کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی یادی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لە کۆپێنهاگ

22:23 - 9 خاکەلێوه 2726

ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خاکەلێوە، لە شاری کۆپێنهاگی پێتەختی وڵاتی دانمارک، یادی ١٠ی خاکەلێوە ڕۆژی شەهیدانی کوردستان لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی "شیلەند" بەرز نرخێندرا.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە لەلایەن کاک "ئومێد حەسەنزادە" بە سروودی نەتەوەیی "ئەی شەهیدان" و چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد. هەروەها مەبەست لەم یادکردنەوەی بۆ بەشدارانی یادی ١٠ی خاکەلێوە هێنایە بەر باس و بە ناوی کۆمیتەی گشتیی حیزبەوە سپاسی ئامادەبووانی کرد.

بڕگەکانی تری یادەکە بەم شێوەیە بوون:

پەیامی ناوەندی کۆمەڵایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٧٩یەمین ساڵەی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد، لە لایەن ئەحمەد ڕەحمانی پێشکەش کرا.

پاشان پەخشانێک لەلایەن خاتوو چرۆ پاریاد پێشکەش کرا و دایە خەیاڵ قادری هاوژینی کاک نەبی قادری ئەندامی کۆچکردووی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

 هەر لەم بڕگەیەدا، کاک ڕەشید قازی باسی لە تایبەتمەندییە دیار و بەرچاوەکانی کاک نەبی قادری کرد.

هەروەها لەسەر گڵکۆی عەلی حەسەنیانی (هاوار) شاعیری پێشەنگ و ڕەچەشکێنی ئەدەبی نوێی کوردی، لەلایەن ئەحمەد ڕەحمانییەوە باسێک لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی پێشکەش کرا.

 کاک "فەرهاد عەبدوڵڵازادە"ش باسی لە ورەی شۆڕشگێڕی و هەستی نیشتمانپەروەریی ڕەوانشاد خوسرەو موزەفەری کرد.

شایانی باسە لەم یادەدا، لە لایەن ئەندامان و دۆستانی بەئەمەگی حیزبەوە، سەردانی گڵکۆی چەند هاوڕێیەکی کۆچکردووی حیزب لە دوورگەی "شیلەند" کرا.

 لە بەشی کۆتاییدا، ئەحمەد ڕەحمانی وەک ئەندامی کۆمیتەی گشتی، بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی دانمارک، دووبارە سپاسی بەشداربووانی یادی ١٠ی خاکەلێوەی کرد.