کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەیەكی سەقزی لەئەنجامی گوشاری هێزە ئەمنیەتییەكان، زێدی خۆیان بەجێ هێشت

17:00 - 25 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: بنەماڵەی حامید بەراتی چالاكی سیاسیی كورد لەئەنجامی زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەكان بەناچاری روویان لەدەرەوەی ئێران كرد.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، هاوسەر و دوو منداڵی حامید بەراتی چالاكی سیاسیی و موهەندیسی بیناسازی، بە هۆی گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەكان شاری سەقزییان بەجێهێشت.
حامید بەراتی وێڕای پشت راست كردنەوەی ئەو هەواڵە لەلێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی كوردستان میدیا وتی: لە دوای بەجێ‌هێشتنی وڵات لەلایەن خۆمەوە، هێزە ئەمنیەتییەكان بە بەردەوامی گوشارییان خستبووە سەر بنەماڵەكەم و هەڕەشەیان لەسەر بوو.

حامید بەراتی مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانی شاری سەقزەوە بۆ ماوەی بیست رۆژ دەسبەسەر كرا و دواتر بە دانانی وەسیقەی ٥٠ میلیۆن تمەنی ئازاد كرا و ماوەی چەند مانگ لەمەوبەریش زێدی خۆی بەجێ‌هێشت.

ئەو چالاكە سیاسییە لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری سەقزەوە بێ‌ئامادە بوونی خۆی بە تۆمەتی هاوكاری لەگەڵ ئۆپوزیسیۆنی رێژیمی ئێران بە ٤ ساڵ زیندانیی تەعزیری و بە تۆمەتی پڕوپاگەندە بەدژی نیزام بە ١ ساڵ زیندان حوكم درا.
ئەو حوكمە مانگی رەشەممەی ١٣٩١لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی رێژیمی ئێران تەئید كرایەوە.