کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی دوو زیندانیی سیاسیی مەحكووم بە ئیعدام، نامەیەكیان بۆ ئەحمەد شەهید نارد

18:20 - 21 گەلاوێژ 2713

كوردستان میدیا: بنەماڵەی برایانی ئەفشاری لە نامەیەكدا كە بۆ ئەحمەد شەهیدیان ناردووە، داوایان كردووە، كە پێویستە رێكخراوە جیهانییەكان نەهڵێن رۆڵەكانمان بە نەخۆشی گیانیان لەدەست بدەن.
عەلی ئەفشاری و حەبیبوڵڵا ئەفشاری بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبێكی ئوپۆزیسیۆنی دژبەری رێژیمی ئێران بە ئیعدام مەحكووم كراون و حوكمی ئیعدامەكەشیان رێكەوتی ١١‌ی گەلاوێژ بە خۆیان و بنەماڵەكانیان راگەیەنراوە و لەو پێوەندییەدا بنەماڵەی ئەفشارییەكان نامەیەكیان بۆ ئەحمەد شەهید ناردووە.
دەقی نامەكە بەم چەشنەیە:
بەڕێز ئەحمەد شەهید، رێپورتێری تایبەتی مافی مرۆڤ لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان
هەر وەكوو بۆ خۆتان ئاگادارن ماوەی سێ‌ ساڵە دوو كەس لە ئەندامانی بنەماڵەكەمان بە هۆیەكی ناڕوون و نایاسایی و بێ‌ ئەوەی تاوانێكیان ئەنجام دابێت لەلایەن دەزگا قەزاییەكانی ئێرانەوە لە دادگایەكی چەند خولەكیدا، بە تۆمەتی لایەنگری لە حیزبێكی كوردی كە ماوەی چەندین ساڵە خەباتی چەكداریی وەلا ناوە و لە چوارچێوەی تەشكیلاتی و فەرهەنگیدا خەبات دەكات، بە محاربە مەحكووم كراون و حوكمی ئیعدامیان بەسەردا سەپاوە.
لە دوایین پێوەندیی تەلەفوونیدا ئاگادار كراینەوە كە عەلی ئەفشاری تووشی عفونت بووە و ئەو هەو كردنە بەشێك لە ئەندامانی جەستەی گرتۆتەوە و توانای جووڵەی نەماوە و لێپرسراوانی زیندان لەگەڵ چارەسەریی پزیشكی لە دەرەوەی زیندان دژایەتیان كردووە و هەر دوو براكە لە ناو زینداندا لە بینینی یەكتر بێبەری كراون.
ئێمە وەكوو بنەماڵەی ئەو دوو زیندانییە، داوا لە ئێوە و سەرجەم ناوەند نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دەكەین، وێڕای بەرگری لە سەرەتایی‌ترین مافی ئەفشارییەكان، داوا لە بەرپرسانی زیندان و ناوەندە ئەمنیەتییەكان بكەن كە هەر چی خێراتر لە راگواستنی عەلی ئەفشاری بۆ نەخۆشخانە رەزامەندی دەرببڕن و هەروەها داوا لە دەزگا قەزایی‌یەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بكەن ئەو دوو زیندانییە لە دادگایەكی دادپەروەرانەدا رەوتی پێداچوونەوە بە دۆسیەكانیان بەڕێوە بچێت، هەتا بێ‌ تاوانیان بۆ ناوەندە ئەمنیەتییەكانی رێژیمی ئێران دەربكەوێت.
بەڕێز ئەحمەد شەهید
ئێمە خوازیاری ئەوەین كە ئێوە هەر چی خێراتر ئەو داوایە بە بەرپرسانی ئێران رابگەیەنن، چونكە گیانی ئەو دوو زیندانییە لە مەترسی دایە. بەرگری و پشتیوانیی ئێوە و كۆمەڵگەی جیهانی لەو دۆخە هەستیارەدا دەتوانێ پێش بە رووداو و كارەساتێكی مرۆیی بگرێت.
بنەماڵەی دوو زیندانیی سیاسیی مەحكووم بە ئێعدام

گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی