی بە باشترین شێوە سوود لە دەرفەتەکان وەربگرێت و مێژوویەکی نوێ بۆ نەتەوەکەمان بنووسێتەوە.''
پەرویزی هەر لە درێژەی باسەکەیدا، ئاماژەی بەوە کرد کە زۆر جار خەسارناسی بۆ کۆماری کوردستان دەکرێت، بەڵام جەختی کردەوە کە هیچ نەتەوەیەک لە جیهاندا بە بێ پێدانی تێچوو ناگاتە مافەکانی؛ وەک ڕێبەری نەمر دوکتور قاسملوو دەڵێت: ''گەلێک ئازادی بوێت، دەبێت نرخی ئەو ئازادییەش بدات."
پەرویزی جەختی کردەوە کە سنوورەکانی نیشتمان لە کوردستان بە خوێنی شەهیدان دیاری کراون و لە هەر شوێنێک تێکۆشەرێک گیانی بەخشیبێت، سنووری ئێمە لەوێدایە؛ ناوبراو لە کۆتاییشدا باسێکی لەسەر دۆخی ئێستای حیزب و ناوچەکە کرد.
لەکۆتاییدا چەند سەرنج و پرسیارێک لەلایەن بەشداربووانەوە پێشکەش کران و کەریم پەرویزی وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و دواتر کۆتایی بە وێبینارەکە هات.