ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٤٠٥، بۆ بەرزڕاگرتنی یادی ١٠ی خاکەلێوە، ڕۆژی شەهیدانی کوردستان، وێبینارێک لەلایەن کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە فینلەند، دانمارک، سویس، ئۆتریش، ڕۆژاوا و ڕۆژهەڵاتی کانادا، یونان و بریتانیا بە بەشداریی مامۆستا حەسەن واژی، کادری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڕێوە چوو.
وێبینار بە سروودی نەتەوایەتیی" ئەی ڕەقیب" و راگراتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕوحی شەهیدانی کورد و کوردستان لەلایەن خاتوو چیمەن بارام میرزاوە دەستی پێکرد و پاشان کاک سەید ئەحمەد حوسێنی بەخێرهاتنی بەشداربووانی کرد.
لە بڕگەی دیکەی وێبینارەکەدا، مامۆستا حەسەن واژی باسەکی لە ژێر ناوی"١٠ی خاکەلێوە تێچووی خەبات و دەستکەوتەکانی" پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
مامۆستا حەسەن واژی، کادری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ئاماژە بە دۆخی دامەزران و ئەزموونی کۆماری کوردستان، کەسایەتی و ڕۆڵی پێشەوای شەهید و هاوڕێیانی لە دامەزرانی کۆمارەوە هەتا گیانفیداییان لە پێناو مانەوەی گەلی کورددا بەرز نرخاند.
مامۆستا حەسەن واژی لە بەشێکی دیکە لە باسەکەیدا تیشکی خستە سەر مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلان و بە یەکەوەگرێدانی بارودۆخی کوردستان لە کاتی دامەزرانی کۆمار و ئەمڕۆدا هێنایە بەر باس کە ئاراستەی گۆڕانکارییەکانی نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانی ئێستا بەوەرو ئاراستەیەکدا دەڕوات و هیوا دەدا بە نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان خەریکە دەبێتە خاوەنی ئەزموون و ئیرادەیەکی نوێ لە خەبات و تێکۆشانی دا.
شایانی باسە کە لەو وێبینارەدا وێڕای ئەندامانی حیزب، نوێنەری پارتی سۆسیالیستی کوردستان - باکوور(PSK) و ژمارەیەک کەسایەتی کوردیش بەشدار بوون.